لە تورکیا ژمارەی گەشتیاران زیادیکردووە


رووداو - ئاژانسەکان

لە تورکیا بەراورد بە مانگی ئایاری 2017 ژمارەی گەشتیارە بیانییەکان بە رێژەی 27% بەرزبووەتەوە.

بە گوێرەی داتاکانی وەزارەتی رۆشنبیری و گەشتوگوزاری تورکیا، ژمارەی ئەو گەشتیارانەی سەردانی تورکیایان کردووە لە مانگی رابردوودا گەیشتووەتە سێ ملیۆن و 678 هەزار و440 گەشتیار.

پارێزگای ئەنتاڵیا لە پلەی یەکەمدایە و لە مانگی ئایاردا پێشوازی لە ملیۆنێک و 575 هەزار و 613 گەشتیار کردووە. 

ئیستەنبووڵیش لە پلەی دووەمدایە، 984 هەزار 24 گەشتیار رووی لە شارەکە کردووە و دوای ئەوانیش مۆغلا لە پلەی سێیەمدایە بە 344 هەزار و 814 گەشتیار. 

هەروەها لە نێوان مانگی کانوونی دووەم بۆ مانگی ئایاری ئەمساڵ، گرووپی گەشتیارە بیانییەکان بۆ تورکیا بۆ 11 ملیۆن و 462 هەزار و 407 گەشتیار زیادیکردووە کە دەکاتە 30.81%.

لەو ژمارەیەشدا گەشتیارە رووسەکان لە پلەی یەکەم دێن، کە ژمارەیان ملیۆنێک و 388 هەزار 456 گەشتیار دەبێت. لە دوای رووسەکانیش ئەڵمانەکان لە پلەی دووەمدان بە ملیۆنێک و 108 هەزار 522 گەشتیار. 

لە لایەکی دیکەوە، لەگەڵ ئەوەی هەناردەی تورکیا لە مانگی ئایار کەمیکردووە، بەڵام بەهای هەناردەکراو بە رێژەی 5% لە مانگی حوزەیران زیادیکردووە بەراورد بە هەمان مانگ لە ساڵی رابردوودا.

بە گوێرەی داتاکانی ئەنجوومەنی هەناردەکارانی تورکیا، بەهای هەناردەکراو لە مانگی رابردوودا گەیشتووەتە 12 ملیار و 602 ملیۆن دۆلار.

بە گوێرەی هەمان داتا، بەهای هەناردەکراوی تورکیا بە رێژەی 7.4% لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا زیادیکردووە و گەیشتووەتە 81.9 ملیار دۆلار و لە 12 مانگی رابردووشدا گەیشتووەتە 161.5 ملیار دۆلار، کە بە رێژەی 9.7% زیادیکردووە. 

لە مانگی ئایار بەراورد بە هەمان مانگ لە ساڵی رابردوو بەهای هەناردەکراوی تورکیا بە رێژەی 5.3% زیادیکردووە.

هاوکات بە گوێرەی داتاکانی بازرگانی دەرەوە کە دەستەی ئامار و وەزارەتی گومرگ و بازرگانی تورکیا بڵاویکردووەتەوە، بەهای هەناردەکراوی تورکیا لە مانگی ئایاردا گەیشتووەتە 15 ملیار و 306 ملیۆن دۆلار.

هاوکات بەهای هاوردەکراوی تورکیا بە رێژەی 5.5% لە شەش مانگی رابردوودا بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە 22 ملیار و 65 ملیۆن دۆلار، هەروەها کورتهێنانی بازرگانی دەرەکیش لە مانگی ئایاری رابردوودا 7.759 ملیار دۆلاری تۆمارکردووە، بە بەرزبوونەوەی 5.7%.

بە گوێرەی داتاکان، بەهای هاوردەکراوی تورکیا لە پێنج مانگی یەکەمی ئەمساڵ بەراورد بە هەمان ماوە لە ساڵی 2017 بە رێژەی 7.9% زیادیکردووە.

هەروەها بەهای هەناردەکراوی تورکیا لە ماوەی نێوان مانگی کانوونی دووەم بۆ مانگی ئایار گەیشتووەتە 69 ملیار و 309 ملیۆن دۆلار، و داهاتەکەشی بە رێژەی 17.2% زیادیکردووە، گەیشتووەتە 104 ملیار و 511 ملیۆن دۆلار.

نیهاد زەیبەکچی، وەزیری ئابووری تورکیا بەڵێنیداوە کە تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ قەبارەی هەناردەکردن بۆ 200 ملیار دۆلار بەرزبکاتەوە.

هەر لەو بارەیەوە، بیناڵی یڵدرم، سەرۆکوەزیرانی تورکیا رایگەیاندووە کە وڵاتەکەی ئەمساڵ هاوسەنگی لە تەرازووی بازرگانی لە نێوان هاوردەکردن و هەناردەکردن دەکات، لە میانی بەشداریکردنی لە کۆڕبەندی هەناردەکاران کە لە ئیستەنبووڵ بەڕێوەچوو، سەرۆکوەزیرانی تورکیا ئاماژەی بەوەدا کە کورتهێنان لە تەرازووی بازرگانی کەمدەبێتەوە، و ئاستی باشبوونی ئابووری لەگەڵ زیادبوونی قەبارەی هەناردەکردن زیاتر رووندەبێتەوە.


پێداچوونەوە؛ راوچی حەسەن