نرخی زێڕ زیاتر لە 100 دۆلار بەرزبووەوە و گەیشتە 5393 دۆلار


رووداو دیجیتاڵ

نرخی زێڕ ئەمڕۆ دووشەممە لە یەکەم ساتی کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، بە بەرزبوونەوە دەستیپێکرد. سەرەتا 120 دۆلار بەرزبووەوە، بەڵام دواتر کەمێک دابەزی.
 
لە دوای چەند کاژێرێک لە تێپەڕینی مامەڵەکان، هەر ئۆنسەیەکی بەرزبووەوە بۆ 5393 دۆلار.
 
بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ دوای هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دێت کە وەبەرهێنەر و بازرگانانی هانداوە وەک پەناگەیەکی ئارام و خۆپاراستن لە نادڵنیاییەکانی بازاڕ، روو لە کڕینی بکەن.
 
رۆژێک لەدوای کوشتنی عەلی خامنەیی، رێبەری ئێران؛ ئێسرائیل رۆژی یەکشەممە شەپۆلێکی دیکەی هێرشەکانی بۆ سەر دامەزراوە سەربازییەکانی ئێران دەستپێکرد و ئێرانیش پایتەختی وڵاتانی ناوچەکەی کردووەتە ئامانج.
 
کایل رۆدا، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (کاپیتاڵ دۆت کۆم) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "بە پێچەوانەی شەڕەکانی پێشتر، شەڕی ئەم جارە ئەگەری هەیە لەلایەن دوو بەرەکەی شەڕ درێژە بكێشێت و زیاتر لە چەند رۆژ دەخایێنێت."
 
رۆدا پێیوایە تەشەنەکردنی شەڕەکە، ئابووریی جیهان و بەتایبەتی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکاتە ئامانج. ئاماژە بەوەش دەکات، بەرزبوونەوەی ئاستی هێرشەکان و توندبوونەوەی، بە قازانجی نرخی زێڕ شکاوەتەوە.
 
هەفتەی رابردوو، بانکی جەی پی مۆرگن و بانکی ئەمریکا رایانگەیاند، "نرخی زێڕ تاوەکو 6000 دۆلاریش دەتوانێت بەرزبێتەوە".
 
بەپێی ئەو دوو دامەزراوە گەورەیە، نرخی یەک ئۆنسە زێڕ دەتوانێت کۆتایی ئەم ساڵ بگاتە 6300 دۆلار.