نانى تیرى له ماڵانه‌وه ده‌گوازرێته‌وه كارگه
رووداو – هه‌ولێر
رابه‌ر ساڵێك بوو خێزانی پێكهێنابوو، كارێكى جێگیرى نه‌بوو، دواجار بیرى له دانانى كارگه‌یه‌كى دروستكردنى نانى تیرى كرده‌وه. كۆگایه‌كى به كرێ گرت و چه‌ند ئافره‌تێكى به كرێ گرت بۆ ئه‌وه‌ى نانى بۆ بكه‌ن. ئێستا جگه له رابه‌ر خۆی، بژێویى هه‌شت خێزانیش له‌سه‌ر كارگه‌كه‌یه.
رابه‌ر مه‌حموود، گه‌نجێكی ته‌مه‌ن 29 ساڵه‌ی گوندی بۆسكێنی سه‌ر به قه‌زای رانیه‌یه و ده‌رچووی ئاماده‌ییه، پێشتر كرێكاری ده‌كرد، به‌ڵام به‌هۆی كه‌میی كاره‌وه زۆربه‌ی كات بێكار بوو. ئێستا له‌ڕێی دامه‌زراندنی كارگه‌یه‌ك بۆ دروستكردنی نانی تیری بووه‌ته خاوه‌نكار و پیشه‌یه‌كی به‌رده‌وام، رۆژانه 12 تاوه‌كو 14 كرێكاری ئافره‌ت له كارگه‌كه‌ی كار ده‌كه‌ن، رابه‌ر ده‌ڵێت: "خواستێكى زۆر له‌سه‌ر نانى كارگه‌كه‌مان هه‌یه و رۆژانه 2500 نان ده‌نێرین بۆ ماركێته‌كانى هه‌ولێر".
رابه‌ر مانگانه 5 تاوه‌كو 6 تۆن ئارد له كارگه‌كه‌ی ده‌كاته نانی تیری و 50 نان به 11 هه‌زار به ماركێته‌كانى هه‌ولێر ده‌فرۆشێت. رابه‌ر ده‌ڵێت: "له سلێمانی خواست له‌سه‌ر نانی تیری زۆر باشه و پاره‌ی زیاتریش ده‌كات له‌چاو هه‌ولێر، به‌ڵام ئێمه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه له‌گه‌ڵ چه‌ند ماركێتێكی هه‌ولێر رێككه‌وتین كه به‌رده‌وام نانیان بۆ دابین بكه‌ین".
ئه‌گه‌رچى پزیشكان به‌رده‌وام هۆشدارى ده‌ده‌ن كه نان هۆكارى قه‌ڵه‌وییه، به‌ڵام زۆربه‌ى خه‌ڵك ناتوانن ده‌ستبه‌ردارى ببن. به گوته‌ى رابه‌ر خواست له‌سه‌ر نان به‌پێى وه‌رزه‌كان ده‌گۆڕێ "له وه‌رزی به‌هاردا، به تایبه‌تى له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ى نه‌ورۆز، فرۆشمان به‌ڕادده‌یه‌ك زیاد ده‌بێ، ئه‌گه‌ر شه‌و و رۆژ كار بكه‌ین هێشتا پێڕاناگه‌ین، به‌ڵام له وه‌رزی زستاندا فرۆشمان كه‌م ده‌بێته‌وه".
ئه‌م پیشه‌یه به‌تایبه‌تی له ده‌ڤه‌ری راپه‌ڕین بره‌وی په‌یدا كردووه. به‌گوێره‌ی ئامارێك كه (رووداو) له خاوه‌ن كارگه‌كانی ئه‌و ده‌ڤه‌ره ده‌ستیكه‌وتووه، نزیكه‌ی 100 كارگه‌ی دروستكردنی نانی تیری له‌و ده‌ڤه‌ره هه‌ن، له ده‌ره‌وه‌ی كارگه‌كانیش، له سه‌تان ماڵی ئه‌و ده‌ڤه‌ره نانی تیری له‌سه‌ر خواستی دووكاندار و ماركێته‌كانى هه‌ولێر و سلێمانی دروست ده‌كرێن، بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی خواستی بازاڕیش هه‌ندێ خاوه‌ن كارگه ئامێری تایبه‌ت به شێلانى هه‌ویر و برژاندنى نان به‌كاردێنن. ئێستا كێبڕكێیه‌كى توند كه‌وتووه‌ته نێوان كارگه‌كان و نرخی سێتێكی په‌نجا نانی له هه‌ندێك كارگه به 9 هه‌زار دیناره.
فه‌ریدوون عوسمان، خاوه‌نی كارگه‌ی مه‌روا بۆ دروستكردنی نانی تیری له رانیه، رۆژانه 5000 نان دروست ده‌كات. ئه‌و ده‌ڵێت: "بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی خواستی بازاڕ توانیم كارگه‌كه‌م له‌ڕێگه‌ی دروستكردنی هه‌ندێ ئامێری تایبه‌ت كه بیرۆكه‌ی خۆم بوو، گه‌شه پێبده‌م، ئێستا له‌م وه‌رزه‌دا رۆژانه 4500 بۆ 5000 نان به كۆ ده‌فرۆشین".
له كارگه‌كه‌ی فه‌ریدوون 22 ئافره‌ت كارده‌كه‌ن كه 12 یان ده‌رچووی زانكۆن و دانه‌مه‌زراون. فه‌ریدوون ده‌ڵێت: "هه‌ر كرێكارێك به‌گوێره‌ی كاری خۆی هه‌فتانه 90 تاوه‌كو 130 هه‌زار دینار داهاتی هه‌یه. كارگه‌كه‌مان بووه‌ته سه‌رچاوه‌ی داهات بۆ 15 خێزان".
به گوته‌ى فه‌ره‌یدوون، ته‌نیا له ده‌ڤه‌رى پشده‌ر و بیتوێن، نزیكه‌ى 100 كارگه‌ى دروستكردنى نانى تیرى هه‌ن، ئه‌وه جگه له‌و ماڵانه‌ى له‌سه‌ر داواى دووكاندار و ماركێته‌كان نانى تیرى دروست ده‌كه‌ن. فه‌ره‌یدوون ده‌ڵێت: "هیچ كارگه‌یه‌ك رۆژانه له 2500 نان كه‌متر دروست ناكات، له ماڵه‌كانیش نان ده‌كرێ، بۆیه له‌و باوه‌ڕه‌دام رۆژانه 300 هه‌زار نان له پشده‌ر و بیتوێنه‌وه بۆ هه‌ولێر و سلێمانى ره‌وانه بكرێ".
رۆژ له‌دوای رۆژ له شاری هه‌ولێر فرۆشگای تازه‌ی نانی تیری ده‌كرێنه‌وه، له به‌شێك له ماركێته‌كانیش نانی تیری ده‌فرۆشرێت .
حاجی ره‌فیق سه‌عید، خاوه‌نی پێشانگای نانی تیری كورده‌واری له هه‌ولێر كه ماوه‌ی سێ ساڵه پێشانگاكه‌ی بۆ فرۆشتنی نانی تیری و هه‌نگوین و سركه‌ی كورده‌واری ته‌رخان كردووه، ده‌ڵێت: "رۆژ له دوای رۆژ خواست له‌سه‌ر نانی تیری زیاد ده‌كات، هۆكاره‌كه‌شی ئه‌وه‌یه ئه‌م نانه له رووی ئابووری و ته‌ندروستییه‌وه زۆر باشتره له سه‌موون و نانی فڕن، چونكه هه‌ركات بته‌وێت له ماڵ هه‌یه و تێكناچێت، خومره و سۆده‌ى تێناكرێ، به‌هۆی برژاندنیشه‌وه هیچ گرفتێك بۆ گه‌ده دروست ناكات ، بۆیه خه‌ڵكێكی زۆر له شاره‌كان جارێكی دیكه گه‌ڕاونه‌ته‌وه سه‌ر خواردنی نانی تیری".
گوتیشى: "ئێستا زیاتر له 50 دووكان و پێشانگای تایبه‌ت به فرۆشتنی نانی تیری له هه‌ولێر هه‌ن".
له پێشانگاكانی هه‌ولێر نرخی 50 دانه نانی تیری له 11 هه‌زار و 500 دیناره‌وه ده‌ستپێده‌كات تاوه‌كو 20 هه‌زار. حاجی ره‌فیق باسى ئه‌و جیاوازی نرخه ده‌كات و ده‌ڵێت: "هه‌ندێك كارگه له فه‌رده‌یه‌كی ئارد 600 نان دروست ده‌كه‌ن و نانه‌كانیان ته‌نكه، بۆیه هه‌رزانتر ده‌یفرۆشن، هه‌شیانه 500 نان دروست ده‌كه‌ن، ئێمه له رێگه‌ی چه‌ند خێزانێكه‌وه له رانیه نانی پێویست بۆ پێشانگاكه‌مان دروست ده‌كه‌ین، له فه‌رده‌یه‌ك 400 نان دروست ده‌كه‌ین، هه‌ر نانێك 120 بۆ 125 گرام ده‌بێت ، بۆیه 50 نان به 14 هه‌زار ده‌فرۆشین".
نانكه‌ره‌كان خه‌ڵات ده‌كرێن
حوسێن ئیبراهیم، قایمقامی قه‌زای رانیه ده‌ڵێت: "به‌هۆی قه‌یرانی دارایی و كه‌میی كار له ده‌ڤه‌ری راپه‌ڕین، له دوو سێ ساڵی رابردوودا له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك گه‌نجی ناوچه‌كه‌وه ژماره‌یه‌كی زۆر كارگه‌ی بچووكی دروستكردنی نانی تیری دامه‌زراون، له‌ڕێگه‌یانه‌وه ده‌رفه‌تی كار بۆ سه‌تان كرێكاری ژن دروست بووه، ئه‌مه‌ش مایه‌ی خۆشحاڵییه. به‌هۆی رێكوپێكی كاره‌كانیشیان تا ئێستا چه‌ند جارێك دیاریمان به چه‌ند ئافره‌تێك به‌خشیوه".
سه‌باره‌ت به ژماره‌ى كارگه‌كانى نانى تیرى له رانیه، حوسێن ئیبراهیم گوتى: "هه‌رچه‌نده رووپێویمان نه‌كردووه بزانین چه‌ند كارگه هه‌ن، به‌ڵام ته‌نیا له نێو سه‌نته‌رى قه‌زاى رانیه 22 كارگه‌ى دروستكردنى نانى تیرى هه‌ن. ره‌نگه له سنوورى ئیداره‌ى راپه‌ڕینیش 80 بۆ 100 كارگه‌یه‌ك هه‌بن".