رووداو دیجیتاڵ
زستان نزیکە و وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا ترسی کەمیی گاز و زیاتر گرانبوونیان لێ نیشتووە؛ بۆ ئەو مەبەستەش لە پراگی چیک کۆبوونەوە.
ماتاوس مۆراڤییەسکی، سەرۆکوەزیرانی پۆڵەندا رایگەیاند، "گفتوگۆ لەبارەی دیاریکردنی نرخی گاز لە یەکێتیی ئەوروپا دەکەین. پێویستە بۆ ئەم زستانە نرخی گاز لە ئاستێكدا دیاری بکەین و رێگە نەدەین گرانتر ببێت. نەک تەنیا گازی تایبەت بە بەرهەمهێنانی کارەبا، بەڵکو ئەوەی کە تایبەتە بە هەموو بوارەکان."
بەڵام ژمارەیەک لە وڵاتە بەهێزەکانی یەکێتیی ئەوروپا، وەکو ئەڵمانیا و هۆڵەندا پێیانوایە، دیاریکردنی نرخی گاز گورزێکی کەمەرشکێنە بۆ بازرگانیی کڕین و فرۆشتنی گاز کە دواجار ئابووری لاواز دەکات و دەڵێن، تاکە شت پێی رازی ببین دیاریکردنی نرخی ئەو گازەیە کە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا بەکاردێت، چونکە دەترسن ئەم زستانە گرانیی گازی تایبەت بە کارەبا سێ قەیرانی لێ بکەوێتەوە.
ئەگەری هەیە کارەبا لە چەندین وڵاتی ئەندامی یەکێتیی ئەوروپا، ناو بەناو ببڕێت؛ بەو هۆیەشەوە ئەگەری هەیە ناچاربن، چەندین کارگە، لەنێویاندا کارخانەی تایبەت بە پیشەسازییە سەرەکییەکان، دابخرێن. بە دووریشی نازانن قەیرانی گاز و سووتەمەنی کۆی ئابووریی یەکێتییەکە بەرەو لاوازی ببات.
مارک روتە، سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا دەڵێت، "کۆبوونەوەیەکی باش بوو کە کردمان. پێشتریش لەگەڵ ئەڵمانیا و فەرەنسا کۆبووینەوە و هەر سێکمان لەسەر کۆی بابەتەکە رێککەوتووین، بەڵام پێویستی بە وردەکاریی زیاترە. دەتوانین نرخی گاز بۆ کارەبا دیاریبکەین، بەڵام نەک بۆ هەموو بوارەکان، چونکە ئەوە ئەگەری هەیە سەرچاوەی دابینکردنی گاز لەدەستبدەین و بازاڕەکە بەرەو چین و هیندستان بڕوات."
لەو کاتەوەی رووسیا هێرشی کردووەتە سەر ئۆکراینا، نرخی گاز لە ئەوروپا لە 200% بەرزبووەتەوە.
ئیمانوئێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا رەخنەی تووند لە ئەمریکا و نەرویج دەگرێت کە گاز بە فەرەنسا و ئەوروپییەکانی دیکە دەفرۆشن و دەڵێت، "کاتێک کە باس لە ئۆکراینا دەکەین، هەموومان وەکو (شەڕکەری ئازادی) ناوی یەکدی دەبەین، بەڵام کە دێتە سەر گاز و سووتەمەنی، بۆ وڵاتانی بەرهەمهێنەر و بەکاربەر دابەش دەبین."
سەرۆکی فەرەنسا گوتیشی، "لە کاتێکدا ئەمریکا و نەرویج گازی وڵاتەکەیان بە نرخێکی هەرزان دەدەنە بازاڕە ناوخۆییەکانیان، بە گران بە ئێمەی دەفرۆشن، ئەو بارودۆخە هێندە درێژە ناکێشێت و ئامادەش نین نرخی گاز چوار هێندە گرانتر لەو وڵاتانە بکڕین."
هەرچەندە یەکێتیی ئەوروپا بۆ ئەم زستانە خۆی بە باشی ئامادە کردووە و 90%ی کۆگاکانی پڕ لە گاز کراون، بەڵام هێشتا مەترسیی قەیرانی گاز و سووتەمەنی بەرۆکی ئەوروپییەکانی بەرنەداوە، بەتایبەتی کە یەکەمین زستانە بەبێ گازی هەرزانی رووسیا، بەڕێی دەکەن.




