نرخی زێڕ ئاستێکی نوێی مێژوویی تۆمارکرد

 
رووداو دیجیتاڵ 

نرخی زێڕ بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا ژمارەیەکی پێوانەیی دیکەی لە بەرزبوونەوە تۆمارکرد و ئۆنسەیەکی گەیشتە 3508 دۆلار.
 
نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ ئەمڕۆ بە 0.6٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی و دوای تۆمارکردنی ئەو ئاستە نوێیە مێژووییە ئێستا ئۆنسەیەکی لە نزیکەی 3490 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
 
نرخی یەک ئۆنسە زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتوودا بۆ رادەستکردنی لە مانگی 12ـی ئەم ساڵ 1.4٪ بەرزبووەتەوە بۆ 3563 دۆلار.
 
شەش رۆژی یەک لە دوای یەکە نرخی زێڕ بەردەوامە لە بەرزبوونەوە و شارەزایان پێیانوایە هۆکارەکەی بۆ نیگەرانییەکان لەسەر سەربەخۆیی بانکی ناوەندی ئەمریکا و لاوازبوونی بەهای دۆلاری ئەمریکی دەگەڕێتەوە.
 
کایل رۆدا شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاریی (کاپیتاڵ دۆت کۆم) لەو بارەیەوە رایگەیاند: "دابەزینی بەهای دۆلاری ئەمریکی و چاوەڕوانییەکان بۆ کەمکردنەوەی سوودی بانکی لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکاوە، هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕن."
 
رۆدا دەڵێت، یەکێک لە هۆکارەکانی لاوازبوونی بەهای دۆلاری ئەمریکی، هێرشەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکایە بۆ سەر بانکی ناوەندیی ئەمریکا و لەبەر ئەوەش نیگەرانی سەریهەڵداوە کە بانکی ناوەندیی ئەمریکا سەربەخۆیی لەدەستبدات. 
 
رۆژی دووشەممە، سکۆت بیسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند: "بانکی ناوەندی دەبێت سەربەخۆ بێت، بەڵام هەڵەی زۆریان کردووە."
 
بەپێی رووپێوەکان، ئێستا بازرگانان 90٪ چانسی کەمکردنەوەی سوودی بانکییان لە کۆبوونەوەی رۆژی 17ـی ئەم مانگەی بانکی ناوەندی ئەمریکا داناوە.