سەرۆکی کۆمپانیای تۆیۆتا بەهۆی 'ساختەکاری لە تاقیکردنەوەی ئۆتۆمبێلەکان' داوای لێبوردن دەکات

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی کۆمپانیای تۆیۆتا، کە یەکەم درووشمی کۆمپانیاکەی "ئاستی بەرزی ئۆتۆمبێلەکانییەتی لەڕووی سەلامەتییەوە'' داوای لێبوردن دەکات بەهۆی ئەو ساختەکارییەی لە تاقیکردنەوەی ئۆتۆمبێلەکاندا کراوە.
 
دوای ئەوەی سەرپێچی یاسایی لەلایەن ئەو کۆمپانیایە بەدیکرا، کە پەیوەستە بە وەرگرتنی مۆڵەتی بەرهەمهێنانی چەندین جۆر لە ئۆتۆمبێلەکانی کۆمپانیاکە. بەرپرسانی وەزارەتی گواستنەوەی ژاپۆن دەستیان بە لێكۆڵینەوە لە نووسینگەکانی تۆیۆتا کرد.
 
ساختەکاری لە مۆڵەتی ئۆتۆمبێلەکان پەیوەستە بە دەستکاریکردنی داتاکانی تاقیکردنەوەی ئۆتۆمبێلەکان لە بەرامبەر تێکشکان، هەروەها تاقیکردنەوەی پەیوەست بە کیسەی هەوا (ئێرباگ) و کۆرسی دواوەی ئۆتۆمبێلەکان. "داتاکانیان دەستکاری کراون یان داتای کۆن رادەستی بەرپرسانی وەزارەتی گواستنەوەی ژاپۆن کراوە. لە هەندێ جۆری ئۆتۆمبێلەکانیشدا تاقیکردنەوەی بزووێنەریش دەستکاری کراوە."
 
تاوەکو ئێستا تۆیۆتا تاکە کۆمپانیای ژاپۆنییە کە رووبەڕووی لێکۆڵینەوەی بەرپرسانی وڵاتەکەی بووەتەوە لە ئاستی نووسینگەکانی لەسەر ئەو تۆمەتانە.
 
وەزارەتی گواستنەوەی ژاپۆن رۆژی دووشەممە رایگەیاند، "کۆمپانیاکانی تۆیۆتا، مازدا، هۆندا، سوزوکی و یاماها لە کاتی وەرگرتنی مۆڵەت بۆ بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلەکانیان، ساختەکاری و دەستکاری داتاکانیان کردووە."
 
ئاکیۆ تۆیۆتا، سەرۆکی کۆمپانیای تۆیۆتا کە نەوەی دامەزرێنەری کۆمپانیای تۆیۆتایە، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا داوای لێبووردنی لە خاوەن پشکەکان، هەوادارانی ئۆتۆمبێل و لایەنە پەیوەندیدارەکانی پیشەسازی ئۆتۆمبێلی ژاپۆن کرد.
 
بانکی گۆڵدمان ساکس، یەکێک لە گەورەترین بانکەکانی جیهان، لەو بارەیەوە رایگەیاند، "لەمەودوا دەبێت شێوازی بەڕێوەبردن لە کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل لە ژاپۆن بەهێز بکرێت، بەتایبەتی لە بواری پابەندبوون بە یاسا و رێساکان."
 
بەهۆی ئەو دۆسیەوە، بەهای پشکەکانی کۆمپانیای تۆیۆتا و مازدا و سوزووکی نزیکەی 3٪ لە بازاڕی بۆرسەی ژاپۆندا دابەزین.
 
لە دوای لێکۆڵینەوەی وەزارەتی گواستنەوەی ژاپۆن، کۆمپانیای تۆیۆتا و مازدا گواستنەوە و رادەستکردنی چەندین مۆدێل لە ئۆتۆمبێلەکانیان راگرت.
 
کۆمپانیای تۆیۆتا هەروەها بەرهەمهێنانی مۆدێلەکانی وەک (کۆرۆلا فیڵدەر)، ( کۆرۆلا ئاکسیۆ) و (یاریس کراس)ـی راگرت.
 
کۆمپانیای تۆیۆتا رایگەیاند، ئەو کێشەیە نابێتە هۆکار بۆ ئەوەی کاریگەریی نەرێنی بکەوێتە سەر سەلامەتیی ئەو ئۆتۆمبێلانەی ئێستا کاردەکەن و کاریان پێدەکرێت، لەنێویشیاندا ئۆتۆمبێلی جۆری کۆرۆلا و لێکزیز.
 
کۆمپانیای مازداش دوای راگەیاندنی وەزارەتی گواستنەوەی ژاپۆن، بەرهەمهێنانی جۆرەکانی (رۆدستێر) و ( مازدا ٢)ـی راگرت و داوای لێبووردنی لە خاوەن پشکەکان و کڕیارانی ئۆتۆمبێلەکانی کرد بۆ ئەو ساختەکارییە کراوە لە تاقیکردنەوەکانی پەیوەست بە دەنگی بزووێنەر و هێزی ئۆتۆمبێلەکان. 
 
مازدا رایگەیاند "ئەو ساختەکارییانە بۆ چەندین جۆری ئۆتۆمبێلەکانی کراون وەک ( ئاکۆرد)، ( ئۆدیسی) و ( فیت)"، کە ئێستا بەرهەمیان ناهێنێت.