رێژەی بێکاری لە هەرێمی کوردستان لە بەرزبوونەوەدایە
رووداو دیجیتاڵ
هەرچەندە لەبارەی رێژەی بێکارییەوە لە هەرێمی کوردستان ئاماری جیاجیا دەخرێنەڕوو، بەڵام بەپێی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی رێژەکە لە ساڵی 2020 گەیشتووەتە 12%.
بەپێی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان، رێژەی بێکاری لە ساڵی 2019دا 9% بووە و ئەگەر لە ساڵی 2020 بۆ 12 تاوەکو 13% بەرزبووبێتەوە، ئەوا لە 2021 کەمی کردووە، هەرچەندە هەندێک رێکخراو و شارەزا پێیانوایە رێژەکە لەوە زیاترە کە دەزگا فەرمییەکان رایدەگەیێنن.
لە ساڵی 2020دا زیاتر لە 60%ی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان تەمەنیان لەنێوان 15 بۆ 64 ساڵیدا بوون کە بە هێزی کار ناودەبرێت. بەپێی راپۆرتێکی دەزگای روانگە، هەرێمی کوردستان ساڵانە پێویستی بە 50 هەزار هەلی کاری نوێیە.
بەپێی شیکارییەکی کۆمەڵەی رەند، لەو 35 زانکۆ و پەیمانگەیەی لە هەرێمی کوردستان هەن، ساڵانە بە نزیکەی 24 هەزار هێزی کار دێنە نێو بازاڕی کارەوە، لە بەرامبەردا حکومەت نەیتوانیوە هەلی کاری پێویست لەو 30 هەزار کۆمپانیایەی تۆمارکراون و چوار هەزاریان بیانین، بۆ ئەو دەرچووانە بدۆزێتەوە.
بەپێی توێژینەوەیەکی شیکاریی کۆمەڵەی رەند کە رای سێ هەزار و 309 گەنج وەرگیراوە، 50%یان هۆکاری سەرەکیی بێکاری لە هەرێمی کوردستان بۆ سنوورداری دەرفەتەکانی کارکردن دەگەڕێننەوە: زیاتر لە 43%یان بۆ بێتوانایی حکومەت لە دەستەبەرکردنی دەرفەتی کار، 23%ی بەشداربووانی راپرسییەکە دەڵێن لاوان خۆیان کەمتەرخەمن لە دۆزینەوەی هەلی کار؛ هەروەها 19%یش هۆکاری بێکاری بۆ سنوورداریی توانای لاوان دەگەڕێننەوە.
لە ساڵی 2020 و دواتر بە پاڵنەری کۆرۆنا و و قەیرانی داراییەوە هەرێمی کوردستان رووبەڕووی چەندین ئاستەنگ بووەوە لەڕووی رەخساندنی دەرفەتی نوێی کارکردن، بەشێک لە کرێکارەکانیش، کارەکانیان لەدەستدا.
بێکاری دەبێتە هۆکاری کەمبوونەوەی ئەزموون و پێشکەوتن لە کار و پەرەدان بە تواناکان و کۆچکردنی گەنجان، لەگەڵ زیادبوونی تووندوتیژی و کێشەی کۆمەڵایەتی و زیادبوونی رێژەی هەژاری.
لە هەرێمی کوردستان دامەزراندن سەرەکیترین سەرچاوەی دەرفەتی کارکردن بووە، بەڵام لە ساڵی 2014وە حکومەت بە دەگمەن نەبێت دامەزراندنی فەرمانبەرانی راگرتووە. کەرتی تایبەتیش بەهۆی شەڕی داعش و دواتریش بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە رەخساندنی هەلی کاردا، پاشەکشەی کردووە.