رووداو دیجیتاڵ
ئۆکراینا دەڵێت، رۆژی پێنجشەممە رووسیا 69 مووشەکی ئاراستەی وڵاتەکە کردووە و بەوهۆیەوە ترامە کارەباییەکانی لڤیڤ لەکارکەوتوون. دەشڵێت، بەهۆی هێرشەکانی رووسیاوە، زیان بە ژێرخانی گواستنەوەی وڵاتەکەیان گەیشتووە.
ناتالیا، شۆفێری ترامە و دەڵێت، "لەوەتەی سێ کاژێر پێش ئێستا و کاتێک زەنگی ئاگادارکردنەوە لێدراوە، گیرمان خواردووە، تاوەکو کارەباش دێتەوە لێرە دەبین، ئەگەر تاوەکو بەیانیش نەیەتەوە، شەفتەکانمان دەگۆڕین و دەبێت شەو لەنێو ترامەکە بەسەر ببەین".
بەهۆی لەکارکەوتنی ترامەکانەوە بەشێکی سیستمی گواستنەوەی لڤیڤ پەکی کەوتووە و خەڵکی شارەکە ناچارن بە پیادە هاتووچۆ بکەن.
ئیرینا ئیڤانێیکۆ، شۆفێری ترام باس لەوە دەکات، "نزیکەی کاژێرێک یان کاژێر و نیوێک پێش ئێستا، زەنگی ئاگادارکردنەوە لێدرا، بۆیە ناچاربووین بووەستین و خەڵکەکە بەپێ چوونە وێستگەی شەمەندەفەر. لێرە گیرمان خواردووە و لەنێو ترامەکە سەرمامان دەبێت، بەڵام چیمان لەدەست دێت؟"
بە گوتەی پارێزگاری لڤیڤ، جگە پەککەوتنی ترامەکان، 90٪ـی خەڵکی شارەکەش بێ کارەبا بوون.
بەپێی دەزگای ئاماری ستاتیستا، بەهۆی هێرشی رووسیاوە، 36.3 ملیار دۆلار زیان بە ژێرخانی گواستنەوە و، 3.5 ملیار دۆلاریش زیان بە ژێرخانی وزەی ئۆکراینا کەوتووە.
بەر لە هێرشی رووسیا، ئۆکراینا 21 گێگاوات کارەبای بەرهەمدەهێنا، بەڵام ئێستا بەهۆی وێرانبوونی ژێرخانی وزەی وڵاتەکەوە، ئەو توانایە بۆ نزیکەی 11 هەزار گێگاوات دابەزیوە. بەکارهێنانی موەلیدەش زیادبووە.

