نرخی یەک ئۆنسە زێڕ بۆ 3346 دۆلار دابەزی
رووداو دیجیتاڵ
نرخی زێڕ ئەمڕۆ پێنجشەممە بەڕیژەی 0.3٪ دابەزی و ئۆنسەیەکی بە 3346 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
ئەمڕۆ ئامارە فەرمییەکانی پەیوەست بە دامەزراندن و بازاڕی کاری ئەمریکا بڵاودەبنەوە و بازرگانان بە وریاییەوە مامەڵەکانیان ئەنجام دەدەن.
لە گرێبەستەکانی داهاتوووشدا نرخی ئۆنسەیەک زێڕ بە 3357 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
بەپێی شرۆڤەکاران، نرخی زێڕ تاوەکو بەرچاوی بازرگانان بە تەواوەتی روون نەبێتەوە، لە بازنەی نێوان 3320 دۆلار و 3360 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
کێلڤین ڤۆنگ، شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکانی سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری ئواندا رایگەیاند، "بازرگانان گرەوی گەورەیان لەسەر بەرزبوونەوە یان دابەزینی نرخی زێڕ نەکردووە، بەهۆی ئامارەکانی بازاڕی کاری ئەمریکا کە دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ بڵاودەبنەوە."
دوێنێ، ئامارەکانی بازاڕی ئەمریکا کە ئاماری نافەرمین و پەیوەستن بە کۆمپانیایەکی تایبەتەوە، بڵاوبوونەوە و تێیدا دەرکەوت لە مانگی رابردوودا 33 هەزار دەرفەتی کارکردن لە کەرتی تایبەتدا لەدەستچوون. ئەوە یەکەم کەمبوونەوەی ژمارەی هەلەکانی کارکردنە لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا.
بازرگانان چاوەڕێی ئامارە فەرمییەکانی وەزارەتی کاری ئەمریکان کە ئەمڕۆ بڵاودەبێتەوە و پێشبینی دەکرێت 110 هەزار هەلی کاری نوێ لە مانگی شەشدا رەخسابێت.
ئامارەکانی بازاڕی کاری ئەمریکا کاریگەریی بەرچاو لەسەر نرخی زێڕ دادەنێن لەبەر ئەوەی دەتوانن روانگەی بانکی ناوەندی لەسەر سیاسەتی نەختی بگۆڕن.