نرخی نەوت لە دابەزین بەردەوامە

رووداو دیجیتاڵ
 
نرخی نەوت ئەمڕۆ چوارشەممە دابەزینی کەمی بەخۆیەوە بینی، بە چەشنێک نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور 12 سەنت دابەزی و بەرمیلێکی بە 67 دۆلار و 2 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 11 سەنت دابەزی و بەرمیلێک بە 65 دۆلار و 44 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
ماوەی یەک هەفتەیە نرخی نەوتی برێنت لە نێوان 69 دۆلار و 65 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
 
نیگەرانی لە پچڕانی هەناردەکردنی نەوت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پاڵپشتی بۆ نرخی نەوت درووستکردووە، لە کاتێکدا ئەگەری خستنەڕووی نەوتی زیاتر لەلایەن ئۆپێک پڵەسەوە، گوشاری بۆ نرخەکانی نەوت هێناوە.
 
بەپێی پەیمانگەی نەوتی ئەمریکا، قەبارەی نەوتی کۆگاکراو لەو وڵاتە لە هەفتەی رابردوودا 680 هەزار بەرمیل زیادیکردووە لە کاتێکدا لە وەرزی هاویندا چاوەڕێی دابەزینی قەبارەی نەوتی کۆگاکراو دەکرا.
 
(پیریانکا ساجێدڤا)، شرۆڤەکاری سەر بە (فلیپ نۆڤا) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "ئاراستەی نرخی نەوت ئەمڕۆ چوارشەممە دیار نییە، بەوپێیەی سیگناڵ و هۆکاری دژ بەیەک لە بازاڕدا هەن".
 
ئەو شرۆڤەکارە دەڵێت، "هێشتا کێشە جیۆسیاسییەکانی پەیوەست بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تەواوەتی لەنێو نەچوون و لەلایەکی دیکەشەوە، ئەگەری هەیە ئۆپێک پڵەس لە مانگی داهاتوودا نەوتی زیاتر بخاتەڕوو".