رووداو - هەولێر
بە بەشداری 35 کچە مۆدێل، پێشبڕکێی هەڵبژاردنی تۆپ مۆدێل و تۆپ مۆدێل پڵەسی رووسیا بەڕێوەچوو.
کچەکان بەسەر دوو گرووپدا دابەشکرابوون: گرووپی یەکەم ئەوانە بوون کە جەستە و باڵایان بەپێی ستانداردی مۆدێلە ( دەبێت باڵا لە 175 سانتیمەتر زیاتر بێت، کەمەر 60 سانتیمەتر و سنگ 90 سانتیمەتر بێت). گرووپی دووەمیش بە مۆدێل پڵەس ناسراوە و، ئەو کچانە بوون کە جەستەیان پڕە و بەپێی ستانداردی مۆدێل نییە.
ئانا، کچێکی خەڵکی شاری تاگانکۆڤی رووسیایە، تەمەنی 32 ساڵە و توانی پلەی یەکەم بەدەستبهێنێت و نازناوی تۆپ مۆدێلی رووسیا بۆ ساڵی 2018 بەدەستبهێنێت.
ئانا، تۆپ مۆدێلی رووسیا بۆ ساڵی 2018 دەڵێ "زۆر جێگەی خۆشحاڵییە، لەسایەی ئەو پێشبڕکێیەوە ئێمە وەکو شاژنی راستی خۆمان دەبینن. ئەوە تۆپ مۆدێلێکی جدییە لە رووسیا، کچەکان بەچەندین قۆناخدا تێپەڕیون. ئێمە کچی زۆر جوانمان هەیە لە رووسیا، کە پێویستە لەو بوارەدا گەشەیان پێبدرێت".
ئاننا، فاشیۆن مۆدێلی بەشدار لە پێشبڕکێکە دەڵێ "من، لە هەرێمی سیاڤاستۆپۆڵەوە هاتووم، توانیم لەو پێشبڕکێیەدا نازناوی فاشیۆن مۆدێل بەدەستبهێنم، دووەم جارە بەشداری لەو پێشبڕکێیەدا دەکەم. ئەو پێشبڕکێیە بۆ من زۆر گرنگە، چونکە ئامانجی خۆم تێیدا دیاریکرد".
رووسیا وڵاتی کچە جوان و لەشولار رێکەکانە، بەڵام کچەکانیان گلەیی ئەوە دەکەن لە ناوخۆی وڵاتەکەیاندا گرنگییان پێنادرێت و، دەرفەتی کار و خۆناساندنیان زەحمەت بۆ دەڕەخسێت، بۆیە ناچارن رووبکەنە وڵاتانی دیکە. بۆیە هەبوونی پێشبڕکێی لەو شێوەیە، بەلای هەموو بەشداربووانەوە گرنگ بوو، چونکە دەرفەتی زۆر شتیان پێدەدات.
ئەندامێکی لیژنەی هەڵسەنگاندن بەناوی ناتالیا دەڵێ "ئەو پێشبڕکێیە هێزێکی گەورەیە، چونکە ژمارەیەکی زۆر کچی بەئەزموونی تێدایە، کچی زۆر جوانی تێیدایە و بەڕاستی هەموویان شایەنی تۆپ مۆدێل بوون. بۆ من زۆر سەرنجڕاکێش بوو کە سەیرم دەکرد و چاودێری ئەو پێشبڕکێ جوانەی وڵاتەکەمانم دەکرد، ئەو پشیبڕکێیە شتێکی نوێیە بەتایبەتی بۆ وڵاتەکەی ئێمە".
پێشبڕکیی مۆدێل ومۆدێل پڵەسی رووسیا دووەم ساڵە ئەنجامدەدرێت و ئەمساڵ لە گرووپی مۆدێل پڵەسدا ژمارەیەک لە کچانی ئۆکراینا، بیلارووسیا و کازاخستانیش بەشداربوون.
پێشبڕکێکە لەلایەن کەرتی تایبەتەوە ئەنجامدرابوو و کۆمەڵێک خەڵاتی سادە لەلایەن سپۆنسەرەکانی پێشبڕکێکەوە بە بەشداربووان دران، بەڵام ئەوەی لە خەڵاتەکە گرنگتربوو بەلای بەشداربووانەوە بەدەستهێنانی دەرفەتی خۆناسدن و دۆزینەوەی هەلی کار بوو.
داڕشتنەوە: هەڵات رێبوار