نرخی ئۆنسەیەک زێڕ 20 دۆلار بەرزبووەوە
رووداو دیجیتاڵ
نرخی زێڕ ئەمڕۆ دووشەممە لە یەکەم رۆژی کردنەوەی بازاڕەکان لەم هەفتەیەدا، نزیکەی 20 دۆلار بەرزبووەوە و ئۆنسەیەکی بە 3310 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
بەرزکردنەوەی پێناسی گومرکی بەسەر ئاسن و ئەلەمینیۆم بۆ 50٪ لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و توندبوونەوەی شەڕی نێوان رووسیا و ئۆکراینا، بە هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ دادەنرێت.
تیم واتێرێر، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (کەی سی ئێم ترەید) رایگەیاند، "لەگەڵ هاتنەوەی فاکتەرە جیۆسیاسییەکان بۆ ناو بازاڕە داراییەکان، بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ جێگەی سەرسووڕمان نییە."
واتێرێر پێیوایە ئەو سامانانەی بە "سامانی سەلامەت" بۆ وەبەرهێنان هەژماردەکرێن، سەرەتای ئەم هەفتەیە بە بەرزبوونەوە کراونەتەوە کە هاوکاتە لەگەڵ دابەزینی بەهای دۆلاری ئەمریکی.
رۆژی هەینی، دۆناڵد ترەمپ پێناسی گومرکیی سەر ئاسن و ئەلەمینیۆمی لە 25٪وە بەرزکردەوە بۆ 50٪ و یەکێتیی ئەورووپاش هەڕەشەی کردووە وەڵامی ئەمریکا دەداتەوە.
هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی دووەم خولی دانوستاندنی نێوان ئۆکراینا و رووسیا لە ئێستەنبووڵ بۆ راگرتنی جەنگ، هێرشەکانی ئەو دوو وڵاتە بۆ سەر یەکدی زیاتر بوون، بەتایبەتی هێرشی درۆنیی ئۆکراینا بۆ سەر پێگەیەکی ئاسمانیی رووسیا، زیانی زۆری لە مۆسکۆ داوە.