بازاڕی نەوت.. شەڕی كیشوەرەكان لەسەر ئێران

هەفتەی رابردوو سەرجەم ئەندامانی رێككەوتننامە ئەتۆمییەكەی ئێران كۆبوونەوە و بڕیاریان دا كە پابەندی رێككەوتنەكە و پەیوەندییە بازرگانییەكانیان بن لەگەڵ ئێران. ئەمە لەكاتێكدایە ئەمریكا هەڕەشەی لە وڵاتان و كۆمپانیا بیانییەكان كردووە هەر لایەنێك مامەڵە لەگەڵ ئێران بكات، ئەوە بازاڕی ئەمریكای لێ قەدەغە دەكرێت. لەدوای كۆبوونەوەكەش، بەریتانیا و چین و فەرەنسا و ئەڵمانیا و رووسیا و ئێران راگەیەندراوێكیان بڵاوكردەوە كە كار دەكەن بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەیەكی نوێ، بۆ ئەوەی مامەڵە بازرگانییەكانیان لەگەڵ ئێران بەردەوام بكەن، بەتایبەتیش رێگەی نوێ بۆ پارەدان و كردنەوەی كەناڵی نوێ بۆ چوونی سەرمایە بۆ ناو ئێران بدۆزنەوە.

ئەم كەناڵە نوێیانە دەبێت توانای رووبەڕووبوونەوەی گەمارۆكانی ئەمریكای هەبێت لەسەر ئێران، لەگەڵ ئەوەشدا وڵاتانی یەكێتیی ئەوروپا سەڕەرای سووربوونیان لەسەر بەردەوامبوونی كڕینی نەوت لە ئێران و بەردەوامبوونی مامەڵە بازرگانییەكانیان لەگەڵ ئێران، بەڵام لەهەمانكاتدا ناتوانن یاسا داراییەكانی یەكێتیی ئەوروپا بشكێنن، ئەمەش دەبێتە هۆكارێك بۆئەوەی بەردەوامبوونی مامەڵەكردن لەگەڵ ئێران بەو شێوەیە نابێت كە حكومەتی ئێران چاوەڕێی دەكات.

لەم خاڵەدا، یەكێتیی ئەوروپا لەگەڵ هەر یەكە لە چین و رووسیا دەوەستن كە داوا دەكەن مامەڵەی بازرگانی و كڕینی نەوت لە ئێران بەردەوام بێت، بەڵام سەبارەت بە نرخی نەوتی ئێران و ئەو بڕە نەوتەی كە لە ئێرانەوە هەناردە دەكرێت و شێوازی گواستنەوەی بۆ وڵاتان، لەلایەن ئەندامانی رێككەوتننامە ئەتۆمییەكەوە هیچ باسێكی لێ نەكەوتەوە، ئەمەش ئەوەمان پێدەڵێت كە ئێران بەرهەمهێنەرێك و هەناردەكارێكی نەوتە دەكرێت لەلایەن چەند كڕیارێكی ئەوروپی و ئاسیاییەوە پشتی پێ ببەسترێت، بەتایبەتیش كە ئەو كڕیارانە پاڵپشتی ئێران دەكەن.

دەبێت ئەوەشمان لەبیرنەچێت كە ئەو وڵاتانەی پشتگیریی ئێران دەكەن گرنگییەكی زۆریان هەیە، نەك لەبەر ئەوەی خاوەنی ژمارەیەكی زۆری دانیشتووانن، بەڵكو بەهۆی ئەوەی بەشدارییەكی زۆریان لە ئابووریی جیهاندا هەیە. ئێران نەوتێكی زۆری بە كڕیارانی دەفرۆشت، هەر ئەمەش رۆڵی ئەوی لە بازاڕی نەوتدا گەورە كردبوو.

لەلایەن ئۆپیكەوە، سعودیە زۆر نەكەوتە ژێر داواكاریی ئەمریكا كە ئاستی بەرهەمهێنانی خۆی بەرز بكاتەوە بە مەبەستی دابەزاندنی نرخی نەوت، چونكە سعودیە بەبێ رووسیا ناتوانێت هاوسەنگی بۆ بازاڕی نەوت بگەڕێنێتەوە، هەر بۆیە بە هەماهەنگی لەگەڵ رووسیا توانییان نرخی یەك بەرمیل نەوتی برێنت بگەیەننە سەرووی 80$.

لەگەڵ ئەوەشدا تا دێت گوشارەكانی ئەمریكا لەسەر سعودیە زیاد دەكات بۆ ئەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهان دابەزێنێ، ئەم گوشارانەش بوونە هۆكاری ئەوەی كە  رۆژی هەینی رابردوو كۆمپانیای بە بازاڕكردنی نەوتی سعودییە ناسراو بە ئارامكۆ رایبگەیەنێت كە خستنەڕووی نەوت بە بڕی 600 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا زیاد دەكەن، پاساوی سعودییەش بۆ ئەم بڕیارە ئەوە بوو كە كەمكردنەوەی خستنەڕووی نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا بەهۆی گەڕانەوەی گەمارۆكانی ئەمریكا بۆ سەر كەرتی نەوتی ئێران، ناسەقامگیری لە بازاڕی نەوتدا دروست دەكات، ئەمەش كێشە بۆ بەرهەمهێنەران و كڕیارانی نەوت دروست دەكات، بەڵام هاوكێشەكە ئەوەمان پێناڵێت، بەڵكو پێماندەڵێت كە بابەتەكە پەیوەندی بە سەقامگیربوونی بازاڕی نەوتەوە نییە، هێندەی پەیوەندی بە بەرزبوونەوەی نرخی نەوتەوە هەیە. پرسیارەكەش لێرەدا ئەوەیە ئەمریكا بۆ نایەوێت نرخی نەوت بەرز ببێتەوە لەكاتێكدا خۆشی یەكێك لە بەرهەمهێنەرانی نەوتە؟

دوو هۆكاری سەرەكی لە پشت ئەم بابەتەوە هەن، یەكەمیان لەكاتی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ سەرووی ئاستەكانی 80$ بەرهەمهێنەرانی نەوتی بەردینی ئەمریكا ناچار دەكات نەوتەكەیان بە نرخێكی هەرزانتر بە كڕیارەكان بفرۆشن، خاڵی دووەمیشیان ئەوەیە كە بەرزیی نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا دەبێتە هۆكاری ئەوەی كارگەكانی ئەمریكا بە نرخێكی گرانتر كەرەستەی خاویان دەستبكەوێت، ئەمەش دەبێتە هۆكاری گرانبوونی نرخی ئەو كاڵایانەی لە ئەمریكا بەرهەم دێن، ئەوكات خەڵكی ئەمریكا دەبێت پارەیەكی زیاتر خەرج بكەن بۆ ئەوەی هەمان ئەو كاڵایانەیان دەستبكەوێت كە پێشتر بە نرخێكی هەرزانتر دەستیان دەكەوت، ئەمەش دەبێتە هۆكاری بەرزبوونەوەی رێژەی هەڵاوسان، لەگەڵ بەرزبوونەوەی رێژەی هەڵاوسانیش بانكی فیدراڵی ئەمریكا ناچار دەبێت رێژەی سوودی بانكی بەرزبكاتەوە بۆ ئەوەی رێژەی هەڵاوسان دابەزێنێ، لەگەڵ بەرزكردنەوەی رێژەی سوودی بانكیش، بەهای دۆلاری ئەمریكی بەرز دەبێتەوە. بە بەرزبوونەوەی بەهای دۆلاریش، دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا چەند باجی زیاتر بەسەر هاوردەكردنی كاڵا و شمەك لە چین و یەكێتی ئەوروپا بسەپێنێت، هیچ سەركەوتوو نابێت، چونكە بەهۆی بەرزیی بەهای دۆلارەوە، ئەو كاڵایانەی كە لەناو ئەمریكا دروستدەكرێن، هێشتا نرخیان گرانترە لەو كاڵایانەی هاوردە دەكرێن. بەم شێوەیەش بەرزیی بەهای دۆلار كێشە بۆ ئەو شەڕە بازرگانییە دروست دەكات كە ترەمپ بەرپای كردووە، هەر بۆیە ئەمریكا دژی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتە.

بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە چەند رۆژی رابردوودا هاوكاتە لەگەڵ دابەزینی بەرچاوی دراوی وڵاتە تازە گەشەكردووەكانی وەك هیندستان، ئەمەش ئەوەمان پێدەڵێت كە هەرچەند بەهای رووپیەی هیندی دابەزێ، ئەوەندە تێچووی هاوردەكردنی نەوت لەلایەن هیندستانەوە زیاتر دەبێت، ئەمەش رەنگە بەشێك لە كڕیارانی هیندستان ناچار بكات ئەگەر نرخی نەوت بە بەرزی بمێنێتەوە، ئەوا نەوت لە ئێران بە نرخێكی هەرزانتر بكڕن، كەواتە بۆ ئەوەی ئەمریكا رێگری بكات لە بەقاچاخ كڕینی نەوتی ئێران، دەبێت نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهان دابەزێت.

لەكۆتاییدا شارەزایانی بواری وزە پێیانوایە گەمارۆكانی ئەمریكا بۆ سەر كەرتی نەوتی ئێران، زیانەكانی زۆر لەوە زیاتر دەبێت كە لەسەرەتای گەمارۆكاندا پێشبینی دەكرا.