نرخی نەوت زیاتر لە 5 دۆلار بەرزبووەوە
رووداو دیجیتاڵ
نرخەکانی نەوت ئەمڕۆ پێنجشەمە زیاتر لە 5 دۆلار بەرزبوونەوە.
بەرزبوونەوەی نرخەکانی نەوت دوای ئەوە هات کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هیچ کاتێکی دیاریکراوی بۆ کۆتاییهاتنی جەنگی ئێران دانەنا و ئاماژەی بە توندکردنەوەی هێرشەکانیان کرد.
نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور 6 دۆلار و 33 سەنت بەرزبووەوە و بەرمیلێکی بە 107 دۆلار و 49 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 5 دۆلار و 28 سەنت بەرزبووەوە و بە 105 دولار و 40 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
بەرزبوونەوەی نرخەکانی نەوت، دوای گوتارەکەی ترەمپ لە کاتێکدایە کە ئاراستەی نرخەکان پێش گوتارەکە ئاراستەی دابەزین بوون. چاوەڕوانییەکان لەسەر ئەوە بوو بەهۆی گوشاری نێوخۆییەوە، سەرۆکی ئەمریکا کاتی کۆتاییهاتنی جەنگ رابگەیێنێت.
شرۆڤەکارانی بازاڕی نەوت پێیانوایە، لە چەند رۆژی داهاتوودا ئەگەری بەرزبوونەوەی زیاتری نرخەکانی نەوت هەیە، ئەگەر هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران بە کردەیی هیچ هیوایەک بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز نەهێڵێتەوە.