رووداو دیجیتاڵ
لە دانیشتنی رۆژی شەممەی پەرلەمانی عێراق کە تێیدا تاوتوێی بۆردوومانەکانی ئێران بۆسەر هەرێمی کوردستان کرا، بەشێک لە پەرلەمانتاران بە دەنگی بەرز داوای حکومەتێکی بەھێزی عێراقییان کرد تاوەکو بتوانێت سەروەریی خاکەکەی بپارێزێت. لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا ھەردوو لیژنەی ئاسایش و بەرگری و لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە سەردانی شوێنی بۆردوومانەکان بکەن و هەڵسەنگاندنی زیانەکان.
سەگڤان یوسف، جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، "ھەڵوێستەکان ئەوەن کە شاندێکی پەرلەمانی عێراق بەشداریی کۆبوونەوەی پەرلەمانی نێودەوڵەتی دەکات و ئەم بابەتە لەوێش باس دەکرێت، بیانووی تورکیا و ئێران بۆ بۆردوومانەکانیان ئەوەیە کە گرووپی چەکدار لەو ناوچانە ھەن و ئاسایشی وڵاتیان تێکددەن کە ئەمە دوورە لە راستی و دەتوانن بە رێگەی دیپلۆماسییەوە لەگەڵ حکومەتی عێراق چارەسەری بکەن. من دەیڵێمەوە حکومەت زۆر لاوازە، کاتێک بۆردوومانی [گوندی] پەرەخ کرا، ھەموو ھاتنە سەرخەت و ناڕەزایەتییان دەربڕی، کەچی بۆ بۆردوومانی ئێران کەس قسە ناکات، بڕیارەکانی حکومەت زۆر لاوازن."
زۆربەی پەرلەمانتاران سەرکۆنەی ھێرشە مووشەکییەکانی ئێران و تورکیا دەکەن بۆسەر خاکی ھەرێمی کوردستان، بەشێک لە پەرلەمانتاران داوای ھەڵوێستی "تووند" لە حکومەتی عێراق دەکەن و دەڵێن، چەندین کارتی بەھێزیان ھەیە دژی ئەو دوو وڵاتە کە سەروەریی خاکی عێراق پێشێل دەکەن و دەبێ بەکاریان بهێنێت.
ئەحمەد روبەیعی، پەرلەمانتاری چوارچێوەی ھاوئاھەنگی باسی لەوە کرد، "عێراق دەتوانێت لە چەند رێگەیەکەوە ئەم دەستدرێژییانە بووەستێنێت، لەوانە لە رووی ئابووری یان سەربازی یانیش سیاسی کە گوشار بخەنە سەر ئەو دەوڵەتانە، ئەمەش لە رێگەی دیپلۆماسێکی جیددی دەکرێت کە لە لایەن وەزارەتی دەرەوە و حکومەت دەستپێبکات، ئەوکات ئەنجامی باشی دەبێت."
رۆژی 28ی مانگی رابردوو، ئێران لە رێگەی دەیان مووشەکی بالیستی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراوەوە هێرشی کردە سەر بارەگای هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە سنووری کۆیە، پردێ و زڕگوێز؛ بەهۆیانەوە 17 کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 50 کەسی دیکەش بریندار بوون.


