ناوخۆ و بەرگری عێراق دەرماڵەی مەترسی خەرجدەكەن

رووداو- هەولێر

دوای ئەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا دەرماڵەی مەترسی بۆ كارمەندانی وەزارەتەكانی ناوخۆ و بەرگری لە ناوچە مەترسیدارەكانی عێراق خەرجبكات، وەزارەتی ناوخۆ رایدەگەیەنێت، دەرماڵەكە لە سەرەتای ئەمساڵەوە دابەشدەكرێت و  هەموو كارمەندانی سەربازی و مەدەنی دەگرێتەوە.

یوسف عەبادی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆی عێراق بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند: "ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا درێژە بە بڕیاری خەرجكردنی دەڕماڵەی مەترسی بۆ هەموو كارمەندانی سەربازی و مەدەنی لە وەزارەتەكانی ناوخۆ و بەرگری بدات".

عەبادی گوتیشی "بڕیارەكە ئەو پارێزگایانە دەگرێتەوە كە بە ناوچەی مەترسیدار ناسراون لە رووی ئەمنییەوە، وەك پارێزگاكانی نەینەوا، سەڵاحەدین، ئەنبار، دیالە، بەغدا، كەركووك و باكووری بابل".

بەرپرسی راگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، دەرماڵەی مەترسی كارمەندانی ناوخۆ و بەرگری پارێزگاكانی دیكەش دەگەرێتەوە، كە لە ناوچە مەترسیدارەكان ئەركیان پێسپێردراوە".

ئەوەشی خستەڕووو، خەرجكردنی دەرماڵەی مەترسی لە سەرتای ئەم ساڵ دەستپێدەكات و لەمەودوا بەردەوام هەموو مانگێك دابەشدەكرێت، ناشبێت دەرماڵەكە لە 500 هەزار دینار زیاتربێت.