کۆرۆنا زیانی نیو ملیار دۆلاری لە کەرتی گەشتیاریی هەرێمی کوردستان داوە


رووداو دیجیتاڵ 

کۆرۆنا لە جیهان بەگشتی و هەرێمی کوردستانیش زیانی بە هەموو کەرتەکان گەیاندووە، بەڵام زۆرترین زیان بەر کەرتی گەشتوگوزار کەوتووە، لەبەر ئەوەی یەکەم شوێن بووە کە داخراوە و دوایین کەرتیشە کە رێکارەکانی لەسەر هەڵدەگیرێت. گوتەبێژی دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەپێی خەمڵاندنەکانی ئەوان، تەنیا لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا کۆرۆنا زیانی نیو ملیار دۆلاری لە کەرتی گەشتیاریی هەرێمی کوردستان داوە.
 
نادر رووستی، گوتەبێژی دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی رابردوو، یەک ملیۆن و 850 هەزار گەشتیار هاتبوونە هەرێمی کوردستان، بە خەمڵاندنی ئەوان هەر گەشتیارێک 300 دۆلار خەرجدەکات، بەو خەمڵاندنە بێت، ئەوا نزیکەی 500 ملیۆن دۆلار داهاتی کەرتی گەشتیاری بووە، بەڵام ئەمساڵ گەشتیاریی لە ئاستی سفر هەژمارکراوە و  رووستی دەڵێ "دەتوانین بڵێین نیو ملیار دۆلار زیانمان بەرکەوتووە".
 
شوێنە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان بە تەواوی داخراون و زیانی زۆریان بەرکەوتووە، هەندێک پڕۆژەی گەشتیاریی ناتوانن مووچەی کارمەندەکانیشیان بدەن، لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 3300 بنکە و شوێنی گەشتیاری هەن، ئەگەر هەر شوێنێک 5 کەس تێیدا کار بکەن، ئەوا زیاتر لە 15 هەزار کەس کە لەو کەرتەدا کاردەکەن و ئێستا بێ کار ماون، ئەو پڕۆژانەشی کار دەکەن داهاتیان نییە و تەنیا خەرجییان هەیە و پارە لە سەرمایەکەیان خەرجدەکەن.
 
ساڵانە لە هەرێمی کوردستان زۆرترین گەشتیار سەردانی هەولێر دەکەن، پاشان سلێمانی و دهۆک. لە هەولێر زۆرترین هۆتێل هەن و لە سلێمانیش زۆرترین کافێ و رێستۆرانت.
 
نادر رووستی ئاماژەی بە زیانی بۆردوومان، شەڕ و نائارامیش کرد و رایگەیاند، دوو جۆر زیان هەن، یەکێکیان ئەوەیە راستەوخۆ شوێنەکە زیانی پێگەیشتبێت، دووەمیشیان ئەوەیە کە رەوشەکە نائارام دەبێت و گەشتیار ناچێت "ئەو زیانەی ئێستا هەیە لە جۆری دووەمە کە نائارامی وایکردووە گەشتیار نەچێت، هەرێمی کوردستان باجی تۆپباران و بۆردوومانی تورکیا دەدات لە ناوچە سنوورییەکان کە شوێنی گەشتیارین".
 
لە بارەی پلانی پەرەپێدانی کەرتی گەشتیاریی هەرێمی کوردستان، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزار رایگەیاند، پلانێکی ستراتیژییان تاوەکو 2025 هەیە، بەڵام پلانی 2020 کە گەیاندنی ژمارەی گەشتیاران بوو بە چوار ملیۆن لە 3.7 ملیۆنەوە، شکستیهێناوە و دەڵێت: "ئێستا چاوەڕێین مەترسی کۆرۆنا کەمبێتەوە تاوەکو بتوانین رێگەچارەیەک ببینینەوە بۆ ئەوەی جووڵەی گەشتیاری ئەگەر بە تەواویش نەبێت، بە نیمچەیی دەستپێبکاتەوە".
 
زیرەك بەیە، سەرۆكی لقی هەولێری كۆمەڵەی چێشتخانە ‌و میوانخانەكانی كوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە سەرەتای مانگی ئاداری ئەمساڵەوە زۆرینەی هوتێلەكان بەهۆی كۆرۆناوە داخراون و لە كۆی 380 هۆتێلی سنووری هەولێر تەنیان 6 دانەیان كارێكی سنوورداریان هەیە، ئەویش خەڵكانێكیان تێدا كەرەنتین كراوە ئەوانی دیكە هیچ كارێكیان نییە، بۆیە داوادەکات بۆ ماوەی چوار مانگ لە باج ‌و رسووماتە جۆراوجۆرەكان ببەخشرێن ‌و نرخی كارەباشیان لەسەر هەرزان بكەن.