ئەردۆغان: شرنەخ رۆژانە 100 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمی دەبێت


رووداو دیجیتاڵ

لە کۆبوونەوەیەکی جەماوەرییدا لە پارێزگای کۆنیای تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند، ئەو یەدەگە نەوتیەی لە ناوچەکانی جودی و گابار لە پارێزگای شرنەخی باکووری کوردستان دۆزراوەتەوە، توانای رۆژانەی 100 هەزار بەرمیلە.
 
لەکاتێکدا کەمتر لە دوو هەفتە ماوە بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری و پەرلەمانیی تورکیا، بەربژێران لە کۆبوونەوە جەماوەرییەکانیان بەردەوامن. رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رۆژی سێشەممە، 2-5-2023، لە کۆنیا گوتارێکی پێشکێشکرد و باسی لەو نەوتە کرد کە لە پارێزگای شرنەخی باکووری کوردستان هەیە. 
 
سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، بە لێدانی 100 بیرەنەوت بە قووڵایی دوو هەزار و 600 مەتر، بەرهەمی رۆژانە بۆ 100 هەزار بەرمیل تەنیا لەو پارێزگایە بەرزدەبێتەوە.
 
ئەردۆغان باسی لە دۆزینەوەی بیری نوێی نەوت لە باکووری کوردستان و تورکیا کرد و گوتی: "چاوەڕێی مژدەین. بە بەرهەمی رۆژانەی 180 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە [لە هەموو تورکیا]، هەنگاوێکی نوێ بەرەو سەربەخۆبوونی وڵاتەکەمان لە وزەدا دەنێین. لەمەودوا تورکیا وڵاتێک نابێت پێویستی بە وزە بێت، بەڵکو دەبێتە هەناردەکاری وزە".
 
کێڵگە نەوتییەکانی باکووری کوردستان و تورکیا زۆر دەوڵەمەند نین. کێڵگە نەوتییەکانی ئێستا زیاتر لە پارێزگاکانی سەمسوور، ئێلیهـ، ئامەد، سێرت، رووها و مێردینی باکووری کوردستانن. ئەو نەوتەی بەرهەم دەهێندرێت بەشێکی کەم لە پێداویستییەکانی ناوخۆی تورکیا دابین دەکات.
 
تورکیا لە ساڵی 2015دا 51 هەزار بەرمیل نەوتی لە رۆژێکدا بەرهەمهێناوە، لە کاتێکدا 796 هەزار بەرمیل نەوتی لە رۆژێکدا بەکارهێناوە.