عێراق بە فەرمی داوا لە تورکیا دەکات دەستبکاتەوە بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان

 
رووداو دیجیتاڵ

بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، بڕیارە حکومەتی عێراق بە نووسراوی فەرمی داوا لە تورکیا بکات دەستبکاتەوە بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە.
 
بەپێی ئەو زانیارییانەی تۆڕی میدیایی رووداو لە سەرچاوەیەکی باڵا لە حکومەتی عێراقەوە وەریگرتوون، لە کۆبوونەوەی نێوان نوێنەرانی کورد لە بەغدا کە پێکهاتبوون لە د. فوئاد حوسێن و بەنگین رێکانی لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی و حەیان عەبدولغەنی، رێککەوتوون حکومەتی عێراق نووسراوێک ئامادە بکات و سبەی بە فەرمی بۆ حکومەتی تورکیای بنێرێت.
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو لە سەرچاوە باڵاکەوە "لە نووسراوەکەدا حکومەتی عێراق بە فەرمی داوا دەکات تورکیا دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بکاتەوە لە بەندەری جەیهانەوە، ئەمەش لە چوارچێوەی رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان بە هاوبەشی لەنێوان کۆمپانیای سۆمۆ و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان".
 
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوەی ئاگادار و باڵاوە دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتوون، دوێنێ هەینی 31ـی ئاداری 2023 کۆبوونەوەیەکی ئەرێنی لەنێوان نوێنەرانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی عێراق دا هەبووە، تێیدا لەسەر شێوازێکی تازەی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان بەشێوەی هاوبەش رێککەوتوون.
 
ئەو رێککەوتنە چەند کۆبوونەوەیەکی دیکەی بەدوادا دێن بۆ رێککەوتن لەسەر روونکردنەوەی گرێبەستە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان و دۆزینەوەی کڕیاری تازە بەشێوەی هاوبەش بۆ نەوتی هەرێمی کوردستان لە بەندەری جەیهان، لە پاڵ ئەو کڕیارانەی تائێستا نەوتی هەرێمی کوردستانیان کڕیوە، بەوشێوەیەش ئەم رێککەوتنە دڵنیایی دەداتە کۆمپانیا بەرهەمهێن و کڕیارەکانی نەوتی هەرێمی کوردستان.
 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە چەند رۆژی رابردوودا نامەی بۆ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی فیدرالیی عێراق نارد و هەروەها مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە تەلەفۆن پەیوەندی بە محەممەد شیاع سوودانییەوە کردووە. 
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، پەیوەندی بە هەموو ئەو کۆمپانیانەوە کراوە کە نەوتی هەرێمی کوردستان دەکڕن، بێن و گرێبەستی نوێیان لەگەڵ واژوو دەکرێ، بە جۆرێک ئیدی لەمەودوا نەوتی هەرێمی کوردستان بە نرخی بازاڕەکانی جیهان دەفرۆشرێت، واتا نەوتی کوردستان بە 10 دۆلار، یان کەمتر نافرۆشرێت، بەڵکو بە هەمان ئەو نرخەی کە سۆمۆ نەوتی عێراقی پی دەفرۆشێ. بەم رێککەوتنە فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان شەرعیەتی حکومەتی عێراق وەردەگرێت.
 
بەبڕوای کۆمپانیا نەوتییەکان، ئەگەری زۆرە بەخێرایی رێککەوتن لەنێوان هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق بکرێت.
 
هاوکات رۆژی شەممە، 1ـی نیسانی 2023، پێگەی ئەلمۆنیتەر کە بنکەی سەرەکی لە واشنتنی ئەمریکایە دەڵێت: "چاوەڕواندەکرێت بەرپرسانی عێراق و تورکیا لە ماوەیەکی نزیکدا کۆببنەوە بۆ ئەوەی تاوتوێی رێوشوێنی نوێ بۆ هەناردەی نەوتی عێراق لە رێگەی تورکیاوە بکەن". 
 
عاسم جیهاد، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق بە پێگەی ئەلمۆنیتەری راگەیاندووە، شاندێکی حکومەتی عێراق "لەماوەیەکی نزیکدا" بۆ دانوستاندن سەردانی ئەنقەرە دەکات و جەختی لەوە کردووەتەوە کە "نە لایەنی تورکی و نە لایەنی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دادگەی نێوبژیوانییان رەتنەکردووەتەوە". ئەوەش وەکو خۆی دەڵێت، رێگەخۆشکەر دەبێت بۆ "سەرەتایەکی نوێ".