رووداو دیجیتاڵ
زنجیرەیەک "بۆردوومان" کیێڤی پایتەختی ئۆکراینا و چەند شارێکی دیکەی وڵاتەکەیان هەژاند و زیلینسکیش دەڵێت، رووسیا دەیەوێت "لەسەر زەوی بمانسڕێتەوە".
بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە، 10ـی تشرینی یەکەمی 2022 کاژێر 8:15 خولەک بەکاتی کیێڤ [هەمان کاتی هەولێر] دەنگی زنجیرەیەک تەقینەوە لە کیێڤی پایتەختی ئۆکراینا بیستران.
ڤیتاڵی کلیچکۆ، سەرۆکی شارەوانیی کیێڤ تەقینەوەکانی پشتڕاستکردەوە و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان رایگەیاند کە "ژمارەیەک تەقینەوە لە ناوچەی شێڤچێنکیڤسکی نێوەڕاستی پایتەخت روویانداوە".
دواتر ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان رایگەیاند کە "لە بۆردوومانەکەی سەر کیێڤ، کوژراو و بریندار هەن". زیلینسکی داوای لە هاووڵاتییان کرد شوێنەکانیان جێنەهێڵن و گوتیشی: "رووسیا دەیەوێت ئێمە لەسەر رووی زەوی بسڕێتەوە".
دوای ئەوەش سەرۆکایەتیی ئۆکراینا رایگەیاند کە دەنگی "بۆردوومان لە ژمارەیەکی زۆری شارەکان بیستراوە".
لای خۆیەوە ماکسیم کۆزیتسکی، پارێزگاری لڤیڤ لە راگەیێندراوێکدا گوتی، شاری لڤیڤی رۆژئاوای ئۆکرایناش بۆردوومانکراوە.
ئەوە لەکاتێکدایە کە دوایین بۆردوومانی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا رۆژی 26ـی حوزەیران بوو.
لە چەند دیمەنێکدا دەردەکەوێت کە چەند باڵەخانەیەکی شاری کیێڤ زیانیان بەرکەوتووە. ئەم "تەقینەوە و بۆردوومانانەش" رۆژێک دوای ئەوە دێن کە ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا، ئۆکراینای بە تەقاندنەوەی ئەو پردە تۆمەتبارکرد کە نیمچە دوورگەی کریمیا و رووسیا بەیەکەوە دەبەستێتەوە؛ پردەکە رۆژی هەینی بەهۆی تەقاندنەوەی بارهەڵگرێک لەسەری تەقێندرایەوە و لایەکی پردەکە تێکشکا.
پووتین گوتی: سەرپەرشتیکاران، بکەران و سپۆنسەری [تەقینەوەکە] سەر بە دەزگای هەواڵگریی ئۆکراینان و کارەکەیشی بە "تیرۆریستی" ناوبرد.
چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ دووشەممە پووتین کۆبوونەوەیەک لەگەڵ ئەنجوومەنی ئاسایشی وڵاتەکەی ئەنجامبدات.


