ئەندامێکى لیژنەى دارایی: بودجەى 2025ى عێراق کەمدەبێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق راگەیاند، پێشبینی دەکرێت بودجەى 2025 لە دوو ساڵى رابردوو کەمتر بێت بەهۆى ئەوەى کورتهێنان لە خەڵمێنراوەوە دەبێتە راستەقینە.
جەمال کۆچەر، ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، پێشبینی دەکرێت بودجەى 2025 لە دوو ساڵى پێش خۆى کەمتر بێت، بەڵام نابێت لە 120 تریلیۆن دینار کەمتر بێت، کە ئەوە جێگیرە.
بودجەى ساڵى 2023 زیاتر لە 199 تریلیۆن دینار بوو، بۆ ساڵى 2024 قەبارەی بودجە گەیشتە زیاتر لە 211 ترلیۆن دینار.
جەمال کۆچەر رایگەیاند، کەمبوونەوەى بودجەى 2025 پەیوەندى بەوە هەیە لە هەردوو بودجەى 2023 و2024ى عێراق کورتهێنان خەمڵێنراو بووە، بەڵام بۆ ئەم ساڵ کە کۆتا ساڵى یاساى بودجەیە، ئەو کورتهێنانە دەبێتە راستەقینە.
کورتهێنانى بودجەى عێراق بۆ 2024 گەیشتە زیاتر لە 84 تریلیۆن دینار، کە 20 تریلیۆن دینارى لە ساڵى 2023 زیاتر بوو.
لە کۆى 211 تریلیۆن دینارى خەرجى خەمڵێنراوى بودجە لە ساڵى 2024 تاوەکو مانگى تشرینى دووەمى ئەو ساڵە 136 تریلیۆن دینارى لێ خەرجکراوە.
تائێستا خشتەکانی بودجەی 2025 نەنێردراون بۆ پەرلەمان تاوەکو پەسندیان بکات، سەبارەت بە کاتی ناردنەکەی، جەمال کۆچەر گوتی: "کاتەکەی دوانەکەوتووە، ساڵی رابردووش مانگی چوار خشتەکان نێردران و مانگی پێنج پەسندکران".