چارەسەری بنەڕەتی

 
 
‎لەوەتەی عێراقی نوێ لە سێ پێکھاتەی شیعە، سوننە و کورد، بە زۆرەملێ، پێکھاتووە، خوێن لە جەستەی دەچۆڕێ، ھیچ کام لەو سێ پێکھاتەیە جا حاکم بووبن یان مەحکوم لەم جوگرافیای عێراقەدا ئاسوودە نەبوون. ھەر بۆ بیرھێنانەوە ئەگەر کورد بەشێک نەبووایە لە عێراق، شەڕی ئێران - عێراق رووی نەدەدا، ئەگەر ئەو شەڕە رووی نەدایە، عێراق کوێتی داگیرنەدەکرد، ئەگەر کوێت داگیرنەکرایە نە شەڕی کەنداوی یەکەم و نە شەڕی کەنداوی دووەم ھەڵدەگیرسا.
 
کەواتە ئەنجامی دروستکردنی ئەم عێراقە کوژرانی سەدان ھەزار خەڵکی بێتاوانی ھەر سێ پێکھاتەکەی عێراق، ئێران و کوێت بووە. ئەمە جگە لە وێرانکردن و سووتماککردنی خاک و ئەنجامدانی تاوانی جینۆساید و لە چاڵنانی سەدان ھەزار ژن و منداڵ و پیر لە سەدان و بگرە ھەزاران گۆڕی بەکۆمەڵدا. ئەمە سەرەڕای بوونی چەندین چارەسەری کاتی و رێککەوتنی جیاجیا لە زەمەنی جیاجیادا لەنێوان کورد و نوێنەرانی دیکەی پێکھاتەکان لەعێراقدا.
 
دواچارەسەر و دوا رێککەوتن کە بە تاجی رێککەوتنەکان دەزانرا و کورد خۆی لە خاڵی بەھێزیەوە بەشداری ئەنجامدانی بوو، بەشداربوونەوەی کوردبوو لە دروستکردنەوەی عێراقی نوێ، بەڵام ئەنجامی ئەم رێککەوتنەش کە بە فیدراڵیبوونی عێراق و بوونی کوردێک بە سەرۆککۆماری لێکەوتەوە، گەیشت بەکوێ؟ بەڕاشکاوانە دەڵێم، ئەنجامەکەی وەک دەڵێن، حەسود بەغیلی پێنابا. 
 
دڕدۆنگی نێوان ھەولێر و بەغدا ھەر لە سەردەمی دروستکردنی ھێزی دیجلە و دواتر کێشمەکێشمەکانی دەرھێنان و فرۆشتنی نەوت و غاز و ھەتا پەلاماردانی کوردستان لەلایەن ھێزی چەکداری عێراق و حەشدی شەعبی، ئەوا نان بڕینی یەکجارەکیشی لێکەوتەوە. بێگومان ناکرێ ئۆباڵی سەرجەم ئەو کارەسات و ماڵ وێرانییانەی بەسەر گەلانی عێراقدا ھاتووە بە کوردیشەوە ھەمووی بخەینە ملی پێکھاتەیەک، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئۆباڵی عێراقی عەرەبی ھێندە گەورەترە بە ئۆباڵی کوردان ھەر بەراورد ناکرێت. بەڵام دەتوانین بڵێین ئۆباڵی ھەمووان لە ئەستۆی دەوڵەتانی داڕێژەری رێککەوتننامەی سایکس پیکۆیە و بەتایبەت تریش بەریتانیا کە ئەم عێراقەیان بەبێ ویستی پێکھاتەکانی دروستکرد.
 
‎بۆ لە رەگوڕیشەوە چارەسەرکردنی ئەم دۆخە و بۆ رزگارکردنی نەوەکانی داھاتووی خەڵکی عێراق بە سەرجەم  پێکھاتەکانیەوە و دراوسێکانیشی لە رووبەڕوونەبوونەوەی ئەو کارەسات و شەڕوشۆڕانەی لە 100 ساڵی رابردوودا روویان داوە، ھەڵوەشاندنەوەی ئەم عێراقە تەنھا چارەسەری بنەڕەتییە، ئەمەش دوور لە دڕدۆنگی و شەڕوشۆڕ و بە گفتوگۆ و رێککەوتن لەگەڵ ھێزە سیاسییەکانی عێراق، لە رێگەی ئەنجامدانی ریفراندۆمێکی سەربەخۆ لەژێر چاودێریی نەتەوە یەکگرتوەکان و تیایدا پرسیار لە خەڵکی کوردستان بکرێ کە دەیانەوێت لەم عێراقەدا بمێننەوە یان سەربەخۆبن، ئەنجامی ریفراندۆمەکە دەبێ ئیلزامی بێ بۆ ھەمووان و بە ئاشتییانە و بەپێی رێککەوتن دەرەنجامەکانی جێبەجێبکرێن.
 
ئێستادا ‎ھەتا ھێزە سیاسییەکانی عێراق و وڵاتانی دراوسێ و ئەندامە ھەمیشەییەکانی ئەنجوومەنی ئاسایش دەگەنە ئەو ئەنجامە لەسەر سەرکردایەتیی سیاسیی ئێستای کوردستان، پێویستە کە واز لەم گاڵتەجاڕییەی گەڕانەوە بۆ بەغدا بێنێ و لەجیاتی ئەوە ھەرچی پارەی کۆیان کردووەتەوە لە 29 ساڵی رابردوودا و بەشێک لە داھاتی ملیاردێر و ملیۆنەرە نیشتمانپەروەرەکان و سەرمایەی ئەو سەرمایەدارانەی لەڕێگەی بەخشین و قۆرخکارییەوە لەو 29 ساڵەدا سەرمایەکانیان پێکھێناوە بھێنن و بیخەنە خزمەت سەرکەوتنی ئەو پرۆژەی سەربەخۆییە و ھاوکات لەگەڵ گەڕاندنەوەی پارەکان ھەرچی نوێنەرانی کوردستانە لە سەرۆکایەتیی کۆمار و حکومەت و پەرلەمان و دەسەڵاتی دادوەری بگەڕێنێتەوە بۆ کوردستان و ھەر کەسیش بەغدای ھەڵبژارد و نەگەڕایەوە ئەوە نوێنەرایەتیی خەڵکی کوردستان ناکات و دەکرێ وەک ھاووڵاتیەکی عێراقە عەرەبییەکە بمێنێتەوە.
 
ئەم بابەتە ئەگەر بە وردی لێی بکۆڵرێتەوە و دوور لە موزایەداتی سیاسی دەکرێ لە ماوەیەکی کەمدا پشتگیرییەکی زۆری لەناو ھێزە عێراقییە عەرەبیەکان و دنیای دەرەوەش بۆ مسۆگەر بکرێت، سەبارەت بە سنووری کوردستانی سەربەخۆش دەکرێ لەسەرەتادا سنووری جوگرافیای ھەرێم بکرێ بە بنەماو ناوچە کێشەلەسەرەکانی ماددەی 140ـیش ھەروا بمێننەوە و بەپێی دەستووری عێراق مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت، تا لەکۆتاییدا ئەویش بەپێی رێککەوتن چارەسەردەکرێت.
 
‎بێگومان ئەم بابەتە ئەوە ھەڵدەگرێت کە توێژەر و رۆشنبیران بکەونە تاوتوێکردنی، توێژینەوە دەستپێبکەن و دەزگا و ناوەندە میدیاییەکانیش کۆنفرانس و دیداری تایبەتی بۆ سازبکەن بە بەشداری نوێنەرانی سەرجەم پێکھاتە و دەرودراوسێ و توێژەرە جیھانییەکان.