رووداو - هانۆڤەر
لە شاری هانۆڤەری ئەڵمانیا پرسەی میر تەحسین بەگ، میری ئێزدییانی كوردستان و جیهان بۆ ماوەی سێ رۆژ بەڕێوەدەچێت. دواتریش تەرمەکەی دەهێندرێتەوە کوردستان.
خەیری بۆزانی، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری ئێزدیان لە وەزارەتی ئەوقاف بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، دوای بەڕێوەچوونی پرسەکەی بۆ ماوەی سێ رۆژ لە ئەڵمانیا، تەرمی میر تەحسین بەگ بە فڕۆکەیەکی تایبەت کە لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئامادەکراوە، دەگەڕێندرێتەوە کوردستان و لە قەزای شێخان بەخاکدەسپێردرێت.
دوای هێنانەوەی تەرمەکەی، لە هەرێمی کوردستانیش بۆ ماوەی سێ رۆژ پرسە بۆ میر تەحسین بەگ دادەنرێت.
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ (دووشەممە 28ـی 1ـی 2019) میر تەحسین بەگ، میری ئێزدییانی كوردستان و جیهان بەهۆی نەخۆشییەوە لە شاری هانۆڤەری ئەڵمانیا كۆچی دواییكرد.