نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت 104 دۆلارە
رووداو دیجیتاڵ
نرخی نەوتی برێنت بۆ رادەستکردنی لە مانگی شەشدا ئەمڕۆ چوارشەممە 66 سەنت بەرزبووەوە و بەرمیلێکی بە 104 دۆلار و 63 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 46 سەنت بەرزبووەوە و بە 93 دۆلار و 62 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
سەرەڕای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندووە کە لەگەڵ ئێران نزیکە لە رێککەوتن، بەڵام کەمی خستنەڕووی نەوت و بەردەوامی شەڕ نرخەکانی نەوتی لە ئاستە بەرزەکانی خۆیدا راگرتووە.
شارەزایانی بۆرسەی لەندەن لەو بارەیەوە دەڵێن، "ئیدارەی ئەمریکا و ترەمپ باس لە کۆتایی پێهێنانی شەڕ دەکەن، بەڵام هێشتا ئاراستەیەکی دیپلۆماسی روون بۆ ئاگربەست بەدیی ناکرێت، ئەوەش خواستی بۆ نەوتی خاو لە ئاستێکی بەرزدا هێشتووەتەوە."
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا شەوی سێشەممە رایگەیاند، لە ماوەی دوو یان سێ هەفتەدا شەڕی ئێران کۆتایی پێدەهێنێت و دانوستاندن لەگەڵ ئێران بەباشی بەڕێوەدەچن.
بەڵام عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاندووە کە ئەوەی هەیە دانوستاندن نییە، تەنیا ئاڵۆگۆڕکردنی پەیامە.