نرخی زێڕ بۆ 3315 دۆلار بەرزبووەوە
رووداو دیجیتاڵ
نادڵنیاییەکانی پەیوەست بە پێناسە گومرکییەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و دابەزینی بەهای دۆلار، ئەمڕۆ سێشەممە نرخی زێڕیان بەرزکردەوە.
ئۆنسەیەک زێڕ لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا رۆژی سێشەممە بە رێژەی 0.4٪ بەرزبووەوە و گەیشتە 3315 دۆلار.
نرخی زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتووشدا بە رێژەی 0.6٪ بەرزبووەوە و ئۆنسەیەکی بە 3326 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
نیکۆلاس فراپێل، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (ئەی بی سی ریفاینەری) لەو بارەیەوە رایگەیاند: "ئەگەر دوامۆڵەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ جێبەجێکردنی پێناسە گومرکییەکان درێژنەکرێتەوە، ئەوا ناڕوونییەکانی پەیوەست بە پێناسە گومرکییەکان دەبنە هۆکاری بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی زێڕ."
لەلایەکی دیکەوە، پێنوێنی دۆلار کە بەهای دۆلاری ئەمریکی بەراورد بە شەش دراوی سەرەکی جیهان دەپێوێت، رۆژی سێشەممە بە رێژەی 0.1٪ـی دیکە دابەزی بۆ کەمترین ئاستی لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا.
دابەزینی بەهای دۆلار بەپێچەوانەوە کاریگەری لەسەر نرخی زێڕ دەبێت.