بانکی ناوەندی بەریتانیا: شەڕی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەڕەشە لە سەقامگیریی دارایی بەریتانیا دەکات
رووداو دیجیتاڵ
بانکی ناوەندی بەریتانیا هۆشداریدەدات لەوەی ئەو شۆکە ئابوورییەی بەهۆی شەڕی رۆژهەڵاتی نێوەراستەوە درووستبووە، مەترسییەکی جیدی بۆ سەر سەقامگیریی سیستمی دارایی شانشینی یەکگرتوو دروستدەکات.
بانکەکە لە راپۆرتێکدا رایگەیاندووە، ململانێکانی ناوچەکە "شۆکێکی نەرێنییە بۆ ئابووریی جیهانی"، ئەمەش ئەگەری زیادبوونی گوشارەکانی هەڵئاوسان، بەرزبوونەوەی رێژەی سووی بانکی و کەمبوونەوەی گەشەی ئابووری لە جیهاندا زیاتر دەکات.
بەگوێرەی هۆشدارییەکانی بانکی ئینگلتەرا، لێکەوتەکانی ئەم شەڕە تەنیا کاریگەریی کاتی نابێت، بەڵکو رەنگە کارلێک لەگەڵ چەندین خاڵی لاوازی سیستمی دارایی ئێستادا بکەن.
لە بەشێکی دیکەی هۆشدارییەکەدا هاتووە، هەندێک کەرتی وەک "ژیریی دەستکرد" لە بازاڕەکاندا بەهایەکی زۆر زیاتر لە قەبارەی راستەقینەی خۆیان پێدراوە، ئەمەش وایکردووە بەرامبەر شۆکە ئابوورییەکان ناسک بن. هەروەها بانکەکە نیگەرانیی خۆی لەبارەی بازاڕەکانی قەرزی تایبەت دەربڕیوە کە رەنگە بەهۆی ناسەقامگیریی دۆخی ناوچەکەوە تووشی کێشەی گەورە ببن.
ئەم هۆشدارییەی بانکی ناوەندیی بەریتانیا لەکاتێکدایە کە بەردەوامیی گرژییەکان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، نیگەرانیی لای ناوەندە داراییەکانی جیهان دروستکردووە کە کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر نرخەکانی وزە و زنجیرەی دابینکردنی کەلوپەل و پێداویستی رۆژانە هەبێت.