پەرلەمانتاران و قورساییان لەسەر بودجەی گشتی
لەسەروبەندی نزیكبوونەوەی هەڵبژاردنەكانی كوردستان قسەوباسی هەڵبژاردن و هەڵنەبژاردنەوەی ئەندامانی خولی پێشووی (پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاكان) گفتوگۆی چڕوپڕی لەسەر دەكرێت، بەڵام لێرەدا دەمەوێت باسی ئەو قورساییە بكەم كە خانەنشینكردنی پەرلەمانتاران دروستی دەكەن لەسەر بودجەی هەرێمی كوردستان. جارێ دیار نییە كەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگا دەكرێت، هەرچەندە هەندێك سەرچاوە دەڵێن لە كۆتاییەكانی مانگی 11 ئەنجام دەدرێت، بەڵام تا ئێستا حكومەتی هەرێمی كوردستان وەڵامی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی نەداوەتەوە، چونكە كۆمیسیۆن پێشنیازێكی لەوجۆرەی پێشكەش كردووە.
ئێمە قسەمان لەسەر ئەوە نییە كە خانەنشینی پەرلەمانتاران نەمێنێت، چونكە ئەوانیش مافێكی ئاسایی و یاسایی خۆیانە كە پاش تەواوبوونی ئەركەكانیان لە ماوەی ئەو چوار ساڵەدا خانەنشین بكرێن، قسەمان لەسەر دووبارە هەڵبژاردنەوەیانە بۆچی دووبارە كاندیدیان ناكەنەوە؟ یان مووچەكەیان كەم ناكەنەوە؟ خاڵێكی جەوهەری خۆی لەپشت ئەم سیاسەتەوە حەشارداوە ئەویش پارەداركردنی حیزبەكانە، چۆن؟
كاتێك حیزب كەسێك دەكات بە پەرلەمانتار یان وەزیر یان هەر پلەو پۆستێك كە مووچەیەكی قەبەی هەیە، بەلایەنی كەمەوە 20% تا 40% و هەندێكجاریش بەرزدەبێتەوە بۆ 50% لە مووچەكەی بگەڕێنێتەوە بۆ حیزب، كەواتە ئێستا روونە بۆچی دووبارە كاندیدیان ناكەنەوە. لەگەڵ هەندێك هۆكاری لاوەكیش.
ئەو مووچە زۆرەی پەرلەمانتاری خانەنشین وەریدەگرێت، شایەنی زۆرترین قسە لەسەركردنە و شایانی هەمواركردنی ئەو یاسایەیە، چونكە رێژەكەی ئەوەندە زۆرە بەلایەنی كەمەوە مووچەی خانەنشینی 10 فەرمانبەری حكومەتی هەرێمی كوردستان كە 30 ساڵ خزمەتی هەبووبێت.
بەدانانی گریمانەی 5 ملیۆن دینار بۆ هەر پەرلەمانتارێكی خانەنشینكراو بەلایەنیكەم. پەرلەمانی كوردستان 111 ئەندامی هەیە. كەواتە: 5 ملیۆن دینار × 111 دەكاتە 555 ملیۆن دینار بۆ یەك مانگ.
555 ملیۆن × 12 دەكاتە 6 ملیار و 660 ملیۆن دینار لە ساڵێكدا.
كەواتە خانەنشینی بەس ئەم خولەی پەرلەمانتاران بەو رێژەیە قورسایی لەسەر بودجەی گشتی وڵات دروستدەكات. بەپێی زانیارییەكان نزیكەی 10 كەس لە ئەندامانی پێشوو دووبارە كاندید كراون، كە ئەگەری دەرچوونی هەندێكیان زۆر نییە. كەواتە 6 ملیار دینار ساڵانە لە بودجەی گشتی بۆ خانەنشینی ئەم خولەی پەرلەمان دەڕوات.
گریمان 50 پەرلەمانتار لەم خولەی پەرلەماندا دووبارە هەڵبژێردرێنەوە، بابزانین چەندە بارسووكی لەسەر بودجەی گشتی دروست دەكەن، كە بەداخەوە ئەوە رووینەدا.
50× 5 ملیۆن دەكاتە 250 ملیۆن دینار مانگانە.
250× 12 دەكاتە 3 ملیار دینار ساڵانە.
واتە 3 ملیار دینار لە ساڵێكدا دەگەڕایەوە بۆ بودجەی گشتی، ئەو پارەیە دەتوانرا زۆر كاری پێبكرێت نەك بۆ یەك ساڵ بەڵكو بۆ ماوەی 4 ساڵ، چونكە تەمەنی پەرلەمان لە خولێكدا 4 ساڵە.
بەو پارەیە دەتوانرێت 500 فەرمانبەر دابمەزرێنرێت بە مووچەی 500 هەزار دینار، یان ساڵانە قوتابخانەیەكی 18 پۆلی نموونەیی پێ دروستبكرێت، ئەوەش لەماوەی تەمەنی یەك خولی پەرلەماندا كە 4 ساڵە، چوار قوتابخانە دەكات، یان ساڵانە 2 باخچەی ساوایان لەماوەی 4 ساڵدا دەكاتە 8 باخچەی ساوایان.
لەوانەیە هەندێك كەس بڵێن پەرلەمانتارانی پێشوو چالاك نەبوون، دەی باشە با بۆ ئەم خولەی پەرلەمان كەسی شیاو ببەنە پەرلەمان. ئەی بەچ روویەك داوای دووبارە دەنگدانمان لێدەكەنەوە، كەواتە مەسەلەكە مووچە چەورەكەی پەرلەمانە.
هەرچەندە بیرۆكەی دووبارە هەڵبژاردنەوەی نیوەی ئەندامانی پەرلەمان لەگۆڕنرا، چونكە بەرژەوەندی حیزب لەپێش بەرژەوەندی گشتییە، بەڵام دەكرێت یاسای خانەنشینی پەرلەمانتاران هەموار بكرێتەوە، هەر هیچ نەبێت مووچەی خانەنشینیان كەمبكرێتەوە بۆ نیوە. پەندە كوردیەكە دەڵێت زەرەر لەنیوەی بگەڕێتەوە قازانجە.
تێبینی:
5 ملیۆن دینار وەك گریمانە وەرگیراوە، خانەنشینی پەرلەمانتار لەو رێژەیە زیاترە. نزیكەی 500 پەرلەمانتاری خانەنشین هەن (بەوانەی عێراق و كوردستانەوە) و لێرەدا تەنیا باسی یەك خولی پەرلەمان كراوە.