مامەڵەی بازرگانان بەهۆی بڕیارێکی ترەمپ بووە هۆی دابەزینی نرخی زێڕ
رووداو دیجیتاڵ
نرخی زێڕ لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا دابەزی، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە بازرگانان بە وریاییەوە مامەڵەکانیان ئەنجامداوە، بەتایبەتی لەبەر چوونە بواری جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دۆناڵد ترەمپ لەسەر سەپاندنی پێناسی گومرکی بەسەر هاوبەشە بازرگانییەکانیدا.
نرخی یەک ئۆنسە زێڕ ئەمڕۆ (سێشەممە، 4-3-2025) بەڕێژەی 0.3٪ دابەزی و بە 2885 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا، هەروەها نرخی ئۆنسەیەک زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتووشدا بەڕێژەی 0.2٪ دابەزی و بە 2895 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت.
کایل رۆدا، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاریی کاپیتاڵ دۆت کۆم لەو بارەیەوە رایگەیاند، "دابەزینی نرخی زێڕ، هاوکاتە لەگەڵ دابەزینی کۆی بازاڕەکانی جیهان و ئەگەری دابەزینی نرخی زێڕ بۆ 2700 دۆلار هەیە، پێش ئەوەی دووبارە ئاراستەی بەرزبوونەوە بگرێت."
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندووە لە کاژێر 08:00ی بەیانی (بە کاتی هەولێر) پێناسی گومرگیی 25٪ بەسەر کەنەدا و مەکسیک دەڕواتە بواری جێبەجێکردنەوە.، هەروەها رێژەی پێناسە گومرگییەکانی سەر چینیشی دووهێندە بەرزکردووەتەوە بۆ 20٪.
سەپاندنی پێناسی گومرگی، بەپێی ئابووریناسان دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی هەڵاوسان لە ئەمریکا.
هەرچەندە نیگەرانی لە سەرهەڵدانی شەڕی بازرگانی بەتەنیا لەمساڵدا نرخی زێڕی بەڕێژەی 10٪ بەرزکردووەتەوە، بەڵام ئەگەر هەڵاوسان لە ئەمریکا بەرەو بەرزبوونەوە بڕوات، کاریگەریی گەورە لەسەر روانگە و سیاسەتی نەختیی بانکی ناوەندی ئەمریکا جێدەهێڵێت.
بانکی ناوەندیی ئەمریکا ناچارە کۆتایی بە سیاسەتی کەمکردنەوەی سوودی بانکی بهێنێت بۆ کۆنترۆڵکردنی هەڵاوسان، ئەوەش زیان لە نرخی زێڕ دەدات.
لەگەڵ ئەوەشدا بانکی جەی پی مۆرگن پێداگرە لە پێشبینییەکانی پێشووی و دەڵێت؛ نرخی زێڕ، تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ بە ئەگەری زۆرەوە 3000 دۆلار بەخۆیەوە دەبینێت.