هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان کاریگەری لەسەر نرخەکانی نەوت داناوە

 
رووداو دیجیتاڵ 

نرخی نەوت رۆژی هەینی بەرزبووەوە، بەڵام لە ئاستی هەفتانەدا زیاتر لە 8٪ـی بەهای خۆی لەدەستدا.
 
هۆکاری دابەزینی نرخی نەوت، گەڕانەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بازاڕەکانی جیهان و ئەگەری زیاتر خستنەڕووی نەوتە لەلایەن ئۆپێک پڵەسەوە.
 
لەو کاتەی نەوتی هەرێمی کوردستان رێگەی خۆی بۆ بازاڕەکانی جیهان کردەوە، بە بەردەوامی کاریگەری لەسەر نرخی جیهانیی نەوت داناوە.
 
نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور رۆژی هەینی 42 سەنت بەرزبووەوە بە 64 دۆلار و 53 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا 40 سەنت بەرزبووەوە و بە 60 دۆلار و 88 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
لە ئاستی هەفتانەدا نرخی نەوتی برێنت بەڕێژەی 8.1٪ دابەزی و نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش بەڕێژەی 7.4٪ دابەزینی بە خۆیەوە بینی.
 
دەنیس کیسلەر، جێگری سەرۆکی کۆمپانیای راوێژکاری (بۆک فاینەنشیاڵ) لەو بارەیەوە رایگەیاند: "هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و ئەگەری زیاتر خستنەڕووی نەوت لەلایەن ئۆپێک پڵەسەوە، هۆکاری دابەزینی نرخی نەوتن".
 
رۆژی یەکشەممە، کۆبوونەوەی ئۆپێک پڵەس بەڕێوەدەچێت و تێیدا بەرهەمهێنەرانی نەوت بڕیار لەسەر بڕی خستنەڕووی نەوت بۆ مانگی 11 دەدەن.