رووداو دیجیتاڵ
بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، لە کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لایەنەکان رێککەوتوون رۆژی چوارشەممە 12-10-2022 دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار بەڕێوەبچێت.
کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لە بەغدا کۆتاییهات. بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، لە کۆبوونەوەکەدا سێ بژارە خراوەتە بەردەم پارتی و یەكێتی. بژارەکان بەمشێوەیە بوون: یەکەم: رێککەوتن لەسەر بەربژێرێکی هاوبەش، دووەم: کشانەوەی بەربژێری لایەنێک، سێیەم: هەردوولا بەربژێری خۆیان هەبێت و پەرلەمان یەکلایی بکاتەوە.
هەر بەپێی زانیارییەکانی رووداو، شاندی پارتی بژارەی سێیەمی رەتکردووەتەوە و، شاندی یەکێتیش بژارەی یەکەم و دووەمی رەتکردووەتەوە، هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆی تووند لەنێوان شاندی پارتی و یەکێتی دروستبووە.
لەلایەکی دیکەوە هیشام روکابی، بەڕێوەبەری نووسینگەی مالیکی جەختی کردووەتەوە کە لایەنەکان رێککەوتوون رۆژی چوارشەممە دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار بەڕێوەبچێت.
تاوەکو ئێستا پارتی و یەکێتی هیچ رێککەوتنێکیان لەبارەی بەربژێرێکی هاوبەشی سەرۆککۆمار رانەگەیاندووە، دوێنێش رێبەر ئەحمەد، بەربژێری پارتی بۆ ئەو پۆستە لە دیداری پرسی کورد لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ئەوەی پشتڕاستکردەوە کە هیچ رێککەوتنێک لە نێوان پارتی و یەکێتی لەو بارەوە نەکراوە.
هەروەها رێبەر ئەحمەد جەختی لەوە کردەوە کە ئەوان قبووڵی ناکەن بە دوو بەربژێر بچنە هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار.


