نرخی نەوت زیاتر لە 1 دۆلار بەرزبووەوە


رووداو دیجیتاڵ

نرخی نەوت ئەمڕۆ دووشەممە لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، بەڕێژەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە.
 
نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور 1 دۆلار و 19 سەنت بەرزبووەوە و بەرمیلێکی بە 63 دۆلار و 97 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 1 دۆلار و 30 سەنت بەرزبووەوە و بە 62 دۆلار و 9 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
رۆژی شەممە هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس بڕیاریدا هاوشێوەی دوو مانگی رابردوو، لە مانگی داهاتووشدا 411 هەزار بەرمیل نەوتی زیاتر بخاتەڕوو.
 
بڕیارەکەی ئۆپێک پڵەس لەنێو بازاڕدا پێشبینیکراو بوو، لەبەرئەوەش خستنەڕووی زیاتری نەوت نەبووە هۆکار بۆ دابەزینی زێڕی رەش.
 
پێش کۆبوونەوەکەی رۆژی شەممە، چاوەڕوان دەکرا بەرهەمهێنەرانی نەوتی ئەندام لەو گرووپە زیاتر لە 411 هەزار بەرمیل نەوت لە مانگی 7 بخەنەڕوو.
 
هاری چیلینگوریان، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (ئۆنێکس کاپیتاڵ) رایگەیاند، "ئەگەر ئۆپێک پڵەس زیاتر لە 411 هەزار بەرمیل نەوتی زیاتری بخستایەتەڕوو، نرخی نەوت ئەمڕۆ بە دابەزینی بەرچاو دەکرایەوە."