بیتکۆین دابەزی و یەک دانەی بە کەمتر لە 110 هەزار دۆلارە
رووداو دیجیتاڵ
رۆژی یەکشەممە یەک بیتکۆین بە کەمتر لە 110 هەزار دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت و نزیکەی 300 دۆلاری لە دەستداوە.
بازرگانانی دراوە دیجیتاڵییەکان ئەمرۆژانە بە وریاییەوە مامەڵەکانیان دەکەن، بەوپێیەی نرخی بیتکۆین رووبەڕووی خاڵی بەهێزی بەرگریی 110 هەزار دۆلار بووەتەوە.
یەک بیتکۆین ئێستا بە نزیکەی 109 هەزار و 800 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
هەرچەندە نرخی بیتکۆین بەشێک لە زیانەکانی رۆژی هەینی قەرەبوو کردووەتەوە کە ئەو کاتە دابەزیبوو بۆ نزیکەی 106 هەزار دۆلار، بەڵام فرۆشی بیتکۆین لەلایەن بازرگانانەوە رێگە بە بەرزبوونەوەی نرخی گەورەترین دراوی دیجیتاڵی نادات.
بەپێی کۆمپانیای راوێژکاریی گلاس نۆد تایبەت بە بازاڕی دراوە دیجیتاڵییەکان، "فرۆشی بیتکۆین لەلایەن سندووقەکانی وەبەرهێنان، خواستی بۆ کڕینی ئەو دراوە دیجیتاڵییە لاوازکردووە و فشاریشی بۆ نرخەکەی دروستکردووە."
بەپێی داتاکانی کۆمپانیای فارساید-ی بەریتانی رۆژی پێنجشەممە، 488 ملیۆن دۆلار لە سندووقەکانی وەبەرهێنان لە بیتکۆین هاتووەتەدەرەوە لە بازاڕەکانی دیکە مامەڵەی پێوەکراوە.
رۆژی شەممەش 191 ملیۆن دۆلاری دیکە لەو سندووقانە کەمبووەتەوە.
کۆمپانیای گلاس نۆد دەڵێت، لێکۆڵینەوەکانی ئەم دواییانەی ئاشکرایان کردووە بریاری بانکی ناوەندیی ئەمریکا بۆ کەمکردنەوەی سوودی بانکی لە رۆژی چوارشەممەی رابردوو کاریگەرییەکی کەمی لەسەر بازاڕی دراوە دیجیتاڵییەکان داناوە.