لە بازاڕەکاندا یەک بەرمیل نەوتی برێنت بە کەمتر لە 61 دۆلارە

 
رووداو دیجیتاڵ

نرخی نەوت لە یەکەم رۆژی کردنەوەی بازاڕەکانی ئەم ساڵدا بە دابەزین کرایەوە.
 
رۆژی هەینی نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور 10 سەنتی لێبووەوە و بەرمیلێکی بە 60 دۆلار و 75 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش بە هەمان رێژە دابەزی و بە 57 دۆلار و 32 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
زیادەی نەوت لە بازاڕدا نرخی نەوتی لە ساڵی 2025 بە چەشنێک دابەزاند کە لە ساڵی 2020 بە دواوە، وێنەی نەبووە.
 
لە ساڵی نوێ نیگەرانییەکان لە نەوتی زیادە لە بازاڕدا بەردەوامن کە گوشاریان بۆ نرخەکانی نەوت دروستکردووە. لەگەڵ ئەوەشدا کێشە جیوسیاسییەکانی وەک بەردەوامی شەڕی ئۆکراینا و ناکۆکییەکانی ئەمریکا و ڤەنزۆیلا دەتوانن بە شێوازی کاتی پاڵپشتی بۆ نرخەکانی نەوت دروستبکەن.
 
فیل فلین، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاریی (پرایس فیوچەرز گرووپ) لەوبارەیەوە رایگەیاند، "نرخەکانی نەوت لە بازنەیەکی سنوورداردا مامەڵەیان پێوەدەکرێت و بازرگانان پێیانوایە هەر بڕە خواست لە بازاڕدا هەبێت، بە ئاسانی لە بازاڕدا دابین دەکرێت."