عێراق دەیەوێت پشکەکانی ئێکسۆن مۆبیل لە کێڵگەیەکی نەوتی عێراق بکڕێتەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
بەگوێرەی بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی نەوتی عێراق، کۆمپانیای هالیبەرتنی ئەمریکی داوایەکی پێشکێشی حکومەتی عێراق کردووە بۆ کڕینی پشکی کۆمپانیای ئێکسۆن مۆبیل لە کێڵگەی قورنە 1ی رۆژئاوا، بەڵام وەزارەتی نەوتی عێراق پێیباشە کۆمپانیای نەوتی بەسرە پشکەکانی کۆمپانیا ئەمریکییەکە بکڕێتەوە.
 
حەسەن محەممەد، جێگری بەڕێوەبەری کۆمپانیای نەوتی بەسرە رۆژی چوارشەممە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "هالیبەرتن داوای کڕینی پشکی ئێکسۆن مۆبیلی لە کێڵگەی قورنە 1ی رۆژئاوا کردووە، بەڵام ئەوە بژارەیەکە بۆ خودی کۆمپانیای نەوتی بەسرە بۆ کڕینەوەی پشکەکانی ئێکسکۆن مۆبیل، حکومەتی بەغداش دەیەوێت پشکەکانی ئیکسۆن مۆبیل لەلایەن کۆمپانیای نەوتی بەسرە بکڕدرێنەوە".
 
مانگی نیسانی ئەمساڵ، وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، کۆمپانیای ئێکسۆن مۆبیلی ئەمریکی دەیەوێت 32.7٪ی پشکەکانی لە کێڵگەی قورنە 1ی رۆژئاوا بفرۆشێت. 
 
رۆژی 3ی ئایار، ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند وڵاتەکەی بیر لە کڕینی32.7 ٪ی پشکی کۆمپانیای ئێکسۆن مۆبیلی ئەمریکی دەکاتەوە لە کێڵگەی قورنەی رۆژئاوا 1 لە پارێزگای بەسرە، کە پێشبینیدەکرێت 20 ملیار بەرمیل نەوتی تێدابێت، کە دەکرێت بەرهەمبهێنرێت.
 
هەرچەندە پێشتر باس لەوە دەکرا کە کۆمپانیایەکی چینی زیاتریش ناوی پێترۆچاینا دەهات لەوەی پشکەکانی ئێسکۆن مۆبیل لە کێڵگەی قورنەی رۆژئاوا 1 دەکڕێتەوە، بەڵام لێدوانەکانی ، وەزیری نەوتی عێراق دەریخستووە کە عێراق خۆی دەیەوێت پشکەکانی کۆمپانیاکە بکڕێتەوە و لەڕووی داراییشەوە ئەو توانایەی هەیە. 
 
کێڵگەی قورنەی رۆژئاوا 1 دەکەوێتە پارێزگای بەسرە لە باشووری عێراق کە سێیەم گەورەترین کێڵگەی نەوتە لە عێراقدا.  ئێکسۆن مۆبیلی ئەمریکا وەبەرهێنەری سەرەکییە لە کێڵگەکەدا، هاوکات کۆمپانیای پێترۆچاینا بە رێژەی 32.7٪ خاوەنی وەبەرهێنانی کێڵگەکەیە، کۆمپانیای ئیتۆچووی ژاپۆنی بە رێژەی 19.6، کۆمپانیای پێرتامیای ئیندۆنیزی بە رێژەی 10٪ و کۆمپانیای بەدواگەڕانی نەوتی عێراقیش خاوەنی 5٪ی وەبەرهێنانی کێڵگەکەیە. 
 
لە ساڵی 2010، حکومەتی عێراق گرێبەستی وەبەرهێنانی کێڵگەی قورنەی رۆژئاوا 1ی دایە هەر یەک لە کۆمپانیاکانی ئێکسۆن مۆبیل، شێڵ و کۆمپانیای بەدواگەڕانی نەوتی عێراق. بەڵام لە ساڵی 2018 کۆمپانیای شێڵ 19.6٪ی پشکەکانی خۆی فرۆشتە کۆمپانیای ئیتۆچووی ژاپۆنی و دواترین لە کێڵگەی مەجنوون کە لە دوای کێڵگەی روومەیڵە، دووەم گەورەترین کێڵگەی نەوتی عێراقە چووەدەرەوە.