موبەڕیدەی هاوردەکراو زۆرە؛ بەرهەمهێنەرانی ناوخۆیی رکابەرییان پێناکرێت

 
 
رووداو - هەولێر

ساڵانە بە هۆی هاوردەکردنی هەزارن موبەڕیدە لە وڵاتانی دەرەوە، نزیکەی 25 ملیۆن دۆلار سەرمایە لە هەرێمی کوردستان دەچێتە دەرەوە. ئەوەیش وایکردووە کارگەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان رکابەرییان پێنەکرێت.
 
وەستا نەسرەدین کارگەیەکی هەیە و زیاتر لە 30 کەس کاری تێدا دەکەن. رۆژانە نزیکەی 10 تۆن ئاسن دەخرێتە کار بۆ نزیکەی 15 بەرهەمی جۆراوجۆر، بەڵام نەک بۆ دروستکردنی موبەڕیدە، بەڵکو بۆ ئامێری دیکە، چونکە پێیوایە دروستکردنی زەمینەی رکابەریکردنی بەرهەمە هاوردەکراوکانی نیییە.
 
نەسرەدین عەلی، وەستا و خاوەنی کارگەیە و دەڵێت، "ئەو ئامێرانەی کە موبەڕیدەکەیان پێ دروست دەکرێت، من ئامێرەکانیش دروست دەکەم، نەک موبەڕیدەکە؛ موبەریدەکە هەر زۆر ئاسانە. دەتوانین ساڵانە بەلای کەمەوە 80 هەزار دانە دروست بکەین. دەتوانین زۆر لە ئێرانیش هەرزانتر بیفرۆشین، بەس گومرگمان لەسەر کەم بکەنەوە لەسەر ئەو ماددانەی کە دەیانهێنین. پێویستی بە زەوییشە، نزیکەی 10 هەزار مەتری پێویستە.
 
کارگەیەک لە هەولێر تۆڕ و پووشی تایبەت بە موبەڕیدە دروستدەکات و رۆژانە بەشی زیاتر لە هەزار موبەریدە بە جۆرێتییەکی باشتر لە بەرهەمە هاوردەکراوەکان بەرهەم دەهێنن.
 
سالار سەلاح، خاوەنی کارگەی پووشە و باس لەوە دەکات، "ئەو پووشەی کە لە ئێرانەوە دێت 200 گرامی تێدایە، ئەوەی ئێمە 600 گرامی تێدایە، بۆیە ناتوانین رکابەریی ئێرانییەکەی پێ بکەین. حکومەتی هەرێمی کوردستان هاوکاریمان بکات؛ هاوردەکردن قەدەخە بکرێت، گومرگەکانمان بۆ کەم بکەنەوە بۆ ئامێرەکان، دەتوانین رکابەریی بکەین".
 
لە بازاڕی موبەریدەدا تا چاو هەتەر دەکات موبەڕیدەی ئێرانییە. دەگوترێت بێڕەکابەرن. جا چ جۆرێتییان بەرز بێت چ نزم. جاروبار موبەڕیدەی چینی لە جۆری پلاستیکی شان لە شانی ئێرانییەکان دەدەن. نرخیشیان لە 80 دۆلار تاوەکو 150 دۆلارە.
 
ئیبراهیم کەریم، فرۆشیاری موبەڕیدەیە و دەڵێت، "ساڵانە من زیاتر لە هەزار موبەڕیدە دەفرۆشم؛ هەر من بەتەنێ. دووکانەکانیش زۆرن. ئێستا لەم شوێنە کە فولکەی شێخ مستەفای پێدەڵێن نزیکەی 30 دووکانی لێیە".
 
وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان پشتگیریی بەرهەمهێنەران بە ئەرکی سەرەکیی خۆیان دادەنێن.
 
فەتحی محەممەد، راوێژکار لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ژێرخانێکی پیشەسازیی گونجاو و بەهێز دەتوانێت لە زۆر شت رزگامان بکات. بۆ نموونە ئەگەر نرخی نەوتیش دابەزێت کێشەمان نابێت".
 
ئەگەر نرخی مامناوەند بۆ هەر موبەڕیدەیەک لە هەرێمی کوردستان 100 دۆلار بێت، ئەوا ساڵانە زیاتر لە 25 ملیۆن دۆلار سەرمایە لە هەرێمی کوردستان بە کاڵایەکی هاوردەکراو دەدرێت کە دروستکردنی لە ناوخۆ کارێکی هێندە ئەستەم نییە و خاوەن کارگەکان بە یەکێک لە ئاسانترین کارەکانی خۆیانی دەزانن.