بازاڕی زێڕ لە کوردستان؛ فرۆشیاری زۆر و كڕیاری کەم
رووداو- هەولێر
گوتەبێژی سەندیكای زێڕنگرانی هەولێر دەڵێت بەهۆی بێكاری، دواكەوتنی مووچە و بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ، دوای لابردنی قەدەخەی هاتوچۆ، خەڵكێکی زۆر بۆ بژێوی ژیانیان روویان لە فرۆشتنی زێڕ كرد، بە جۆرێك هەندێ لە زێڕنگرانی هەولێر رۆژانە نزیکەی كیلۆ زێڕێکیان کڕیوەتەوە.
بەهۆی زیاتر لە چل رۆژ قەدەخەی هاتوچۆ و داخستنی بازاڕەکان و نەمانی کار، بەشێک لەوانەی داهاتیان لەسەر کاری رۆژانەیە، پەنایان بۆ فرۆشتنی کەلوپەلی نێوماڵ بردووە، بەشێكی دیكەشیان ناچاربوونە ئەڵقەی پەنجە و گوارەی گوێی هاوژینەکانیان بۆ بژێوی ژیانیان و كرێی خانوو و پێویستیی رۆژانە بفرۆشن.
هەندرێن وەرتی، گوتەبێژی سەندیكای زێڕنگرانی هەولێر، خاوەنی پێشەنگای هێنەر بۆ فرۆشتنی زێڕ، دەڵێت: "بەهۆی قەدەخەی هاتووچۆوە خەڵكێكی زۆر بێكار بوو، دوای لابردنی قەدەخەی هاتوچۆ و كرانەوەی بازاڕەكان، خەڵك بە لێشاو روویان لە فرۆشتنی زێڕ كرد، بە جۆرێك هەندێ لە زێڕنگرانی هەولێر رۆژی وا هەبوو نزیکەی یەک كیلۆ زێڕیان دەكڕییەوە".
فرۆشیار زۆرن و کڕیار کەمن
هەندرێن دەڵێت خەڵک بە پەلە بووە بۆ کردنەوەی بازاڕ و لە ماوەی قەدەخەی هاتووچۆدا بەردەوام پەیوەندییان پێوەکراوە و پرسیاری کردنەوەی بازاڕیان لێکراوە.
هەندرێن باسی ئاراستەی جوڵەی بازاڕی ئێستای زێڕ دەکات و دەڵێت: "زیاتر لە 90%ی جوڵەی ئێستای بازاڕ بریتییە لە كڕینەوەی زێڕی خەڵك كە بە زێڕی شكاو ناسراوە، 80%ی ئەو خەڵكانەشی ئێستا زێڕ دەفرۆشن، خەڵكی دەستکورتن".
زێڕنگران ئاماژە بەوەدەدەن ئەوانەی کڕیاری زێڕن ژمارەیان زۆر کەمە، بۆیە ئەو زێڕەی دەیکڕن ناچارن هەناردەی بکەن.
خەلیل ماهیر، خاوەنی پێشەنگای پێرس بۆ كڕین و فرۆشتنی زێڕ دەڵێت "لە ماوەی دوو هەفتەدا زیاتر لە سێ کیلۆ زێڕم لە خەڵک کڕیوەتەوە، بەڵام تەنیا 200 گرام زێڕم فرۆشتووە". ئەمە لە کاتێکدایە پێشتر هەمیشە کڕیاری زیاتر بووە لە فرۆشیار.
بە گوتەی ماهیر خەلیل ئەوانەی زێڕ دەفرۆشن دوو جۆرن: "خەڵكیك هەیە بۆ بژێوی ژیان ئەڵقە یان گوارەی خێزانەکەی دەفرۆشێت، خەڵكێكیش بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ بە دەرفەت دەزانن و زێڕەکەیان دەفرۆشن".
بازاڕەکە لە بەرژەوەندی زێڕنگراندا نییە
بازاڕی ئێستای زێڕ زیاتر لە بەرژەوەندی ئەو كەسانەیە كە پێشتر زێڕیان بەهەرزان كڕیووە ئێستا بۆ كڕینی موڵك یان دانەوەی قەرز دەیفرۆشنەوە، بەڵام زۆر لە بەرژەوەندیی زێڕنگراندا نییە هەندێ زێڕنگر زیانێكی زۆریان کردووە.
خەلیل ماهیر دەڵێت: "زێڕنگر زیاتر قازانج لە کڕین و فرۆشتنەوەی زێڕ نوێ دەکات نەک زێڕی بەكارهاتوو. بۆ نمونە ئێمە لە كڕین و فرۆشتنەوەی كیلۆیەك زێڕی بەكارهاتوو نزیكەی 100 دۆلار قازانج دەكەین و كۆمپانیاكانیش 25 دۆلار، بەڵام لە فرۆشتنی زێڕی دروستكراو بەهۆی وەرگرتنی دەستحەق قازانجی زۆر زیاتر دەكەین".
ئەو زێڕنگرە بازاڕی زێڕ بە بازاڕێکی هەستیار وەسفدەکات و دەڵێت: "كاری زێڕنگری زۆر هەستیارە وەك قومار وایە، دەبێت ژیرانە مامەڵە بکەی، ئەگەر كیلۆیەك زێڕت فرۆشت، بە نرخی ئەو رۆژە كیلۆیەك زێڕی شكاو بكڕییەوە، چونكە بەپێی رێنماییەكانی حكومەت زێڕنگر و كۆمپانیاكان چەند زێڕ هەناردە بكەن، دەبێت ئەوەندە زێڕەش هاوردە بکەن، هەندێك زێڕنگر ئەمە ناکەن، كەوتوونەتە ژێر باری قەرزێكی زۆر، زێڕنگر هەیە بەهۆی ئەم بارودۆخەوە 2 ملیۆن دۆلاری زەرەر کردووە.
نرخی زێڕ 20% بەرزبووتەوە
قارەمان جەوهەر، سەرۆكی كۆمەڵەی زێڕنگرانی كوردستان ، كە خاوەنی پێشەنگایەكی كڕین و فرۆشتنی زێڕە بە جوملە و زۆرجار پێشەنگاكەی وەك بۆرسەی زێڕ دەناسرێت، دەڵێت: "لەدوای ساڵی 2013وە هیچ كاتێك نرخی زێڕ بەم شێوەیەی ئێستا بەرز نەبووەتەوە ، بە جۆرێك لە سێ مانگی رابردوو نرخی هەر میسقالێك زێڕی عەیار 21 لە 240 هەزار دینارەوە بووەتە 300 هەزار دینار، واتە نرخی هەر مسقالێك زێڕ بەرێژەی 20% بەرزبووەتەوە".
بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ لە هەرێمی كوردستان پەیوەستە بە بۆرسەی جیهانی و ئەو خواستە زۆرەی لەسەر ئەم كانزایە پەیدابووە، هۆكارەكەشی بۆ دابەزینی نرخی نەوت و كاریگەری ڤایرۆسی كۆرۆنا دەگەڕێتەوە، كە جۆرێك لە ناسەقامگیری ئابووری لەجیهاندا دروستكردووە".
قارەمان جەوهەر، دەڵێت: "ئێستا 90%ی جوڵەی بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان بریتییە لە كڕینەوەی زێڕی خەڵك. فرۆشتن نزیكەی 10%یە، بەم هۆیەشەوە ماوەیەك گرفتی پارەی كاش لە بازاڕەكان دروست بوو، تا رێگەی توركیا دۆزرایەوە جوملەفرۆشەكان توانیان ئەو زێڕەی کڕیبویان هەناردەی توركیا بكەن. لەماوەی مانگێکدا 4 تۆن زێڕ لە هەرێمی كوردستانەوە هەناردەی توركیا كرا."
نزیكەی 1600 پێشەنگای زێڕ و 46 كۆمپانیای بازرگانی هاورد و هەناردەی زێڕ و ئەلماس و بەردە بەنرخەكانی لەهەرێمی كوردستان هەن. پێشەنگاكان بەشێوەی تاك زێڕی دروستكراو دەفرۆشن و زێڕیش كۆن و شكاویش لە خەڵك دەكڕنەوە، دوای تواندنەوەی بەقاڵب بە كۆمپانیاكانی زێڕی دەفرۆشنەوە، ئەوانیش قاڵبە زێرەکان بە بازرگانانی توركیا و ئیمارات دەفرۆشنەوە، لە بەرامبەریشدا زێڕی دروستكراو هاوردە دەكەن.
هەژار قادر، خاوەنی كۆمپانیای دی جی ئای ، بۆ بازرگانیی هاوردە و هەناردەی زێڕ و ئەڵماس و بەردی گرانبەها لەشاری هەولێر،
دەڵێت: "بەگوێرەی ئەو داتایەی لە بەردەستی ئێمەدایە لەدوای كرانەوەی بازاڕەكان، زیاتر لە چوار تۆن زێڕی شكاو كە زێڕنگران لە خەڵكیان كڕیوەتەوە هەناردەی توركیا كراوە، لە بەرامبەریشدا نزیكەی 250 تاوەكو 300 كیلۆ زێڕی دروستكراو هاوردەكراوە، ئەو بڕە زێڕەشی هەناردەكراوە لەوانەیە 300 كیلۆی هی كوردستان بێت ئەوی دیكە هی شارەكان عێراق بووە".
لە هەرێمی کوردستان 46 كۆمپانیای تایبەت بە بازرگانیی زێڕ هەن، ئێستا نزیكەی 12 كۆمپانیا کار دەکەن، بەڵام تەنیا پێنجیان زۆر چالاکن.
هەژار قادر دەڵێت: "ئەو بازاڕەی ئێستا هەیە سوودی بۆ زێڕنگران و جوملەفرۆشان و كۆمپانیا بازرگانییەكانی زێڕ نییە، بۆیە دڵنیام ئەگەر ئەم بارودۆخە ئابوورییەی هەرێمی كورستان، تاوەکو جەژنی قوربان درێژە بكێشێ، رەنگە 20%ی پێشەنگاكانی زێڕ دابخرێن، چونكە ئەو پێشەنگایانە زۆربەیان زێڕیان بە قەرز هێناوە بۆ نمونە ئەگەر 20 كیلۆی لە پێشەنگا هەبێت، تەنیا 5 كیلۆی هی خۆیەتی، ئەو قەرزەش ئەگەر لەكاتی خۆ نەگەرێنەوە ناتوانن داوای زێڕی دیكە بكەن."
نرخی زێڕ زیاتر بەرزدەبێتەوە؟
بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت و بەردەوامبوونی مەترسییەکانی کۆرۆنا لەسەر ئابووری و تەندروستی خەڵک، هەژار قادر پێشبینی دەکات خواست لەسەر زێڕ زیاتر ببێت و بەو هۆیەوە نرخی زێڕ زیاتر بەرزببێتەوە.
هەژار قادر، گوتی: "نرخی نەوت زۆر دابەزیوە بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناش ئابووری زۆربەی وڵاتان تووشی شكست بووە بۆیە پێشبینی دەكەم لەجیهان خواست لەسەر زێڕ زیادبكات هێشتا نرخی بەرزترببێتەوە و یەک ئۆنسە زێڕ بگاتە 2000 دۆلار کە ئێستا لە دەوربەری 1700 دۆلارە".
کوردستان.. سەنتەری بازرگانیی زێڕ لە عێراق
بەپێی ئاماری بەرێوەبەرایەتی گشتیی پلان و بەدواداچوون لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی كوردستان، كە پشتی بە داتای وڵاتانی هەناردەكار بەستووە، لە ماوەی ساڵانی 2016 و 2017 و 2018 عێراق بایی زیاتر لە 11 ملیار و 685 ملیۆن دۆلار زێڕ و ئەڵماس و بەردی بە نرخ و زیو و مرواری هاوردە كردووە.
پشكی شێر لەم بازرگانییە بەر هەرێمی كوردستان كەوتووە، بەجۆرێك زیاتر لە 74%ی بازرگانییەکە لەرێگەی بازرگانانی كوردستان و بازرگانانی عێراقی نیشتەجێبووی هەرێمی كوردستان کراوە.
لە ساڵی 2016 لە عێراق بایی 3 ملیار و422 ملیۆن دۆلار زێڕ و كاڵا بەنرخەكانی دیكە هاوردەكراوە. کە 2 ملیار و 592 ملیۆن دۆلاری لە رێگەی بازرگانانی كوردستان بووە.
لە ساڵی 2017 بایی 4 ملیار و 379 ملیۆن دۆلار زێڕ و كاڵا بە نرخەكانی دیكە هاوردەكراوە، کە 3 ملیار و 104 ملیۆن دۆلاری ئەو مامەڵەیە لە رێگەی كوردستانەوە بووە.
هەروەها ساڵی 2018 بایی 3 ملیار و 884 ملیۆن دۆلار زێڕ و كاڵا بەنرخەكانی دیكە هاوردەی عێراق کراوە، بایی نزیكەی 2 ملیار و 968 ملیۆن دۆلاری لە رێگەی بازرگانانی كوردستان بووە.
هەژار قادر ئیسماعیل، دەڵێت: "پێشتر زۆرترین ئاڵوگۆری بازرگانانی عێراق و هەرێمی كوردستان بۆ زێڕ لەگەڵ ئیمارات بوو، بەڵام ئێستا ئەم ئاڵوگۆڕە زیاتر لەگەڵ توركیایە، هۆكارەكەشی بۆ ئەوە دەگەرێتەوە ئیمارات 5% رەسمی خستەی بازرگانی زێڕ و زیو و بەردە گرانبەهاكان لە بەرامبەردا توركیا بۆ راكێشانی ئەم بازرگانییە ئاسانكاری زۆری بۆ بازرگانان كرد، ئۆفیسی بە خۆرایی بۆ كۆمپانیاكان لە ئیستەنبووڵ كردەوە و رەسمی كەمكردەوە، لێخۆشبوونی لە باجەكان دەركرد، جگە لەوەش كارگەكانی توركیا لەسەر دیزاینی ئیتاڵی گەشەیان بە دیزاینی دروستكردنی زێڕ دا، ئەمەش وایكرد بەشێك لە بازرگانان لە جیاتی ئیمارات روو لە توركیا بكەن".
ئێستا هەرێمی کوردستان سەنتەری بازرگانی زێرە لە عێراق. هەژار قادر ئیسماعیل دەڵێت: "ئارامی كوردستان و ئاسانكاری بۆ بازرگانان، ئەو متمانەیەی لە نێوان بازرگانانی كوردستان و ئیمارات و توركیا هەیە. هەروەها جیاوازی رەسمی گومرگی و باج و پشكنین كە تێچووی هاوردنی هەر كیلۆیەك زێڕ لە عێراق نزیكەی 500 هەزار دینارە، بەڵام لە هەرێمی كوردستان 251 دۆلارە، هۆكاری سەرەكییە كە كوردستان بێتە سەنتەری بازرگانیی زێڕ بۆ عێراق. نزیكەی 80%ی ئەو زێڕەی ساڵانە كۆمپانیا بازرگانییەكانی هەرێمی كوردستان هاوردەی هەرێمی كوردستانی دەكەن، جارێكی دیكە هەناردەی شارەكانی عێراق دەكرێت تەنانەت بەشێك لەو زێڕەی هاوردەی كوردستان دەكرێت بەشێوەی نایاسایی دەچێتە ئێرانیش."