لە کوردستان بەخێوكردنی سەگ لە حەزەوە دەبێتە بازرگانی

 
رووداو دیجیتاڵ
 
لە کوردستان بەخێوکردن و راگرتنی سەگ گۆڕانکاریی زۆری بەسەردا هاتووە، ئەگەر پێشتر کەسانێک بۆ حەزی خۆیان سەگیان بەخێوکردبێت، ئێستا خەڵکانێک بۆ بەدەستهێنانی داهات، ئەو کارە دەکەن.
 
لە چەند ساڵی رابردوودا ژمارەیەکی زۆر لە پێشانگە و دووکانی تایبەت بە کڕین و فرۆشتنی سەگ کراونەتەوە. ئەم پێشەنگایانە بۆ قازانج و لەسەر خواستی خەڵك لە ئۆكراینا، رووسیا، سربیا، بیلارووسیا، توركیا، سووریا، ئوردن، ئێران و هەندێ وڵاتی دیكە سەگ بە فەرمی و نافەرمی هاوردە دەكەن، هەندێکجاریش سەگی خۆماڵی هەناردەی شارەكانی عێراق دەكەن.
 
دكتۆر مستەفا محەممەد زەكی، بەڕێوەبەری كەرەتنین لە بەڕێوەبەرایەتی ڤێتەرنەری هەولێر، دەڵێت: "بەخێوكردنی سەگ لە هەرێمی كوردستان زۆر پەرەیسەندووە، بەپێی ئەو داتایانەی لەبەردەستدان لە سێ ساڵ رابردوودا بەراورد بە سێ ساڵی پێشتر، بازرگانی و هاوردەكردنی سەگ بە رێژەی 50% زیادیكردووە".
 
دکتۆر مستەفا هۆکاری ئەو زیادبوونە بۆ قەیرانی دارایی دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت: "قەیرانی دارایی بەخێوكردنی سەگی لە حەزەوە گۆڕیوە بۆ بازرگانی. ئێستا هەندێک خەڵك جۆرێك یان چەند جۆرێكی سەگ بەخێودەكەن و بێچووەكانیان دەفرۆشنەوە، بۆیە 75%ی ئەو سەگانەی لە كوردستان كڕین و فرۆشتنیان پێدەكرێت بەرهەمی خۆماڵین یان بەقاچاخ هاوردەكراون".
 
ئەو سەگانەی هاوردەی هەرێمی كوردستان دەكرێن، دوو جۆرن: سەگی ناو ماڵ و سەگی دەرەوەی ماڵ. جۆری یەكەمیان بچووكن لە ناو ماڵ بۆ جوانی بەخێودەكرێن بریتین لە شیتزو، پومرینیان، تریال، لولو فۆكس، یوركشایەر، ساموید و هەندێ جۆری دیكە.
 
جۆری دووەمیان بۆ جوانی و پاسەوانی لە دەرەوەی ماڵ بەخێودەكرێن كە بریتین لە جێرمەن شیبرد، روت وایلەر، بلدوغ، مالینوس، لابرادور، دوبرمان، گوڵدن ریتریڤەرت، چاوچاو، بیتبول، هاسكی و چەند جۆرێكی دیكە. نرخی هەریەك لەو سەگانەش بەگوێرەی جوانی و رەسەنی خواستی بازاڕ دەگۆرێت.
 
دكتۆر مستەفا ، خاوەنی نۆرینگەیەكی ڤێترنەرییە بۆ چارەسەری نەخۆشییەكانی سەگ و پشیلە لە شارۆچكەی عەینكاوە، دەڵێت: "هەردوو جۆرەكە خواستی لەسەرە ، بەڵام بەراورد بە پێشتر ئێستا خواست لەسەر بەخێوكردنی سەگی ناو ماڵ زیادبووە، بەشێك لە خەڵكیش سەگی گرانبەها بەخێودەكەن".
 
بەهۆی بوونی خواست، بەشێك لە پێشەنگاكان زاوزێ بە سەگەكانیان دەكەن بەچكەكانیان دەفرۆشن، زیاتریش خواست لەسەر سەگی تەمەن بچووكە. 
 
ئەحمەد موفەق، بەڕێوەبەری كۆمپانیایەکی كڕین و فرۆشتن و هاوردەكردنی سەگە لەشاری هەولێر، دەڵێت: "بەراورد بە پێشتر خواست لەسەر بەخێوكردنی سەگ لە كوردستان زۆر زیادبووە، ئێستا خەڵك باشتر لە جاران فێری مامەڵەی دروست لەگەڵ سەگەكانیان بوون، دەزانن چ جۆرە خۆراكێك بۆ تەندروستیی سەگەكانیان باشە و كەی پێویستیان بە پشكنین و كوتانە".  
 
ئەحمەد موفەق، گەنجێكی كوردە و پێشتر لە ناوچەی دۆرەی بەغدا پێشەنگای فرۆشتنی سەگی هەبووە، بەڵام دوای تێكچوونی بارودۆخی بەغدا گەڕاوەتەوە هەرێمی كوردستان، ماوەی حەوت ساڵە لە شارۆچكەی عەینكاوە پێشەنگای كڕین و فرۆشنی سەگی هەیە.
 
ئەحمەد موفەق، دەڵێت: "پێشتر مانگانە سەگێك یان دوو سەگم دەفرۆشت، كڕیارەكانیشم زیاتر بیانییەکان بوون یان ئەو كوردانە بوون كە پێشتر لە دەرەوە ژیابوون، بەڵام ئێستا مانگانە 12 تاوەكو 15 سەگ دەفرۆشم. ئەو مانگانەشی هیچ بازاڕ نەبێت لە 9 سەگ كەمتر نافرۆشم، كڕیارەكانیش 50%یان کوردن."
 
ئەو سەگانەی ئەحمەد دەیانفرۆشێت بەشێكیان لەسەر خواست هاوردەیان دەكات، بەشێكیشی بەرهەمی خۆماڵییە لەو خەڵكانە دەیكڕێتەوە كە پێشتر سەگی پێ فرۆشتوون.
 
موشتەرییەکانی ئەحمەد سنووری کوردستانیان بڕیوە و دەڵێت بەشێک لە سەگەکانی لە رێگەی ئۆنلاینەوە بە کڕیارانی لە عێراق، كوێت، سعودیە و ئیمارات و قەتەر و ئوردن دەفرۆشرێت.
 
سەبارەت بە نرخی سەگەکانیش، ئەحمەد گوتی نرخەکانیان بە گوێرەی تەمەن، جۆر و رەسەنیانە. نرخی سەگە ئەوروپی و ئەمریکییەکان لە نێوان 1000 دۆلار تاوەکو 21OO دۆلار دایە، بەڵام سەگی خۆماڵی، عێراقی، تورکی، ئێرانی و سووری نرخیان هەرزانترە.
 

بە گوتەی ئەحمەد هەندێک لەو سەگانەی لە بازاڕەکانن، بە قاچاخ لە تورکیا و ئێران هێندراون. نرخەکەیان هەرزانە، چونکە كارت و پاسپۆرتیان نییە، زۆرجاریش پاسپۆرت و كارتی ساختەیان بۆ دروست دەكەن. 
 
بەهۆی زیادبوونی خواست لەسەر بەخێوكردنی سەگ، ئێستا لە هەولێر سەنتەرێك بۆ راهێنانی سەگ كراوەتەوە.
 
راهێنەر رزگار فەرهاد، خاوەنی سەنتەری كوردستان بۆ راهێنانی سەگ، 11 ساڵ بەر لەئێستا بە راهێنانی سەگێكی خۆی لە جۆری هاسكی دەستیپێكرد، سێ ساڵ لەمەوبەر سەنتەرێکی راهێنانی دامەزراند.
 
ئەو کە بە کاپتن رزگار بانگدەکرێت، گوتی: "ئێستا خواست لەسەر بەخێوكردنی سەگ زۆربووە، بۆیە خەڵك حەزدەكەن سەگەكانیان گوێرایەڵیان بێت، بۆ ئەم مەبەستە دەیهێننە سەنتەرەكەمان ئێمەش بەگوێرەی خواستی ئەوان راهێنان بە سەگەكانیان دەكەین".
 
کاپتن رزگار بۆ راهێنانی هەر سەگێک 500 تاوەکو 1000 دۆلار لە خاوەنی سەگەکەکان وەردەگرێت. جگە لەوەش شوێنێکی لە شێوەی هوتێل بۆ سەگەکان دروستکردووە. کاتێک خاوەن سەگێک گەشت دەکات، دەتوانێت سەگەکەی لە بەرامبەر بڕێک پارە لە هوتێلەکەی رزگار دابنێت.
 
کاپتن رزگار ژمارەیەک سەگی بۆ زاوزێ راگرتووە و بەچکەکانیان دەفرۆشێتەوە. ئەو دەڵێت: "ئێستا 12 جۆر سەگم بۆ زاوزێ راگرتووە، هەشت جۆریان بەچکەیان بووە، بەڵام زیاتر گرنگی بە بەرهەمهێنانی سەگی مالینۆ، رۆت وایلەر، جێرمەن شیپرد، دۆبرمان و هاسكی دەدەم كە خواستی زۆریان لەسەرە".
 
جگە لە قازانج و داهات، کاپتن رزگار بە گوتەی خۆی ئامانجی سەرەكی لە بەخێوكردنی سەگ ئەوەیە هاوردەکردنی سەگ كەمبكاتەوە و هانی خەڵك بدات گرنگی بە بەرهەمی خۆماڵی بدەن. هەروەها دەیەوێت کوردستان بگاتە ئاستێک سەگ هەناردە بکات.
 
کاپتن رزگار دەڵێت بازرگانی سەگ فرتوفێڵیشی تێکەوتووە و روونیدەکاتەوە هەندێک بازرگان و خاوەن پێشەنگا بەچكەی سەگ لە ئەو بە 500 تاوەكو 700 دۆلار دەكڕنەوە، كارت و پاسپۆرتی بۆ دروستدەكەن بە بەرهەمی هاوردە بە 1200 تاوەكو 1500 دۆلار دەیفرۆشنەوە.
 
لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان زۆرترین خواست بۆ بەخێوكردنی سەگ لە پارێزگای سلێمانییە، بەم هۆیەوە چەندین پێشەنگا بۆ كڕین و فرۆشتن و كلینیك بۆ چارەسەرکردن و کوتانی سەگ كراونەتەوە.   
  
 دكتۆر تابلۆ حەسەن، خاوەنی كلینیکی كاپتن دۆگە، کە لە هەمانکاتدا بازرگانیش بە سەگەوە دەکات، دەڵێت: "ماوەی چەند ساڵیكە بەخێوكردنی سەگ وەك حەز و بازرگانی بە رێژەیەكی بەرچاو لە سلێمانی زیادیكردووە، بەتایبەت ئەمساڵ لە ماوەی كەرەنتیندا خەڵكێكی زۆر بۆ دووركەوتنەوەی منداڵەكانیان لە یارییە ئەلیکترۆنییەکان، روویان لە كڕین سەگ و پشیلە كرد".
 
دكتۆر تابلۆ حەسەن دەڵێت پێشتر مانگانە نزیکەی پێنج سەگیان دەفرۆشت، بەڵام  لەدوای كەرەنتینەوە مانگانە نزیکەی 15 سەگیان فرۆشتووە.
 
سەبارەت بە جۆری ئەو سەگانەی زۆرترین خواستیان لەسەرە. دكتۆر تابلۆ گوتی: "بۆ ناوماڵ زیاتر خواست لەسەر سەگی بچووكی توكنە لە جۆرەكانی تریال مالتیز، پومرینیان و یوركشایەرە، بۆ پاسەوانی و دەرەوەی ماڵیش زیاتر خواست لەسەر جێرمەن شیپرد و هاسكی هەیە".
 
دكتۆر تابلۆ و هاوژینەکەی لەسەر خواستی خەڵك سەگ لە ئۆكراینا، توركیا، بولگاریا و رووسیا و ئازەربایجان هاوردە دەكەن و سەگی خۆماڵیش لە خەڵك دەكڕنەوە و خۆشیان چەند جۆرە سەگێکیان بۆ زاوزێ راگرتووە.
دكتۆر تابلۆ، دەڵێت: "ئێمە تەنیا لەسەر خواست سەگ هاوردە دەكەین زیاتریش ئەو سەگانە هاوردە دەكەین كە لێرە دەگمەنن وەك جاپانی ئەكیتا، پومرینیان، گوڵدن ریتریڤەرت و هەندێ جۆری دیكە".
 
 
بەپێی رێنماییەکانی وەزارەتی كشتوكاڵ ، هەر كەسێك  بە مەبەستی بازرگانی سەگ هاوردە بكات، پێویستە كۆمپانیای تایبەت بە هاوردەكردنی  باڵندە و و ئاژەڵی جوانی هەبێت، بەر لە هاوردەكردنیش پێویستە مۆڵەت وەربگرێت، ئەو وڵاتەشی سەگەكانی لێ هاوردە دەكات نەخۆشییە مەترسیدارەكانی سەگی تێدا نەبێت، هەروەها ئەو سەگانەی هاوردەیان دەكات كارتی پزیشكی و پاسپۆرتیان هەبێت، بە دەرزی تایبەت بە هاریی سەگ کوترابن.
 
بەپێی ئاماری وەزارەتی کشتوکاڵ، ساڵی رابردوو 4225 ئاژەڵی جوانی هاوردە كراون، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، تەنیا 550 ئاژەڵی جوانی هاوردەكراون، کە ژمارەیەکی کەمیان سەگ بوون.
 
دكتۆر مقداد ئیبراهیم، بەڕێوەبەری كەرەنتینەی ڤێترنەری لە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو دەڵێت: "هاوردەكردنی سەگ ماوەی چەند ساڵێكە زۆر گەشەی كردووە، ساڵانە ژمارەیەكی زۆر سەگ بە قاچاخ و فەرمی لە وڵاتانی دەوروبەر هاوردەی عێراق دەكرێن، لەوێشەوە بەپێی خواستی بازاڕ دەهێندرێنە هەرێمی كوردستان".