هەولێر داهاتی نەوت نەنێرێت، بەغداش پارە نانێرێت

 رووداو - هەولێر

هەتا دێت پەرلەمانتاران و شارەزایانی كوردستان زیاتر دەگەنە ئەو بڕوایەی كە هەولێر هیچ رێگەیەكی دیكەی لەبەردەمدا نەماوە جگە لەوەی لەگەڵ بەغدا رێكبكەوێت، لە كاتێكدا ئەگەر بەغدا لەبەرامبەر رادەستكردنی هەموو داهاتی نەوتی كوردستان و كۆنتڕۆڵكردنی هەموو خاڵە سنوورییەكان ئامادە بێت پارە بۆ كوردستان بنێرێ.

عیزەت سابیر، سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان بە (رووداو)ی گوت: "مادام هەرێمی كوردستان بەشێكە لە عێراق، كەواتە هیچ رێگەیەكی دیكەمان نییە جگە لەوەی لەگەڵ بەغدا دیالۆگ بكەین و بگەینە رێككەوتنێك، هەندێك لە مادەكانی دەستوور دەسەڵاتی مامەڵەكردن لەو بوارانەدا بە تەواوەتی بە بەغدا دەدەن، لەوانە خاڵە سنوورییەكان، فڕۆكەخانە و چاپكردنی پارە. هەموو ئەمانە لە ژێر دەسەڵاتی حكومەتی عێراقدان، نەك هەرێمی كوردستان".

شەش مانگە پەیوەندییەكانی نێوان بەغدا و هەولێر گرژییەكی زۆریان تێكەوتووە، ئەمەش دوای گشتپرسی سەربەخۆیی كوردستان و هێرشی هێزە عێراقییەكان بۆ سەر ناوچە كێشە لەسەرەكان، بەڵام دوای ئەو شەش مانگە، هەردوو لایەن لە ناوەڕاستی مانگی ئادار لەسەر كردنەوەی فڕۆكەخانەكانی كوردستان بەڕووی گەشتە نێودەوڵەتییەكاندا رێككەوتن. 

سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان بە گەشبینییەوە لەو رێككەوتنانە دەڕوانێت و دەڵێت "هەموو رێككەوتنێكی نێوان بەغدا و هەولێر هیوا بۆ خەڵك دەگەڕێنێتەوە و خەڵك متمانەیان بە خۆیان و بازاڕ و دەوروبەریان زیاتر دەبێت". بەڵام عیززەت سابیر پێیوایە رێككەوتنەكانی ئەمدواییەی نێوان بەغدا و هەولێر بەس نین و كاری زیاتر پێویستە.

زۆر كەس وای بۆ دەچن كە ئەم رێككەوتنە بەهۆی گوشاری ئەمریكا بووبێت، بەتایبەتی لەوكاتەی كە وادەی هەڵبژاردنە گشتییەكانی عێراق نزیك دەبێتەوە.

ئاوارە بەختیار، مامۆستای زانكۆی سەلاحەدین، لەوبارەیەوە بە (رووداو)ی گوت: "بەشێكی زۆری بۆ گوشاری ئەمریكا دەگەڕێتەوە كە دەیەوێت هەرێمی كوردستان لە عێراقدا بەهێز بێت، چونكە واشنتن نایەوێ هیلالی شیعی لە عێراقدا شێوەگیر ببێت و حكومەتی عێراق رادەستی شیعەكان بكرێ". 

پێش نەورۆز بەغدا 317 ملیار دیناری بۆ مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان نارد. سەرەتا چاوەڕێ دەكرا بەو پارەیە مووچەی تەواوی فەرمانبەرانی هەردوو وەزارەتی تەندروستی و پەروەردە بدرێت، بەڵام پارەكە بەسەر هەموو فەرمانبەرانی كوردستاندا دابەش كرا، بە پلە باڵاكانیشەوە.

بەهۆی ئەم بڕیارەوە فەرمانبەرانی كەرتی تەندروستی و پەروەردە دەستیان بە مانگرتن كرد. هۆشیار عەبدوڵڵا، نوێنەری گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق، بە توندی رەخنەی لە سەرۆكوەزیرانی عێراق كرد و رایگەیاند كە ئەوان داوایان لە حكومەتی بەغدا كردبوو راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان نەكەن، بەڵكو مامەڵە لەگەڵ پارێزگاكاندا بكرێت.
 
ئەندام پەرلەمانەكەی گۆڕان تەنانەت بانگەشەی ئەوەشی كرد كە عەبادی ترساوە لەوەی رێككەوتنێك لە نێوان نووری مالیكی، سەرۆكی حیزبی دەعوە و پارتی دیموكراتی كوردستاندا بێتە ئاراوە، بۆیەش بە پەلە لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستاندا رێككەوت.

ئاوارە بەختیار بەدووری نازانێت رێككەوتنێكی ژێربەژێر لەسەر ئەو پارەیە كرابێ و میدیا پێی نەزانیبێ، هەرچەندە دیاریش نییە عەبادی چۆن بوو كە دواجار بڕیاری دا 317 ملیار دینارەكە بۆ كوردستان بنێرێت. مامۆستاكەی زانكۆی سەلاحەدین دەڵێت "ئێمە پێشتر گوێمان لە لێدوانەكانی عەبادی ببوو: ئەو دەیگوت تاوەكو ئەوكاتەی نەوت، خاڵە سنوورییەكان، فڕۆكەخانەكان و گومرك رادەستی حكومەتی عێراق نەكرێت، ئەوانیش هیچ مووچەیەك نانێرن".

ئاوارە بەختیار ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات كە لە پڕۆژەی بودجەی عێراقدا بڕگەیەك هەیە باسی ئەوە دەكات ئەگەر كوردستان داهاتی نەوت رەوانەی بەغدا نەكات، ئەوە حكومەتی عێراق بەشێك لە بودجەكە بۆ هەرێمی كوردستان دەنێرێ و بەشەكەی دیكەی دەبێ بە داهاتی نەوتی حكومەتی هەرێمی كوردستان پڕبكرێتەوە. حكومەتی هەرێمی كوردستان تاوەكو ئێستا داهاتی نەوتی بە بەغدا نەداوە.

عیزەت سابیریش لەوبارەیەوە دەڵێت: "ئەوەی هەیە پەیوەندی بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقەوە هەیە. ئەگەر حكومەتی هەرێمی كوردستان داهاتی نەوت نەداتە دەست حكومەتی عێراق، ئەوە بێگومان حكومەتی بەغداش ناردنی بودجە رادەگرێت. پێموابێت حكومەتی عێراق 317 ملیار دیناری دیكەش دەنێرێت، پاشان چاوەڕێی هەرێمی كوردستان دەكات بۆ ئەوەی بزانێ ئاخۆ هەولێر داهاتی نەوتی رادەست دەكات یان نا". بە بۆچوونی بەرپرسی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان ئەگەر هەولێر داهاتی نەوت رادەستی بەغدا نەكات، ئەوە حكومەتی عێراقیش بودجەكە نانێرێ.

ئەندام پەرلەمانەكەی كوردستان بڕوای وایە تاكە رێگەیەك مابێتەوە ئەوەیە لەگەڵ حكومەتی عێراق رێكبكەوین و دەڵێت "باشترین چارەسەر ئەوەیە حكومەتی عێراق لەسەر بنەمای مادەكانی دەستوور مامەڵەمان لەگەڵ بكات، وەك چۆن ئێمەش دەبێ لەسەر هەمان بنەما مامەڵە لەگەڵ ئەواندا بكەین. زۆر مادەی دەستووریش هەن كە لە بەرژەوەندی گەلی كوردستانن، بەڵام حكومەتی هەرێمی كوردستان تاوەكو ئێستا بەپێی پێویست كاری لەسەر نەكردوون".

عیزەت سابیر ئاماژەی بۆ هەندێك لەو بوارانە كرد كە تێیاندا دەستوور لە قازانجی هەرێمی كوردستانە، لەوانەش قەرەبووكردنەوەی بەندكراوە سیاسییە كوردەكانی سەردەمی رژێمی پێشووی عێراق، یان قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە. جیا لەمانە، حكومەتی عێراق دەبێ پارە بۆ ئەو ناوچانەش تەرخان بكات كە بەهۆی سیاسەتەكانی رژێمی پێشووەوە وێران كرابوون.

تاوەكو ئێستا دیار نییە حكومەتی هەرێمی كوردستان بەهێزترین كارتی بەردەستی خۆی، واتە داهاتی نەوت، رادەستی بەغدا دەكات یان نا، بەڵام لە حاڵێكدا كە هەڵبژاردنی گشتیی عێراقی تێدا دەكرێت و خۆپیشاندانەكانیش بەردەوامن، بژارەكانی بەردەستی هەولێر زۆر سنووردارن.