نرخی زێڕ لە بەرزترین ئاستەکانی مێژوو مامەڵەی پێوە دەکرێت

رووداو دیجیتاڵ

نرخی زێڕ ئەمڕۆ لە نزیک بەرزترین ئاستەکانی خۆی لە مێژوودا مامەڵەی پێوە دەکرێت، کە لە کۆبوونەوەی رابردووی بازاڕدا پێی گەیشت.
 
یەک ئۆنسە زێڕ لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، ئەمڕۆ (سێشەممە، 4-2-2025) بە 2820 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت، لەکاتێکدا  ئێوارەی دوێنێ توانی بگاتە 2830 دۆلار، کە ئەمە بەرزترین ئاستی نرخی کانزا زەردەکەیە لە مێژوودا.
 
نیگەرانی لە سەرهەڵدانەوەی هەڵاوسان لە ئەمریکا و ناڕوونیی پەیوەست بە پێناسە گومرگییەکان کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بەنیازە لەسەر هاوبەشە بازرگانییەکانی بیسەپێنێت، لەلایەن شارەزایانەوە بە هۆکاری بەرزبوونەوەی مێژوویی نرخی زێڕ دادەنرێت.
 
رۆژی دووشەممە، سەرۆکی ئەمریکا دوای ئەوەی بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی کەنەدا و سەرۆکی مەکسیک کرد، جێبەجێکردنی پێناسی گومرگی بەڕێژەی 25٪، بەسەر هاوردەکردنی بەرهەمی ئەو دوو وڵاتە بۆ ماوەی 30 رۆژ هەڵپەسارد، لەبەرامبەردا ئەو دوو وڵاتە بەڵێنیان دا بە تووندوتۆڵکردنی سنوورەکانیان لەگەڵ ئەمریکا.
 
بەڵام پێناسی گومرگیی 10٪ لەسەر چین لەلایەن ترەمپەوە نەگۆڕدراوە و بڕیارە لەمڕۆوە جێبەجێ بکرێت.
 
یپ جوون رۆنگ، شرۆڤەکاری کۆمپانیای راوێژکاریی (IG) لەو بارەیەوە دەڵێت، "لە ژینگەیەکی وەک ئێستا کە رووداوە سیاسییەکان زۆر گۆڕانکارییان بەسەردا دێت، نرخی زێڕ بە ئەگەری زۆرەوە پارێزگاری لە ئاستە بەرزەکانی دەکات."
 
ئەو شرۆڤەکارە دەڵێت، نرخی زێڕ دەتوانێت لە ماوەیەکی کەمدا بگاتە ئاستی 2874 دۆلار و دوای ئەوەش دەتوانێت ئاستی 3000 دۆلار بەدەستبهێنێت.

 

لە بازاڕی هەولێر بەپێی سەندیکای زێڕنگران، ئەمڕۆ نرخی زێڕ بەمشێوەیەیە: 
 
ئۆنسەی زێڕ بە 2812 دۆلارە، لەکاتێکدا نرخی دۆلار بە 150 هەزار و 300 دینار هەژماردەکرێت. 
 
نرخی مسقاڵی زێڕ بەپێی عەیار:
 
زێڕی عەیار 24 بە 675 هەزار دینارە 
زێڕی عەیار 22 بە 618 هەزار دینارە 
زێڕی عەیار 21 بە 590 هەزار دینارە  
زێڕی عەیار 18 بە 505 هەزار دینارە 
 
هەر گۆڕانکارییەک له نرخەكانی زێڕ، پەيوەستە بە بەرزبوونەوە و نزمبوونەوەى بەهای دینار لە بازاڕەكانى هەرێمی کوردستان و كردنەوەى بۆرسەكانى جيهان، بەپێی سەندیکای زێڕنگرانی هەولێر.