وەرە ژوورەوە / خۆت تۆمار بکە

وەک میوان بابەت دابنێ

ئیمەیلەکەت بە کەس پیشان نادرێت
کۆمێنتەکەت بەناوی خۆت بڵاوبکەوە

وەکو میوان کۆمێنت دابنێ

ئیمەیلەکەت بە کەس پیشان نادرێت
کۆمێنتەکەت بەناوی خۆت بڵاوبکەوە

چوونە ژوورەوە

یان وەکو بەکارهێنەر پەیوەندیمان پێوە بکە
 

ئیمەیل

 

كوردى | Kurdî | English | Türkçe | عربي
Rudaw

هەڤپەیڤین

ئارمین لاشێت: كورد لە زۆر خەڵكی دیكە زووتر خۆیان لەگەڵ ژیانی ئەڵمانیا دەگونجێنن

لەلایەن ئاڵا شاڵی 27/12/2018
ئارمین لاشێت، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی نۆردراین ڤێستفاڵن بۆ (رووداو): مافی پەنابەری بۆ ئەو كەسانە نییە كە بۆ ژیانێكی خۆشتر دێنە ئەڵمانیا

سەرۆكی گەورەترین هەرێمی ئەڵمانیایە كە هەرێمی نۆردراین  ڤێستفاڵنە. ئارمین لاشێت لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ (رووداو) باسی پرسی كۆچبەران لە هەرێمەكەی دەكات و دەڵێت ئەو كوردانەی رۆژئاوای كوردستان كە ناوچەكانیان لەلایەن توركیاوە داگیركراوە وەكو عەفرین، یان لەژێر هەڕەشەی داگیركاریی توركیادایە، چانسی وەرگرتنی مافی پەنابەرییان زیاترە. هەروەها دەڵێت ئەو كۆچبەرە كوردانەی روویان لە هەرێمەكەی ئەوان كردووە، زۆر زوو فێری زمانی ئەڵمانی دەبن و رێز لەو ئازادییەش دەگرن كە لەوێ‌ هەیە. جگە لەوەش ئاسانتر لە كۆچبەری وڵاتانی دیكە خۆیان لەگەڵ كۆمەڵگەی ئەڵمانی دەگونجێنن.


رووداو - دوسڵدۆرف

 
رووداو: لە هەرێمی نۆردراین  ڤێستفاڵنەوە دەستپێدەكەین كە بە بەهێزترین هەرێمی ئەڵمانیا ناودەبرێت. ئێوە ‌گەشەی ئابووری و ئاستی بژێویی خەڵكی هەرێمەكەتان چۆن پێناسە دەكەن؟ 

ئارمین لاشێت: ‌لەوەتە‌ی ئەڵمانیای فیدراڵ دامەزراوە، هەرێمی نۆردراین  ڤێستفاڵن بزوێنەری‌‌‌ گەشەی ئابووریی ئەڵمانیا بووە. پیشەسازیی ئاسن و كانی خەڵووز لێرە بوون.‌ ئێستا ئەم هەرێمە لە گۆڕانكارییەكی گەورەدایە. دوایین كانی خەڵووز ‌‌لێرە داخرا‌. بەمەش مێژووی زیاد لە دوو سەت ساڵی پیشەسازی كۆتایی دێت. ئەم ساتە زۆر خەمهێنەرە، بەڵام لە هەمانكاتدا ئێستا كاتی ئەوەیە بزانین چۆن دەتوانین لە داهاتوودا گەشە ‌بكەین و پێشبكەوین، چۆن ئابووریمان بەهێز بكەین. ئەمڕۆ پیشەسازیی ئەلەمنیۆم و ئاسنمان هەیە،‌ پیشەسازیی كیمیاییمان هەیە، هەروەها زۆربەی ئەو كۆمپانیایانەی كە پارچەی ئۆتۆمۆبێل هەناردە دەكەن بنكەكانیان لێرەیە. ئەوەی ئێستا گرنگە ئەوەیە كە لە پێشكەو‌تنی دیجیتاڵی و ستات ئەپس لە پێشی پێشەوە بین، لێرەدا چانسمان هەیە،‌ چونكە نزیكەی حەفتا زانكۆمان هەیە و باشترین تۆڕی پەیوەندییان هەیە لە هەموو ئەوروپا. لەڕ‌ێگەی ئەوانەوە دەتوانین باشترین بیرۆكە ‌و پێشكەو‌تن لەو بوارەدا بەدەستبهێنین.

رووداو: ئابووریی هەرێمی كوردستان، دوای كزبوونی شەڕی داعش رووی لە گەشە كردووەتەوە، هەندێك لە كۆمپانیا ئەڵمانییەكان دەیانەوێ لەوێ وەبەرهێنان بكەن، هەندێكیان پێش شەڕی داعش لە كوردستان كاریان كردووە، هەروەها هەندێك خەڵكی كورد لەم هەرێمەوە چوونەتەوە كوردستان بۆ كاركردن. بەگشتی پەیوەندییەكانی ئێوە لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان چۆنە؟ 

ئارمین لاشێت: راستە كە زۆر لە كۆمپانیاكانی ئەڵمانیا لە هەرێمی كوردستان وەبەرهێنانیان كرد. چونكە لەوێ باشترین هەلیان دۆزییەوە و مەرجەكان زۆر باش بوون. ئەڵمانیا هاوكاریی هەرێمی كوردستانی كرد لە شەڕی دژی داعشدا. ئێستا هەرچەندە داعش بەتەواوی لەناونەبراوە ‌و ‌تێكشكێنراوە، بەڵام ئەمە هەمووی ئازایەتیی كورد بوو كە لەو شەڕە سەختەدا دلێرانە‌‌‌ شەڕی كرد. هەر بۆیە ئێستا زۆر گرنگە لە پرۆسەی ئاوەدانكردنەوەی هەرێمی كوردستاندا ئەڵمانیا و هەرێمی نۆردراین  ڤێستفاڵن لەوێ بن.

رووداو: چۆن دەتانەوێ پەیوەندییە سیاسییەكانتان لەگەڵ هەرێمی كوردستان بەهێزتر بكەن؟  

ئارمین لاشێت: پەیوەندیی زۆرباش لەنێوان حكومەتی ئەڵمانیا و حكومەتی هەرێمی كوردستاندا هەیە. هاوكات پەیوەندییەكی باش لەنێوان هەندێك سیاسەتمەداری هەرێمەكانی ئەڵمانیا و حكومەتی هەرێمی كوردستانیشدا هەیە. هەروەها هەندێك هەل دێنەپێشەوە كە تێیاندا چاویان بەیەكدی دەكەوێ‌‌. دیداری داهاتوومان لە‌ كۆبوونەوەی كۆنفرانسی ئاسایشی میونشن دەبێت كە هەمیشە كوردستان بە شاندێك بەشداریی تێدادەكات. هەروەها لە كۆبوونەوەی یەكێتیی دیموكراتی مەسیحی لە هامبۆرگ، شاندێك لە كوردستانەوە هاتبوو. بەوشێوەیە ئەوان پیشانیدەدەن كە‌ ئارەزوویان هەیە بزانن چی لە ئەوروپا و ئەڵمانیا روودەدات. 

رووداو: بەڕێز سەرۆكوەزیران بابەتێكی زۆر تایبەت قەیرانی كۆچبەرانە. هاتنی ‌بە لێشاوی كۆچبەران، كە هەرێمی نۆردراین  ڤێستفاڵن و ئەڵمانیای گرتەوە، ئێوە چۆن دەرگاتان كردەوە بەڕووی‌ كۆچبەراندا و لەو سێ ساڵەدا چەند كۆچبەری وەك پەنابەر وەرگرتووە؟ 

ئارمین لاشێت : نۆردراین  ڤێستفاڵن بە شێوازێكی زۆر تایبەت كۆچبەری وەرگرت. زۆرترین كۆچبەر لە ئەڵمانیا هاتنە نۆردراین  ڤێستفاڵن و لێرە وەرگیران. تەنیا لەدوای ساڵی 2015 تاوەكو 2016 نزیكەی 300 هەزار كەس وەرگیران. ئەمەش گوشارێكی زۆرە بۆ هەرێمێك. ئێمە لێرە بەبێ كۆچبەرانیش كێشەی خانوومان هەیە لە شارەكاندا‌. لەگەڵ ئەوەشدا توانیمان جێگە و خزمەتگوزارییان پێشكەش بكەین. ژمارەیەكی زۆر پەنابەرمان وەرگرت. ئێستاش هەندێكیان دەیانەوێت بگەڕێنەوە وڵاتەكانیان. دەڵێن لە وڵاتەكەمان شەڕ كۆتایی هاتووە و دەمانەوێ بەشداربین لە پرۆسەی ئاوەدانكردنەوەی وڵاتەكەماندا. 

رووداو: ئەو كۆچبەرانەی هاتوون خەڵكی كام وڵاتانەن؟ 

ئارمین لاشێت: زۆرترین كۆچبەر كە روویان كردە ئەڵمانیا خەڵكی سووریا بوون. ئەوانەی وەریشگیراون زۆرترینی هەر خەڵكی سووریا بوون. هەروەها لە وڵاتانی دراوسێی سووریاوە‌ زۆر كۆچبەر هاتبوون، وەك عێراق. هەروەها بەهۆی كێشەكانی ئەو ناوچەیەوە‌ زۆر كۆچبەری ئەفغانی و وڵاتانی دیكە هاتبوون، هەرچەندە هەندێكیان ژیانیان لە مەترسیدا نەبوو. لەوێدا ئەركی ئەڵمانیا بوو بەوریایی جیایان بكاتەوە و بڵێت كێ پێویستی بە پاراستنە و كێ شایانی مافی پەنابەرییە و كێ شایان نییە. بۆ نموونە ئێزیدیەكان ژیانیان لە مەترسیدایە و كورد ژیانی لە مەترسیدایە.‌ ئەوانە هاوكارییان دەكرێت و مافی مانەوەیان هەیە، بەڵام زۆركەسیش بەهۆی چەند هۆكارێكی دیكەوە هاتبوون. ئەوانە دەبێ ئێستا دێپۆرت بكرێنەوە. 

رووداو: ئەڵمانیا بەنیازە پەنابەرانی سووریا بنێرێتەوە، دوای ئارامبوونەوەی بارودۆخی سووریا؟ 

ئارمین لاشێت: بەڵێ، من لەو باوەڕەدام ئێستا هەندێ ناوچە هەیە لە سووریا ئاسایشی تێدایە، بەڵام ئێمە ئێستا لەسەر بنەمای راپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی خۆمان‌ بڕیاردەدەین. ئەوان شیكردنەوە بۆ رەوشەكە دەكەن. وەزارەتی دەرەوە دەڵێت ئێستا كەس بۆ سووریا ناگەڕێنینەوە، تا رەوشەكە باشتر نەبێت. بەڵام ئەگەر دۆخەكە باشتر بوو و پرۆسەی ئاشتی دەستیپێكرد و هەڵبژادن بكرێت، ئەوكات دەبێ زۆربەی سوورییەكان بگەڕێنەوە.

رووداو: ستەمێكی زۆر هەیە لەسەر خەڵكی ناوچەی عەفرین لە سووریا، هەروەها ناوچەكانی حەسەكە و قامشلۆ لە سووریا كێشەیان هەیە و لەژێر هەڕەشە بەردەوامەكانی حكومەتی ئەنقەرەدان، ئایا بەرێزتان زانیاریتان هەیە و ئەوە لەبەرچاو دەگرن بۆ داواكاری مافی پەنابەری؟ 

ئارمین لاشێت: بەڵێ لەبەرچاودەگیرێت. جارێ كەس ناگەڕێنینەوە سووریا، بەڵام دەبێ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گوشار بخەنە سەر توركیا بۆ ئەوەی ئەو ناوچانەی ئێستا توركیا لە سووریا داگیری كردووە، كاتێك‌ پرۆسەی ئاشتیی سووریا دەستیپێكرد چۆڵ بكرێن. نابێ رێگە بدرێت هیچ گۆڕانكاریەك لە ناوچەكە بكرێت. دێمۆگرافیا نابێ بەهیچ شێوەیەك تێكبدرێت و ناوچەكە داگیربكرێت. سووریا دەبێ بە یەكگرتوی بمێنێتەوە و لە چوارچێوەی سوریادا كورد مافەكانیان وەرگرن، هەم لەڕووی زمانەكەیانەوە و هەم لەڕووی سیاسییەوە. 

رووداو: ژمارەیەكی زۆری كورد لە هەموو پارچەكانی كوردستان، ئەوانەی لە عێراق، ئێران، توركیا و سووریاوە هاتوون لە هەرێمەكەی ئێوەدا دەژین. ئێوە بەرنامەیەكی تایبەتتان هەیە بۆ ئەو كوردانەی لێرە سەركەوتوون. دەگوترێت كورد زووتر لە خەڵكی دیكە تێكەڵی كومەڵگەی ئەڵمانیا دەبن و بە رای ئێوە ئینتیگراسیۆنێكی سەركەوتوو چۆنە؟  

ئارمین لاشێت :ئێمە لێرە ژمارەیەكی زۆر كوردمان هەیە كە زۆر زوو فێری زمانی ئەڵمانی بوون. بەڕاستی كوردەكان خواستێكی گەورەیان هەیە خۆیان تێكەڵی كۆمەڵگەی ئەڵمانی بكەن. ئینتیگراسیۆنی سەركەوتوو مانای ئەوەیە كە ئەوانەی دێنە ئەم وڵاتە،‌ هەلی خوێندن یان فێربوونی پیشەیەك لەدەستنەدەن. خۆیان لەگەڵ بازاڕی كاردا بگونجێنن و كاربكەن. نەك بكەونە‌ ناو سیستەمی سۆسیالەوە. بەڵكو بتوانن لەڕێگەی‌ كارەوە بژێویی ژیانی خۆیان و خێزانەكەیان پەیدابكەن. زۆر چیرۆكی سەركەوتنی كوردمان هەیە لە هەرێمەكەمان. لەلای زۆربەیان شتێك بەدی دەكرێت. ئەویش ئەوەیە كە كاتێك دەگەنە ئێرە،‌ زۆر رێز لەو ئازادییە نوێیە دەگرن، بۆیە باشتر لە هەندێك گرووپی دیكە تێكەڵی كۆمەڵگەی ئەڵمانی دەبن. 

رووداو: بەڕێزتان وەك سەرۆكوەزیرانی ئەم هەرێمە بەنیازن یان دەتانەوێت پشتگیری لە كولتوور و خوێندنی كوردی بكەن؟ 

ئارمین لاشێت: بەپێی زانیاریی من ئەمە تاوەكو ئێستا نەبووەتە مژار، بەڵام ئەوە پەیوەندیی بە ژمارەی منداڵانەوە هەیە و دەتوانین لە چ ناوچەیەك دەست پێبكەین. ئەمە بە بەردەوامی یەكێكە لە بابەتەكانی گفتوگۆمان لەگەڵ رێكخراوە كوردییەكاندا. ئێستا بەداخەوە لە هەموو شوێنێك وانەی زمانی كوردی نییە و بەتەواوی جێبەجێ نەكراوە‌. 

رووداو: لە زۆربەی قوتابخانەكاندا زمانی كوردی نییە، كەچی دەگوترێت بۆ ئینتیگراسیۆنێكی سەركەوتوو، خوێندنی زمانی دایك گرنگە؟ 

ئارمین لاشێت: پرەنسیپی بنەڕەتی كە دەبێت خوێندنی زمانی دایك ‌گرنگی پێبدرێت یەكێكە لە بیرۆكە بنەڕەتییەكانی سیاسەتی ئینتیگراسیۆنی ئێمە، بەڵام زمانی كوردی تاوەكو ئێستا بەتەواوی پەرەی پێنەدراوە. 

رووداو: دەچینە سەر باسی‌ توركیا. لەو باوەڕەدان ئێستا توركیا رۆژ لە دوای رۆژ لە ئەوروپا دووردەكەوێتەوە؟ 

ئارمین لاشێت :سیاسەتی توركیا لە ساڵانی رابردوو زۆر بەرز و نزمیی بەخۆیەوە بینیوە. رەجەب تەیب ئەردۆغان كە بوو بە سەرۆكوەزیران، هەوڵیدا پەیوەندی لەگەڵ كورد باشتر بكات. زمانی كوردی رێگەی پێدرا و زۆر شت گۆڕدرا. ئەوەی مرۆڤ باوەڕی نەدەكرد، رێگەی پێدەدرا. دوای چەند ساڵێك دۆخەكە گۆڕدرا و گرژیی تێكەوت. لەدوای كودەتاكە‌ لە توركیا كە كەس تاوەكو ئێستا بەتەواوی نازانێت كێ بەرپرسە،‌ ئازادیی میدیا و رادەربڕین سنووردار كرا، مافی كەمینەكان سنووردار كرا . پەیوەندیی نێوان توركیا و ئەوروپا لەوكاتەدا زۆر خراپ بوو. بە تێروانینی من، لەم دواییەدا، بەتایبەتی لەدوای سەردانەكەی ئەردۆغان بۆ ئەڵمانیا، ئەو هەوڵدەدات دووبارە پەیوەندیی نێوان ئەڵمانیا و ئەوروپا باشتر بكات، بەڵام هیچ گۆڕانكارییەك رووینەداوە، پێویستمان بە هەنگاوی زیاتری دیموكراسییە لە توركیا. 

رووداو: رۆژ بە رۆژ كوردێكی زۆر لە توركیا هەڵدێن. ئایا سیاسەتی ئێستای حكومەتی توركیا لەگەڵ كورد، تاوەكو چەند بووەتە هۆی ئەوەی كە ژمارەیەكی زۆر كورد بۆ وەرگرتنی مافی پەنابەری رووبكەنە ئەڵمانیا؟بەڕێزتان چۆن دەڕواننە ئەو كێشەیە؟

ئارمین لاشێت: زۆر راستە،‌ ئەو كەسانەی ئێستا روو لە ئەڵمانیا و هەرێمی نۆردراین  ڤێستفاڵن دەكەن و داوای مافی پەنابەری دەكەن، ئەو كەسانەن كە كێشەی سیاسی بەهۆكاری هەڵاتنەكەیان ناودەبەن. ئەمانە ژمارەیان زیادیكردووە‌. ئەوانە زۆربەیان نووسەرن، رۆشنبیرن، رۆژنامەنووسن. لەژێر گوشارێكی زۆر گەورەدا بوون، بۆیە توركیایان بەجێهێشتووە. ئامانجی ئێمە دەبێت ئەوەبێت كە وا لە توركیا بكەین پەیڕەوی بكات لە پێدانی مافە بنەڕەتییەكانی مرۆڤ، ئەوانەی لە چوارچێوەی چارتەری مافە بنەڕەتییەكانی یەكێتیی ئەوروپا قبوڵی كردووە.

رووداو: ئەڵمانیا لە شەڕی دژی داعشدا هاوكارییەكی زۆری كوردستانی كرد. راهێنانی بە هێزەكانی پێشمەرگە كرد، هەربۆیە ژمارەیەكی زۆری كوردی ئەڵمانیا دەنگیان دا بە پارتەكەی ئێوە. چۆن پارتەكەی ئێوە دەتوانێت بەردەوام رۆڵی هەبێت لە چارەسەركردنی كێشەی كورد لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا؟ 

ئارمین لاشێت: بەڵێ پارتەكەی من ناڕاستەخۆ رۆڵی هەیە، چونكە پارتی (CDO) پەیوەندیی خۆی هەیە، بەڵام ئەوە پرسی سیاسەتی دەرەوەیە كە لە كارەكانی راوێژكاری ئەڵمانیا، خاتوو مێركلدا رەنگدەداتەوە. واتە هەركەسێك كارەكانی بەرز نرخاند، ئەوكاتە رێزیش لە سیاسەتەكەی دەگیرێت. من لەو باوەڕەدام كە دەبێ هەموو پارتەكان لە ئەڵمانیا ئەو رۆڵە گرنگەی كوردیان لەبیربێت، ئینجا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی پشتگیرییان بكەن. هیچ یارمەتیدەرنابێت تەنیا لەكاتی مەترسیدا گرنگییان پێبدرێت و تەنیا بەڵێنیان پێبدرێت، وەك ئەوكاتەی داعش پەیدابوو و گرنگیی كورد دەركەوت. كات هەیە كە دەبێ بەشێوەی كۆنكرێتی یارمەتییان بدرێت. لە شەڕی داعش‌ لێرە ناكۆكی هەبوو كە ئایا چەك بنێرین بۆ كوردستان یان نا، چونكە ئەو ناوچەیە بەپێی یاساكانی ئێمە ناوچەیەكی پڕ لە سەركێشیە. نەماندەزانی ئایا دەتوانین چەك بنێرین، بەڵام بەهۆی مەترسیی دۆخەكەوە و ئەو كۆمەڵكوژییانەوە كە داعش دەیەویست بیكات و كردیشی، ئەوكاتە ئەڵمانیا بڕیاری دا چەك بداتە كورد. ئێمە تەنیا چەكمان نارد، بەڵام لەوێ ئەو مرۆڤە‌ بەتوانا و بە جەرگانە بوون كە ژیانی خۆیان خستە مەترسییەوە و چوونە مەیدانی شەڕی دژی داعش. لێرەدا دەبێ ئەڵمانیا و ئەوروپا سوپاسگوزار بن كە بەوشێوەیە‌ توانرا داعش بوەستێنرێت. 

رووداو: با بگەڕێینەوە سەر بابەتی ئەوروپا و پرسی پاكێچی كۆچبەرانی نەتەوەیەكگرتووەكان، بۆچی ئەو پرسە ئەوەندە گفتوگۆ و ناڕەزایی لێكەوتەوە؟ 

ئارمین لاشێت: منیش ئەو پرسیارە دەكەم، ئەوە پرسیارێكی باشە. بەداخەوە ئەوانەی دژی ئەو بڕیارەبوون توانییان لە سۆسیال میدیاكاندا ترسێكی وا بڵاوبكەنەوە كە گوایە ئەو بڕیارە ژمارەی كۆچبەران دە قات دەكات. ئەوە دروست نییە و بەپێچەوانەوەیە. ئەو رێككەوتنە گلۆباڵییە یەكەم شت پرسی كۆچ دەكاتە پرسێكی نێودەوڵەتی، هەروەها مافەكانی كۆچبەران بەوردی رووندەكاتەوە، لە هەمانكاتدا داوا لەو وڵاتانە دەكات، ئەوانەی دەبنە هۆی دروستبوونی كۆچ، سیاسەتی وڵاتەكانیان بگۆڕن. پاشان ئەو رێككەوتنە لە بەرژەوەندیی ئەڵمانیایە. پاشان ئەوە منی زۆر نیگەران كرد كە زۆر لە وڵاتانی ئەوروپا لەپڕ ئەو رێگەیان نەگرتەبەر، بەڵكو بەداخەوە لە كۆتاییدا نەمسا كە ئێستا سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی یەكێتی ئەوروپا دەكات رێكەوتنەكەی واژو نەكرد. ئەوە ئاماژەیەكی زۆر خراپ بوو بۆ ئەوروپا. 

رووداو: من لە زۆرینەی كۆبوونەوەكانی لوتكەی یەكێتیی ئەوروپا ئامادەبووم، قەیرانی كۆچبەران یەكێتیی ئەوروپای خستە ژێر پرسیارەوە. یەكێتیی ‌ئەوروپا لە پرسی كۆچبەراندا شكستی هێنا و پاشان برێكزیت بووە هۆی ئەوەی كە یەكێتییەكە ئەوەندەی دیكە لاوازببێت. ‌بەرای ئێوە ئەوروپا ئێستا پێویستی بەچییە تا بتوانێت بەهێزی و پێگەی خۆی پیشان بدات؟ 

ئارمین لاشێت: ئەوروپا پێویستی بە ئەوروپایی بوونە. كێشەكان لەكاتی لوتكەكاندا ئەوە نین كە ئەوروپا ناتوانێ دەستبەكار بێت یان بڕیاردەربێت. بەڵكو كێشەكە لەوەدایە كە هەندێ لە وڵاتانی ئەندام ئامادەنین ئەو رێگەیە بگرن و لەگەڵ یەكێتییەكە بڕۆن. لە قەیرانی كۆچبەراندا وڵاتانی رۆژهەڵات و رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی ئەوروپا بوون كە ئامادە نەبوون یەكگرتوویی پیشانبدەن. ئەوان تاوەكو ئەمڕۆ سیستمی دابەشكردنی كۆچبەران بە یەكسانی قبوڵ ناكەن. ئێمە رێككەوتین لەسەر پاراستنی سنوورەكانی دەرەوەی یەكێتییەكە ‌‌كە هەمووان دەیانەوێت بەشداربن، بەڵام هەردوو بڕیارەكە بەیەكەوە بەستراون. لەلایەكەوە هاوكاریی ئەو كۆچبەرانەی هاتون دەبێ بە یەكسانی بێت و لەلایەكی دیكەوە پاراستن و توندوتۆڵكردنەوەی سنوورەكانی دەرەوەی یەكێتیی ئەو‌روپا دەبێ بەیەكسانی بێت‌. 

ئینجا زۆر بەداخەوە‌ برێكزیت زیانێكی زۆر گەورە بە ئابووریی ئەوروپا دەگەیێنێت. برێكزیت زیان بە بەریتانیا دەگەیەنێت و بە ئەوروپاشی دەگەیەنێت، بەڵام دوای برێكزیت، دەبێ هەر 27 وڵاتی ئەندام زۆرتر پێكەوە كاربكەن و یەكگرتووبن. چونكە زۆر پرس لەم جیهانەدا ناتوانرێت لەسەر ئاستی تەنیا وڵاتێكدا ‌‌چارەسەر بكرێت، بەڵكو تەنیا پێكەوە دەتوانرێت چارەسەر بكرێن. وەك پرسی سیاسەتی دەرەوە، پاراستنی ئاسایشی ناوخۆ، پرسی كۆچبەران، پێشكەوتنی تەكنەلۆژیا، ئامێرە زیرەكەكان، كە ئێستا چین زۆر پێشكەوتووە، ئەمریكا بە هەمانشێوە پێشكەوتووە. لێرەدا دەبێت ئێمەی ئەوروپی زیاتر هەوڵبدەین خۆمان ماندووبكەین‌‌ تا بتوانین لە كێبڕكێدابین. 

رووداو: لەو باوەڕەدان كە كێشەی كۆچبەران بووەتە هۆی لەیەكترازاندنی كۆمەڵگەی ئەڵمانیا و ئەوروپا؟ 

ئارمین لاشێت: وا دەڵێن و دەتوانرێت بگوترێت هۆكاری دروستبوونی لەناكاوی پارتە پۆپۆلیستەكان پەیوەندیی هەیە بەو قەیرانەوە. ئەوان پرسی كۆچبەرانیان كردە مژار‌. بەڵام لەلایەكی دیكەوە دەبێ بڵێین 80%ی خەڵكی ئەڵمانیا جیاواز بیردەكەنەوە و دەنگیان نەدا بە پارتێكی پۆپۆلیست. بە بۆچوونی من ئێستا كە لەدوای ئەوەی ئێمە هەنگاو دەنێین پرسی كۆچ كۆنترۆڵ بكەین، لەلایەك بە یاسای هێنانی هێزی كار بۆ ئەوانەی خاوەنی پیشەن لەلایەكی دیكەوە بە یاسای پەنابەری، كاریگەریی پارتە پۆپۆلیستەكان زۆر كەمدەبێتەوە‌. دەنگ و هێزی ئەوانەی بۆ ئەوروپان و هەڵگری دروشمی داكۆكی لە مافی مرۆڤی نێودەوڵەتین بەهێزدەبێت. 

رووداو: بەڕێزتان باسی یاسای هێنانی هێزی كارتان كرد، ئەوە دەتوانێت هاتنی كۆچبەرانی نایاسایی سنوورداربكات‌؟ 

ئارمین لاشێت: یاسای هێنانی هێزی كار یاسایەكە كە هانی هاتن لەڕێگەی یاساییەوە دەدات. واتە كاتێك كەسێكی خوێندەوار و شارەزا و پیشەزان كە رێگەی یاسایی هەیە بۆ هاتنە ئەڵمانیا، ناچێت رێگەی نایاسایی بگرێتەبەر‌‌ ، بۆیە گرنگە جیاوازییەكی باش بكەین لەنێوان كۆچبەریی كار و مافی پەنابەریدا. مافی پەنابەری تەنیا بۆ ئەو كەسانەیە كە ژیانیان لە مەترسیدایە، نەك بۆ ئەوانەی كە دەیانەوێت ژیانیان خۆشتركەن. ئەوان دەبێت لەڕ‌ێگەی یاسای هێزی كارەوە بێنە ئەڵمانیا. 


 

ببە بەشێک لە (رووداوی تۆ)

بابەت و وێنە و ڤیدیۆکانت لەگەڵ رووداو بەش بکە

قسەی تۆ

Azad Azad | 16/03/2019 03:46:26 م
والله‌ وه‌بیلاهی گه‌ر پارتی نیوه‌ی پۆسته‌كانی خۆشیان بداته‌ یه‌كیه‌تی به‌ته‌ئكید یه‌كیه‌تی له‌ به‌ینی خۆیان ڕێك ناكه‌ون باشتر وایه‌ پارتی هه‌وڵ و...
یەکێتی: بەشداریمان لە کابینەی نوێی حکومەت پەیوەستە بەوەی هاوبەشێکی راستەقینە بین
| 16/3/2019 | (1)
ئیسماعیل عەبدوڵا | 16/03/2019 08:51:18 ص
چۆن بتوانم دەنگ بدەم؟
Azad Azad | 16/03/2019 08:57:23 ص
هونەری فیلمی دۆکیومێنتاری لەبارەی ئازارەکانی گه‌لی كورد به‌گشتیی به‌درێژای ١٠٠ ساڵی ڕابرد و کیمیا باران کردنی هەڵەبجە و ئەنفال و کۆمەڵکوژی کردنی...
لە بەریتانیا فیلمێکی دۆکیومێنتاری لەبارەی کیمیابارانی هەڵەبجە نمایشکرا
| 16/3/2019 | (2)
mohammad kurdish kurdstan | 15/03/2019 03:25:34 م
أن شاءالله‌ بۆخاتری عه‌رشی په‌روه‌ردگاری پیرۆز به‌م رۆژی هه‌ینیه‌ هه‌رچی بكوژان و تاوانانی ئه‌م ڕووداوه‌ بوون سه‌رشۆر و ریسوا ودونیا و قیامه‌تبن أن...
حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بەتووندی سه‌ركۆنه‌ى هێرشه‌كه‌ى نیوزلەندا ده‌كات
| 15/3/2019 | (1)
REALMADRIDCF | 15/03/2019 02:34:00 م
ئەگەرلەسەردەستی پێرێزڕیاڵ مەدریدهەڵنەستایەوەئەواهاندەران دەیان هەوێت دەست لەکار بکێشێتەوە
پلانێکی شاهانە لە یانەی شاهانە
| 26/2/2019 | (1)

لە بەشەکانی دیکەی رووداوەوە

0.437 seconds