وەزیری بازرگانیی تورکیا: هەناردەی ساڵانەمان گەیشتووەتە 265 ملیار دۆلار

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری بازرگانیی تورکیا رایگەیاند، هەناردەی ساڵانەی کاڵاکانیان گەیشتووەتە بەرزترین ئاست و بۆ 265 ملیار دۆلار بەرزبووەتەوە.
 
عومەر بۆڵات، وەزیری بازرگانیی تورکیا ئەمڕۆ هەینی 2ی ئایاری 2025 لە شاری ئامەدی باکووری کوردستان، داتاکانی پەیوەست بە هەناردەی تورکیای ئاشکرا کرد و رایگەیاند، لە 12 مانگی رابردوودا هەناردەی ساڵانەی کاڵاکانیان بۆ 265 ملیار دۆلار بەرزبووەتەوە، ئەمەش بەرزترین ئاستی هەناردەکردنە لە مێژووی کۆماری وڵاتەکەیاندا.
 
بۆڵات ئاماژەی بەوە دا، هەناردەکردنی تورکیا لە نیسانی 2025دا بەراورد بە نیسانی پار 8.5% زیادیکردووە و بە بەهای 20.9 ملیار دۆلار کاڵایان هەناردە کردووە؛ هەروەها هاوردە بە رێژەی 12.9% زیادیکردووە و لە نیسانی 2025دا بە بەهای 33 ملیار دۆلار کاڵایان هاوردە کردووە.
 
هەروەها وەزیری بازرگانیی تورکیا ئەوەی خستووەتەڕوو، کورتهێنانی بازرگانیی دەرەکیی تورکیا لە نیسانی 2024 بۆ نیسانی 2025دا 86.6 ملیار دۆلار بووە.
 
بەگوێرەی ئەو داتایانەی ئەو وەزیرەی تورکیا رایگەیاندووە، لە چارەکی یەکەمی ئەم ساڵدا، واتە لە مانگەکانی کانوونی دووەم، شوبات، ئادار و نیسانی 2025دا 5 بەرهەمی سەرەکی کە زۆرترین هەناردە کراون، بریتین لە بەردی بەنرخ و زێڕ بە بەهای یەک ملیار و 400 ملیۆن دۆلار. پیشەسازیی بەرگری بە بەهای 567 ملیۆن دۆلار، ئۆتۆمبێل بە بەهای 553 ملیۆن دۆلار، ئامێری کارەبایی بە بەهای 304 ملیۆن دۆلار و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی شەڕکەر بە بەهای 286 ملیۆن دۆلار.
 
هەر لەو وادەیەدا، 5 بەرهەم کەم هەناردە کراون، کە بریتین لە بەرهەمە نەوتییەکان بە بەهای 640 ملیۆن دۆلار، ئارد بە بەهای 291 ملیۆن دۆلار، ئاسن و پۆڵا بە بەهای 163 ملیۆن دۆلار.