نرخی زێڕ لە یەکەم رۆژی مامەڵەکانی ساڵی نوێ؛ ئۆنسەیەک بە 4313 دۆلارە

 
رووداو دیجیتاڵ

نرخی زێڕ لە یەکەم رۆژی مامەڵەکانی ساڵی نوێ لە رۆژی هەینی تاوەکو 4400 دۆلار بەرزبووەوە، بەڵام لە کاتی داخستنی بازاڕدا زۆربەی قازانجەکانی لەدەستدا و تەنیا 9 دۆلار بەرزبووەوە و لە کاتی داخستنیشدا ئۆنسەیەکی بە 4332 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
 
لە ساڵی نوێ، هاوچەشنی ساڵی 2025 کێشە جیوسیاسییەکان و چاوەڕوانییەکان بۆ کەمکردنەوەی سوودی بانکی، پێشبینی دەکرێت ببنە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ.
 
بارت مەلەک، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (تی دی سیکیۆریتی) لەوبارەیەوە رایگەیاند، "قسە لەسەر کەمکردنەوەی سوودی بانکی لە مانگی 3ـی ئەم ساڵ و مانگەکانی داهاتوو دەکرێت. هەروەها نادڵنییاییەکانی پەیوەست بە پێناسە گومرگییەکان و قەبارەی قەرزەکانی ئەمریکا لە ئارادایە کە دەتوانن ببنە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی زێڕ و کانزا گرانبەهاکانی وەک زیو و پلاتینیۆم."
 
بازرگانان ئەم ساڵ چاوەڕوانی دوو جار کەمکردنەوەی سوودی بانکی دەکەن کە دەتوانێت کڕینی زێڕ سەرنجراکێش بکات.
 
کەمکردنەوەی سوودی بانکی لە بەهای دۆلار کەمدەکاتەوە و نرخی کاڵاو کانزاکان بەرزدەکاتەوە.