نرخی بیتکۆین بۆ کەمتر لە 108 هەزار دۆلار دابەزی


رووداو دیجیتاڵ

نرخی بیتکۆین کە گرنگترین دراوی دیجیتاڵییە، رۆژی دووشەممە بە کەمتر لە 108 هەزار دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
 
یەک بیتکۆین ئەمڕۆ دووشەممە بە نزیکەی 107 هەزار و 700 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت و تاوەکو ئێستا نزیکەی 2300 دۆلار دابەزیوە.
 
رێککەوتنی نێوان چین و ئەمریکا بووە هۆکار بۆ ئەوەی نیگەرانییە جیۆسیاسییەکان لە بازاڕەکانی جیهان کەم ببنەوە، سەرەڕای ئەوەش نرخی بیتکۆین نەیتوانیوە خۆی راستبکاتەوە.
 
ئەمە ئەوە پێشان دەدات تاوەکو چەند ئاسۆی بەرزبوونەوەی نرخی بیتکۆین لاوازە.
 
نرخی بیتکۆین لە ئاستی هەفتانەدا تاوەکو ئێستا 1.72٪ دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە.
 
پاول کیم، شرۆڤەکاری دراوە دیجیتاڵییەکان لەو بارەیەوە رایگەیاند، "ئاگربەستی بازرگانیی چین و ئەمریکا کاریگەریی بەرچاوی لەسەر نرخی زێڕ و بازاڕەکانی بۆرسە دانا، بەڵام نەیتوانی بیتکۆین بەرزبکاتەوە."
 
بەپێی ئەو شرۆڤەکارە، لێدوانەکانی جیرۆم پاوڵ لەسەر ئەوەی مانگی داهاتوو گەرەنتیکراو نییە سوودی بانکی کەمبکرێتەوە، زیانی لە نرخی بیتکۆین داوە و لە کاریگەرییەکانی رێککەوتنەکەی نێوان چین و ئەمریکا لەسەر بازاڕەکان کەمکردووەتەوە.