رووداو دیجیتاڵ
پارتی گەلی کۆماری تورکیا گەورەترین لایەنی ئۆپۆزیسیۆنی ئەو وڵاتە راپۆرتێک لەبارەی پرسی کورد لە تورکیا ئامادە دەکات و پێشنیاز دەکرێت سێ کۆمیسیۆنی سەربەخۆ بۆ پرسی کورد دروستبکرێت.
بەپێی زانیارییەکان، جەهەپە لە چوارچیوەی دەستووری تورکیا کۆمەڵێک پێشنیاز بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد دەخاتەڕوو و داوا دەکات کە سێ کۆمیسیۆنی سەربەخۆ بە ناوکانی کۆمیسیۆنی ئاشتی کۆمەڵایەتی، شاندی هاوبەشی عاقڵمەندان و کۆمیسیۆنی لێکۆڵینەوە لە راستییەکان پێکبێت.
پێش بڵاوبوونەوەی راپۆرتەکە، ناکۆکی نێوخۆیی لەسەر ناوەڕۆکەکەی دروستبووە بەڵام سەرۆکی جەهەپە رایگەیاندووە، دەتوانن بە ئاسانی پرسی کورد لە تورکیا چارەسەر بکەن.
یڵدرم کایا، پەرلەمانتاری جەهەپە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئێمە کۆماری تورکیامان لەگەڵ کورد دروستکردووە و دەستوورە دیموکراتیکەکەی ساڵی 1921 ـمان لەگەڵ کورد داناوە. لەو دەستوورەدا کورد و مافەکانیان دیاریی کراون، لە پەرلەمانیش کورد وەک پەرلەمانتاری کورد ناسێنراوە. ئێستا دەمانەوێت لە ساڵیادی کۆماری تورکیا، شۆڕشەکەمان بە شۆڕشێکی دیموکراسی بناسێنین".
لەنێوان پارتەکانی تورکیا، جەهەپە یەکەمین پارتی ئەو وڵاتەیە کە لە ساڵی 1989 راپۆرتێکی بەناوی راپۆرتی کورد ئامادەکردبوو، پێنج ساڵ لەمەوبەریش راپۆرتێکی بەناوی 22 پرس و 22 کاردانەوە بڵاوکردبووەوە.
هەروەها پارتی دیموکراتیکی گەلان هەدەپە داوا لە جەهەپە دەکات لەسەر پرسی کورد هەڵوێستی خۆی روونتر ئاشکرا بکات.
جەهەپە هەرچەندە لایەنێکی سەرەکیی ئۆپۆزیسیۆنە بەڵام لەنێو سیاسەتی تورکیا رۆڵێکی جیددی هەیە، جەهەپە ئێستا جارێکی دیکە بە راپۆرتێک هەوڵدەدات پرسی کورد بکاتە رۆژەڤ و دەڵێن دەیانەوێت لەپەرلەمان و لەنێو دەستووری تورکیا ئەو پرسە چارەسەر بکەن. ئەوەش لەکاتێکدایە بەهۆی سیستەمی سەرۆکایەتییەوە رۆڵی پەرلەمان لە تورکیا زۆر کەمبووەتەوە و لە دەستووری بنەڕەتیی تورکیاش هیچ ئاماژەیەک بە مافی کورد نەکراوە.

