رووداو دیجیتاڵ
شاندێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بە نوێنەرایەتیی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەرستگەی لالش بەشدارییان لە جەژنی جەمای ئێزدییەکان کرد.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 09-10-2022، نەوزاد هادی، راوێژکاری باڵای سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حوسێن قاسم، راوێژکاری کاروباری ئێزدییەکان لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بە نوێنەرایەتیی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەرستگەی لالش لە شێخان بەشدارییان لە جەژنی جەمای ئێزدییەکان کرد.
شاندەکەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بە ناوی نێچیرڤان بارزانی جەژنەپیرۆزەیان لە میر حازم تەحسین بەگ، میری ئێزدییان، جڤاتی رۆحانی، کەسایەتییە ئایینی و کۆمەڵایەتییەکانی ئێزدی کرد و "جەختیان لە زیاتر پتەوكردن و بەهێزكردنی كولتووری پێكەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی لە هەرێمی كوردستان كردەوە."
بەگوێرەی راگەیێندراوێكی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، میر حازم تەحسین بەگ، میری ئێزدییان "سوپاسی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و شاندی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستانی كرد بۆ بەشداریكردن لە مەراسیمی جەژنی جەمایێ و مەراسیمەكانی دیكەی ئێزدییان و ئەم بەشداریكردنەی شاندی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستانی بۆ پتەوكردنی كولتووری پێكەوەژیان بەرز نرخاند."




