نرخی زێڕ بۆ نزیکەی 4700 دۆلار دابەزی


رووداو دیجیتاڵ

نرخی زێڕ ئەمڕۆ پێنجشەممە بەڕێژەی 1.3٪ دابەزی و ئۆنسەیەکی بە نزیکەی 4670 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
 
هۆکاری دابەزینی ئەمڕۆی نرخی زێڕ بۆ گوتارەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەگەڕێتەوە کە ئاماژەی بەوەدا جەنگی ئێران بەردەوام دەبێت و چەند هەفتەیەکی دیکە دەخایێنێت.
 
دوێنێ نرخی زێڕ نزیکبووەوە لە 4800 دۆلار. هۆکارکەشی ئەوە بوو وەبەرهێنەران چاوەڕوان بوون ترەمپ لە گوتارەکەیدا کۆتاییهاتنی جەنگی ئێران رابگەیێنێت، بەڵام ئەوە رووینەدا. 
 
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، لە ماوەی 2 تاوەکو 3 هەفتەی داهاتوودا زۆر بەخراپی لە ئێران دەدەن و دەیگەڕێننەوە بۆ سەردەمی بەردین. 
 
تای وۆنگ، شرۆڤەکاری سەربەخۆی بازاڕە داراییەکان لەو بارەیەوە دەڵێت، نرخی زێڕ لە ماوەی دوو رۆژدا بەرز و نزمی زۆری بەخۆیەوە بینیوە.
 
وۆنگ دەڵێت، ترەمپ "زۆر شەڕانی" لە گوتارەکەیدا دەرکەوت و ئاماژەی بە توندکردنەوەی هێرشەکان کردووە لە گوتارەکەیدا.