رووداو دیجیتاڵ
رێكخراوی "suomen pakolaisapu" لە وڵاتی فینلاند کە ساڵانە ژنێک و پیاوێک وەکوو پەنابەری ساڵ هەڵدەبژێرێت، فەرهیا عەبدی، ژنە کرێکاری سۆماڵییایی وەکوو ژنە پەنابەری ساڵ و مام کوردنەژاد ئیبراهیمی، وەرگێڕی وەکوو پیاوی پەنابەری ساڵ هەڵبژارد.
فەرهیا عەبدی لە ساڵی 2008 چووەتە وڵاتی فینلاند و لە رێگەی چەند پیشەی کرێکاری و چاودێریی بەساڵاچووانی فینلاندییەوە توانیویەتی کۆمپانیایەکی پیشەیی دامەزرێنێت.
مام کوردنەژاد، پەنابەری کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان ساڵی 2006 بەهۆی چالاکیی سیاسییەوە ناچار بووە ئێران جێبهێڵێت و مافی پەنابەریی لە وڵاتی فینلاند وەرگرتووە.
مام کوردنەژاد لە وڵاتی فینلاند وەرگێڕی پەنابەرانە و لە رێگەی یوتووبەوە بە شێوەی خۆبەخشانە بۆ فێربوونی کولتووری فینلاندی پەنابەرانی کورد پەروەردە دەکات.
ئەنجوومەنی پەنابەرانی فینلاند دوای هەڵبژاردنی فەرهیا و مام کوردنەژاد رایگەیاند، ئەو دوو پەنابەرە سەرەڕای ئەو ئازارانەی لە ژیانییاندا بینیویانە، بەڵام هێشتا روانگەیەکی ئەرێنییان بۆ ژیان هەیە و بەو هەڵبژاردنە دەیەوێت چالاکییە ئەرێنییەکانی پەنابەران زیاتر بەرچاو بخات.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە ئەو جۆرە پەنابەرانە دەتوانن بۆ پەنابەرانی دیکە و هەروەها هاووڵاتییانی فینلاندییش نموونەیەکی بەرچاو بن.


