نرخی نەوتی برێنت بۆ زیاتر لە 65 دۆلار بەرزبووەوە
رووداو دیجیتاڵ
نرخی نەوت رۆژی سێشەممە لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا بەهۆی نیگەرانی لە کەمبوونەوەی خستنەڕووی ئەو کاڵا ستراتیژییە بەرزبووەوە.
پێشبینی دەکرێت ئێران پێشنیازی ئەمریکا بۆ هەڵپەساردنی پیتاندنی یۆرانیۆم رەتبکاتەوە و ئەوەش بووەتە هۆکار بۆ بەرزکردنەوەی نرخی نەوت.
ئەمڕۆ سێشەممە، نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور 55 سەنت بەرزبووەوە و بەرمیلێکی بە 65 دۆلار و 18 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 59 سەنت بەرزبووەوە و بە 63 دۆلار و 11 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
هەردوو نرخی نەوتی برێنت و سووکی تەکساسی ئەمریکا رۆژی دووشەممە بە رێژەی 3٪ بەرزبوونەوە، دوای ئەوەی ئۆپێک پڵەس بڕیاریدا کە لە مانگی داهاتوودا رۆژانە 411 هەزار بەرمیل نەوتی زیاتر لە بازاڕەکاندا بخاتەڕوو. بازاڕی نەوت لەوە دەترسا زیاتر لەو بڕە بڕیاری لەسەر بدرێت.
ئەگەر دانوستاندنەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا شکست بهێنێت، گەمارۆی زیاتری ئەمریکا لەسەر ئێرانی بەدواوە دێت کە دەتوانێت نەوتی ئێران لە بازاڕدا کەمبکاتەوە یان نەهێڵێت، ئەوەش بووەتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت.
لەلایەکی دیکەوە ئاگری دارستانەکانی کەنەدا لە پارێزگای ئەلبێرتا بووەتە هۆی کەمبوونەوەی قەبارەی نەوتی کەنەدا بە بڕی 344 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا، ئەوەش پاڵپشتیی زیاتری بۆ نرخی نەوت دروستکردووە.