رووداو - هەولێر
بە تانک و تۆپ و فڕۆکە، شەڕی ماریوپۆل بەردەوامە. بەشێکی زۆری شارەکە لە دەستی ئۆکراینا دەرهێنراوە و ماوەی نزیکەی سێ هەفتەیە لە دەریا و وشکانییەوە گەمارۆ خراوەتە سەری.
سەربازانی کۆمارە دانپێدانەنراوەکانی دۆنێتسک و لوهانسک، بە پشتیوانیی سوپای رووسیا، دەیانەوێت ئەو شارەی باشووری ئۆکراینا کۆنتڕۆڵ بکەن.
بە گوێرەی بەرپرسانی ئۆکراینا، نزیکەی 300 هەزار کەس ژێر بۆردوومان و تۆپباران لە نێو شارەکەدا گیریان خواردووە، 100 هەزاری دیکەش گوێزراونەتەوە دەرەوەی شارەکە.
ڤیکتۆریا یەکێکە لە دانیشتووانی ماریوپۆل، دوای گەیشتنی بە پۆڵەندا، باسی ئەو کاولکارییە دەکات کە بەسەر شارەکەیدا هاتووە.
ڤیکتۆریا تۆتسن دەڵێت، "نزیکەی 99٪ی ماریوپۆل وێران بووە. ئەوان لە 20 رۆژی رابردوودا بەردەوام ئێمەیان بۆردوومان و تۆپباران کرد. لە 5 رۆژی رابردوودا، فڕۆکەکان بەردەوام بەسەر سەرمانەوە بوون و هەر 5 چرکە جارێک هەموو شتێکیان بۆردوومان دەکرد؛ یەکەکانی نیشتەجێبوون، باخچەی منداڵان، قوتابخانەکان... هەموو شوێنێک."
ماریوپۆل دەکەوێتە سەر دەریای ئازۆڤ. بە کۆنتڕۆڵکردنی شارەکە، رووسیا رێگەیەکی وشکانی لە نێوان کریمیا و کۆمارە دانپێدانەنراوەکانی لوهانسک و دۆنێتسکدا دەستدەکەوێت.
بەرپرسانی ئەوروپا هۆشداری دەدەن لەوەی ماریوپۆل ببێتە حەلەبێکی دیکە. سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانیش داوای دەستبەجێ وەستاندنی شەڕەکە دەکات.
ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، "تەنانەت ئەگەر ماریوپۆلیش بکەوێت، ناتوانرێت ئۆکراینا شار بە شار، شەقام بە شەقام و ماڵ بە ماڵ داگیربکرێت. تاکە ئەنجام بریتییە لە ئازارچەشتنی زیاتر، وێرانکاریی زیاتر و تۆقاندنی زیاتر هێندەی چاو بڕ بکات."
سەربازانی ئۆکراینی لە نێو شارەکەدا شەڕ دەکەن. رۆژی دووشەممەش، حکومەتی ئۆکراینا پێشنیازی رووسیای بۆ بەدەستوەردانی شارەکە رەتکردەوە.

