دامەزراوەی ئاماری تورکیا: هەڵاوسانی ساڵانە 32%ــە


رووداو دیجیتاڵ
  
دامەزراوەی ئاماری تورکیا دەڵێ، لە مانگی نیسانی ئەم ساڵدا هەڵاوسان لە تورکیا و باکووری کوردستان 4.18% و لەسەر ئاستی ساڵانەش 32.37% بووە، بەڵام بەگوێرەی راپۆرتی گرووپی لێکۆڵینەوەی هەڵاوسان، هەڵاوسان لەم مانگەدا 5.07% و لەسەر ئاستی ساڵانەش 55.38% بووە.
 
دامەزراوەی ئاماری تورکیا کە دامەزراوەیەکی فەرمی حکومەتە و گرووپی لێکۆڵینەوەی هەڵاوسان کە دامەزراوەیەکی سەربەخۆیە ئەمرۆ دووشەممە، چواری ئایاری 2026، قەبارەی هەڵاوسانی مانگی نیسانی 2026 و ساڵانەیان بڵاوکردەوە. جیاوازییەکی زۆر لەنێوان ئاماری هەردوو دامەزراوەکەدا هەیە.
 
بەپێی داتاکانی دامەزراوەی ئاماری تورکیا، هەڵاوسانی مانگی نیسان 4.18% و لەسەر ئاستی ساڵانەش 32.37% بووە، بەڵام بەگوێرەی راپۆرتی گرووپی لێکۆڵینەوەی هەڵاوسان، لە مانگی نیساندا هەڵاوسان  5.07% و لەسەر ئاستی ساڵانەش 55.38% بووە.
 
بە بڵاوکردنەوەی داتاکانی هەڵاوسانی مانگی نیسان، رێژەی زیادکردنی کرێی خانوو و شوێنی کار نوێ دەکرێنەوە.
 
بەپێی داتاکانی دامەزراوەی ئاماری تورکیا بۆ تێکڕای 12 مانگی رابردووی هەڵاوسان، بەرزترین رێژەی زیادکردن کە لە مانگی نیساندا بۆ کرێی خانوو و شوێنی کار جێبەجێ دەکرێت، بە رێژەی 32.43% هەژمارکرا.
 
مانگی رابردوو، بەرزترین رێژەی زیادکردن بۆ کرێی خانوو و شوێنکار بە رێژەی 32.82% تۆمارکرابوو.
 
پێنوێنە پێشوەختەکان ئاماژەیان بە بەرزبوونەوە دابوو
 
پێنوێنە پێشوەختەکانی مانگی نیسانیش ئاماژەیان بە بەرزبوونەوەی هەڵاوسانی مانگانە دابوو. بەپێی داتاکانی ژووری بازرگانیی ئیستەنبووڵ، بەرزبوونەوەی مانگانەی نرخی تاکفرۆشی لە ئیستەنبووڵ بە رێژەی 3.74% تۆمارکرا. هەڵاوسانی ساڵانەش 36.83% بوو.
 
هەڵاوسانی مانگانەی خۆراکی تورک-ئیش لە مانگی نیساندا 5.5% بوو، هەڵاوسانی ساڵانەش لە ئاستی 43.90%ـدا بوو.
 
بانکی ناوەندیی تورکیا، لە کۆبوونەوەی مانگی نیساندا سوودی بانکی نەگۆڕی و لە 37% ـدا بەجێگری هێشتەوە، بەڵام ئاماژەی بەوەدا کە چاودێریی کاریگەرییەکانی جەنگی ئێران دەکات و رایگەیاندبوو، "لەکاتێکدا پێنوێنەکان ئاماژە بە هێواشبوونەوەی چالاکییە ئابوورییەکان دەکەن، کاریگەرییە لاوەکییە ئەگەرییەکانی پێشهاتەکانی ئەم دواییە لەسەر دۆخی هەڵاوسان، گرنگ دەبن."
 
لە پوختەی کۆبوونەوەکەدا کە دواتر بڵاوکرایەوە، ئەوە خرایەڕوو کە نادڵنیایی سەبارەت بە دۆخی هەڵاوسان بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە.